فیدراسیۆنی پەنابەران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە وڵاتی یۆنان مامەڵەی نامرۆڤانەی لەگەڵ ژمارەیەک کۆچبەر کردووە و پاشان گەڕاندووینەتەوە بۆ خاکی تورکیا لەوێ لە سەرما 9 کۆچبەر رەق بوونەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە چەند رۆژی رابردوو ژمارەیەک پەنابەر دوای گەیشتنیان بە سنووری یۆنان لەلایەن پاسەوانانی سنووری یۆنانەوە دەستگیرکراون زۆر نامرۆڤانە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە سەرەڕای دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم کەلوپەلەکانیان، پارە و پاسپۆرتەکانیشیان لێسەندوون.
ئاماژە بە ئەوەش دراوە کە پاسەوانی سنووری یۆنان جلیان لەبەر کۆچبەرەکان داکەندووە و سەرجەم کۆچبەرەکان بە ڕووتی گەڕێندراونەتەوە خاکی وڵاتی تورکیا بەڵام لەنێو خاکی تورکیا 9 لە کۆچبەرەکان لە سەرما ڕەق بوونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ناسنامەی کۆچبەرەکان ئاشکرا نەکراوە.