لە هەرێمی کوردستان بازاڕی کڕین و فرۆشتنی زێڕ جێگیر نییە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لە هەرێمی کوردستان بازاڕی کڕین و فرۆشتنی زێڕ جێگیر نییە

 زێڕنگران و بازرگانانی زێڕ باس لە هۆکارەکانی جێگیرنەبوونی کڕین و فرۆشتنی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و پێیان وایە لەبەر ئەوەی بازاڕی زێڕ، بازاڕێکی جیهانییە زۆر زەحمەتە بتوانرێت نرخی زێڕ لە هەرێمی کوردستان جێگیر بێت.

هەندرێن عەبدولڕەحمان وەرتێ، کارگێڕی سەندیکای زێڕینگەرانی هەولێر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''داخستنی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی 31\8\2020دا بە بڕیاری کاپتنی فڕۆکەوانیی عێراقی بەڕووی بازرگانیکردن بە زێڕ زیانی گەورەی لە بازرگانانی ئێمە و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دا.

کارگێڕی سەندیکای زێڕنگەڕانی هەولێر گوتیشی: ''ئەگەر باس لە هۆکاری ڕاگرتنی بازرگانیی زێڕ چ لە دوبەی و چ لە ئیستانبوڵ بکەین، هۆکارەکەی ئەوەیە کە حکوومەتی عێراقی بە بڕیاریکی حه‌یده‌ر عەبادی لە ساڵی 2017 و لە 31\8\2020 بڕیارەکەیان هێناوەتەوە بەرباس و واری جێبەجێکردن، ئاڵوگۆڕی زێڕ لەگەڵ دوبەی و ئیستانبوڵ (هاوردە و هەناردە) ڕاوەستاوە، لەبەر ئەوەی لەم ماوەیەدا تورکیاش زێڕی وەرنەگرت، هەمووی زێڕی عێراق و هەرێمی کوردستان دەچوو بۆ دوبەی''. 

چەند تۆن زێڕ لە کوردستان هەیە؟

سەبارەت بەو پرسیارە، هەندرێن عەبدولڕەحمان، ئاماژەی بەوە دا: ''هەر پێشبینییەک بکەین، ڕاست دەرناچێت و دەبێ زۆر ڕاستگۆیانە قسە بکەین، ئێمە سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێرمان هەیە، ژووری زێڕمان نییه لە هەرێمی کوردستان، ئەگەر ئێمە ژووری زێڕمان نەبێت و هیچ داتا و ئامارێکمان لەبەردەستدا نەبێت، ناتوانین لە خۆمانەوە بڵێین ئەوەندە تۆن زێڕمان لە کوردستان هەیە.''

زیاتر ڕوونی کردەوە: ''ئەگەر بێین باس لە ئاڵوگۆڕی زێڕ بکەین، دەبینین ئاڵوگۆڕێکی زۆر سادەیە و لە ئاستی پێویستدا نییە، نە خواستی هاووڵاتییان و نە هی زێڕنگەران پڕ ناکاتەوە، یانی لە بازاڕی زێڕدا هاوسەنگی نییە، بەڵکوو تەنیا بازاڕێکی لاواز بەڕێوە دەچێت و ئێستا کڕین و فرۆشتن لە کوردستان لە ئاستی پێویستدا نییە و بۆ ئەوەی ئاستی هەناردە و هاوردەی زێڕ باش بکرێتەوە، دەبێت بە سیستەمێکی جوان و تۆکمە و بەبێ جیاوازی لەگەڵ هەموو بازرگانان کار بکرێت، بەڵام ئێستا لە سلێمانی ئاڵوگۆڕی زێڕ هەیە، ئەوەی من ئاگادار بم لە هەولێرش هەیە، بەڵام جارێ هەناردە و هاوردەی باشی دەوێت.''

ناهاوسەنگی لە نرخی زێڕدا کێشەی بۆ زێڕنگەرەکان دروست كردووه‌

کارزان وەفیق عەبدولکەریم، خاوەن کارگەی زێڕ و زێڕ‌نگەر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''قاچاخ، کاریگەریی زۆری لەسەر ناوبانگی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەوەش کە تورکیا مەرجی زۆر توندی داناوە و ناتوانرێت ڕاستەوخۆ لە کوردستانەوە زیڕ بچێتە تورکیا، هەروەها عێراقیش قەدەغەی کرد زێڕ لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانەوە بڕوات بۆ دەرەوە.''

ئەم زێڕنگەرە باسی لەو کێشانە کرد کە هەیانە وەک خاوەن کارگەی زێڕنگەری و گوتی: ''کێشەی ئێمە زۆرە، هەندێ کێشە پەیوەندیی بە خۆمانەوە هه‌یه‌، ئەوەش ئەوەیە کە بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ دەکەن فڵانە زێڕ باشە و ئەوە خراپە، ئەوە یەکێک لەو کێشانەی خۆمان، ئەو کێشەیەی پەیوەندیی بە هەموو پیشەی زێڕنگەرانەوە هەیە، ناجێگیریی نرخی زێڕە و وای کردووە کە نه‌توانین بە شێوەی هاوسەنگ کڕین و فرۆشتنی زێڕ  بکەین.''

کارزان وەفیق عەبدولکەریم باسی لەوەش کرد: ''ئەو کەسانەی کە زێڕ دەکڕن، کێن؟ ئەوانەن کە تازە هاوسەرگیری دەکەن، هەروەها ئەوانەشن کە زێڕیان هەیە و دەیانەوێت بیگۆڕنەوە بە جۆری دیکە، هەشە وەک دیاری زێڕ دەکڕێت، هەروەها ئەو چینەی ئافرەتانیش هەیە کە جیا ده‌بنه‌وه‌ و مارەییەکەیان بە زێڕ دەدەنێ و زێڕیان بۆ دەکڕن''.