كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
پەریهان عومەر 03/02/2022

ئەرێ خانم تەمەنت چەندە؟

ئێمەى کچان و ژنان و ئافرەت بەگشتی، هەمیشە لە یەک پرسیار دەترسین کە پیاوان، یان کوڕان، لێمان دەپرسن، پرسیارەکەش ئەوەیە: ئەرێ تەمەنت چەندە؟

من، وەکوو کچێکى کورد، دەتوانم بە بوێرییەوە بە ناوى بەشێکى زۆر لە کچان و ژنانەوە ئەو ڕاستییە بڵێم کە زۆرینەمان، یان تەمەنەکەمان بەڕاستى ناڵێین، یان زۆر دەترسین لە گوتنى و ئەگەر ناچار نەبین، وەڵام نادەینەوە؟

ئەم پرسیارە هەر لە کۆمەڵگاى ئێمەدا وا نییە، بەڵکوو ژنانى کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانیش هەمیشە گرفتیان لە وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە هەیە و وەکوو مۆتەکە دەیبینن.

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لە پیری دەترسین، خەمی ئەوەمانە بە وەڵامدانەوەى دروست و راستی ئەم پرسیارە، پیاوى ژیانمان لەدەست بچێت؟ یان بۆ تاهەتایە ئەو کەسەى خۆشمان دەوێت لێمان دوور بکەویتەوە، یان ئیتر ماڵئاواییمان لێ بکات، یان نامانەوێ کەس بە پیرمان بزانێت، بۆیە بۆ شاردنەوەى ئەو ڕاستییە، زۆر جار پەنا وەڵام نەدانەوەی پرسیارەکە یان بە وەڵامی ناڕاست، یاخود پەنا بۆ جوانکارى لە دەموچاو و جەستەمان دەبەین تا نماییشێکی کاتى بکەین.

من بە درێژایى تەمەنم بیر لەوە دەکەمەوە کە بۆچى بترسم لەوەى کە وەڵامى ئەم پرسیارە بدەمەوە؟ دواجار گەیشتمە ئەوە باوەڕەی ئیدی نەترسم لە وەڵامدانەوەى پرسیارە سەختەکە، چونکە ئەگەر تەمەن، بە واتای لاوازبوونى جەستەم بێت، هاوکات بە واتاى بەهێزبوونى عەقڵ و ئەزموونیشمە و ئەگەر تەمەن بە واتاى ژمارە و زیادبوونى لۆچەکانى دەموچاومان بێت، ئەوا بۆ ژیانمان واتاى ئەوەیە کە ئێمە لە پێچاوپێچى ژیانى هەرزەیى ڕزگارمان بووە و گەیشتووینەتە ژیانیکى ئاسایی و ئارام. خۆ هەموو شتێک لەزەتی جەستە و تام و چیژى گەنجى نییە، ئەگەر بڕیار بێت خۆشەویستى لە دڵماندا بێت، بۆچى دەبێت تەمەن ڕێگر بێت؟ ئەگەر تەمەن بۆ من عەیبە بێت، ئەوا بۆ پیاویش هەر عەیبەیە، کە لەڕاستیدا بۆ هیچ کامیان عەیبە نییە، ئیتر بۆچى من بترسم و پیاوێک نەترسێت؟

کچان و ژنان، خۆتان مەخەنە بەر نەشتەرى جوانکارى و (بۆتۆکس و فیلەر)، ئەو ترسەی لە دڵتاندایە، ڕۆژێک هەر بەرۆکتان دەگرێت، چونکە پیرى "وشترێکە لە بەردەرگاى هەموومان دادەنیشیت"، بۆیە هەر لە ئێستاوە تێکى بشکێنن، لەبرى ئەوەی خۆتان جوان بکەن، بە کردارى جوان و ڕەوشتى بەرز و باوەڕبەخۆبوون و هێزى عەقڵ و جەستەتان ژیانیکى خۆش بۆ خۆتان و ئازیزانتان دروست بکەن.