سەرۆک بارزانی و كلیلی چارەسەر
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
فرسەت سەید شکور 01/02/2022

سەرۆک بارزانی و كلیلی چارەسەر

تا دێت کێشە سیاسییەکانی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی "عێراق" بە تایبەت ئەوانەی ئێستا لە چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعیدا خۆیان کۆکردووەتەوە، چاوەڕێی ئەو شکست و پاشەکشەی دەنگانە نەبوون لە پرۆسەی سیاسیی عێراق، بەرەنجامەکانی دوایین ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ئەو لایەنانە تا ڕاددەیەک شۆککی تێدا بوو، ئەم پاشەكشەیە لەنێو بەشێك لە لایەنە سیاسییە کوردستانیەكانیشدا هاتە ئارا.

گەرچی ئەم ھێزانە لەڕووی ژمارەی کورسی و دەنگدەرەوە، زۆر کەم بوونەتەوە، بەڵام ئەو ئەنجامەیان پێ ھەرس ناکرێت و بە پشتگیریی وڵاتانی ئیقلیمی بە ھەڕەشە و نانەوەی ئاژاوە و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر خەڵکی عێراق و كوردستان، دەیانەوێ وێڕای دۆڕاندن لە پرۆسەی دیموكراسییدا، گرەو لەسەر بەدەستھێنانی زۆرترین پلە و پێگە و پۆستی سیاسی لە حکوومەتی داھاتووی عێراق بدەن.

ڕێککەوتنی (سەدڕ - عەرەبی سوننە - پــارتی)، لێکتێگەیشتنێکی ھاوبەشی گشتگیرە بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی "عێراق" لە داھاتوودا، بەڵام تێگەیشتن و ئەزموونی سەرۆک بارزانی بە تایبەت لە ڕۆڵگێڕانی ئاشتییانە و خستنەڕووی ئەڵتەرناتیڤی دیکە بۆ چارەسەری کێشە چەقبەستووەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان نەخاسمە بەرەی سەدڕ و "چوارچێوەی هەماهەنگی"، دەرخەری ئەوەیە کە سەرۆک بارزانی چ لە ناوخۆی عێراق، چ لە دونیای دەرەوە، خاوەن بڕیار و ئاراستەکاری داھاتووی عێراقە، ئەوەمان لە یاد نەچێت کە بە دانپێدانانی عەرەبی سوننە خۆیان، ھەر سەرۆک بارزانی بووە ھۆکاری سەرەکیی ڕێککەوتنی محەمەد حەلبووسی و خەمیس خەنجەر.

پێش گەیشتنی عێراق بەم دۆخە، ھەمیشە سەرۆك بارزانی ڕێنوێنیی خۆی بۆ ڕێککردنەوەی پەیوەندییەکان و ھێنانەدیی کەشێکی سیاسیی لەبار لە عێراق خستووەتە ڕوو، ئێستا ئەمریکا" و ئێران و زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق، چاویان لە ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانییە بۆ چارەسەری کێشە چارەنەبووەکان.

پێشنیازی سەردانی بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و محەمەد حەلبووسی بۆ نەجەف و لای موقتەدا سەدڕ، دەستپێشخەرییەکی گرنگە و ئەنجامی ئەرێنیی لە بەرژەوەندیی عێراق و هەموو پێكهاتەكانیدا دەبێت، ئەمە بە تەواوی سەلمێنەری ئەوەیە کە سەرۆک بارزانی مەرجەع و کلیلی چارەسەری کێشە سیاسییە ئاڵۆزەکانە لە عێراق، ھەموو ڕێگەکانیش ھەر دەگەڕێنەوە لای بەێزیان.

پێشتر ھەموان چاوەڕوانی دید و بۆچوونی سەرۆک بارزانی بوون، لەو پێناوەش زۆربەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ڕوویان کردە (پیرمام) و داوای پشتگیری لە سەرۆک بارزانی، چونکە ئەو ڕاستییە بۆ تەواوی عێراقییەکان ڕوون بووەتەوە کە ئێستا سەرۆك بارزانی ڕابەرایەتیی ڕەوتێکی گەورەی نەتەوەیی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق دەکات، ھەتا وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش لەو حەقیقەتە تێگەیشتوون.

لەو سۆنگەیەوە، ئێستا کە لە سەروبەندی پێکھێانی حکوومەتی نوێی عێراقداین، دەتوانین ئەوە بە ڕوونی ببینین کە بەھۆی سازش نەکردن و بەھێزیی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی وەک مەرجەع و ڕابەرێکی نەتەوەیی لە ھەرێمی کوردستان، کورد بە بەھێزییەوە لە بەغدا بێت و ئێستا لە ھەموو کات زیاتر چاو لە بۆچوونی لایەنە کوردییەکان دەکرێت بە تایبەت دوای لەگەڵبوونی عەرەبی سوننە، ھەریەکە لە تەیاری سەدڕی و چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعی، گرەو لەسەر بەدەستھێنانی پاڵپشتی لایەنە بەهێزە کوردییەکان لە بەغدا بكەن.