كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
تەحسین وسو عەبدوڵڵا 01/02/2022

هاووڵاتی لەنێوان خۆشگوزەرانی و ئازادیدا

ویستی مرۆڤەكان بۆ ئازادی، ویستێكی سروشتییە، واتە پەیوەستبوونی مرۆڤەكان بۆ ئازادی لە بەستێنێكی سروشتیی كۆمەڵایەتیی مرۆڤەوە هەڵقووڵاوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە مرۆڤەكان لە بنەڕەتدا ڕوویان لە ئازادییە، لەبەرئەوەی سەرەتای هاتنەدنیای مرۆڤ بە شێوەیەكی ئازادانەیە، كاتێكیش دێتە نێو ژینگەی كۆمەڵگە، ئەم سروشتە، لەژێر فشاری فاكتەر و هەڕەشەی جۆراجۆرەوە، بەرەو ڕووی گۆڕانكاری دەبێتەوە.

ئەم سروشتەی مرۆڤەكانیش گۆڕانی بەسەردا دێت، بەو مانایەی، بارودۆخی ژینگەی كۆمەڵگەیە سروشتی مرۆڤەكان بەرەو گۆڕانكاری ئاراستە دەكات، جا گۆڕانكارییەكان لە نێگەتیڤەوە بۆ پۆزەتیڤ بێت، یان بەپێچەوانەوە لە پۆزەتیڤەوە بۆ نێگەتیڤ بێ، بە جۆرێك، حەزەكانی مرۆڤیش بۆ ئازادی بەرەو ڕووی حاڵەتی گۆڕانكاری دەبێتەوە، كە لە ئەنجامی سەپاندنی بارێك، یان حاڵەتێك لەلایەن ژینگەی كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگەوە سەرچاوە دەگرێت.

وەك گۆڕانە كۆمەڵایەتییەكان، كە دۆخێكی نوێ دێنێتە كایەوە، ئەم دۆخە نوێیەش هەلومەرجێك دێنێتە كایەوە كە مرۆڤەكان ناچار دەكات لەپێناو بەردەوامیدان بە ژیان، ئازادی بكەنە قوربانی، لێرەدا ئیشكالیەتێك لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئازادی و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتی دروست دەبێت، ئایا كامیان بۆ هاووڵاتی لەپێش ئەوی تریانە، یان چۆن دەكرێت بەیەكەوە كار لەسەر هەر دوو چەمك بكرێت.

هەر یەك لە چەمكی خۆشگوزەرانی (Welfare) و ئازادی (liberty) دوو چەمكن، كە مشتومڕێكی زۆریان لەنێوان لایەنگران و نەیارانی دروست كردووە، لێرە پرسیارێك سەرهەڵدەدات، ئەویش ئەوەیە، ئایا هاووڵاتی (Citizen) ئەگەر سەرپشك بكرێت لەنێوان خۆشگوزەرانی و ئازادی، كامیان هەڵدەبژێرێت، ئازادی یان خۆشگوزەرانی؟

بۆ شیكردنەوەی ئەم پرسە، پێویست دەكات لە دوو گۆشەنیگاوە لێی بڕوانین، گۆشەنیگایەك، كە جەخت لەسەر ئەوە بكاتەوە، كە ئازادی بەر لە خۆشگوزەرانییە بۆ هاووڵاتی، بەو مانایەی، هاووڵاتی بەر لە هەموو شتێك ئازادیی پێویستە، ئەم تێڕوانینە بەرەوڕووی ڕەخنەی ئەوە بووەوە، كە ئەگەر هاووڵاتی نەتوانێت بە شێوەیەكی ئاسایی بژیێت، ئازادیی بۆ چییە، بەو مانایەی، با هاووڵاتی ئازادیی هەبێت، بەڵام بەبێ خۆشگوزەرانی هیچ مانایەك بۆ ژیان نامێنێتەوە.

لایەنگرانی ئەم تێڕوانینە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە ئازادی پەیوەستە بە ویست و ئیرادەی مرۆڤەكان، هیچ كاتێكیش ویست و ئیرادەی مرۆڤەكان ئەوە ناخوازێت كە دەستبەرداری ئازادی بێت لەپێناو دەستەبەركردنی پێداویستییەكان. دەستبەرداربوونی ئازادیی هاووڵاتییانیش بە مانای دەستبەرداربوون لە وجوودی خۆی لێك دەدرێتەوە. هەر شتێك بۆ مرۆڤەكان سەرەتا لە ئازادییەوە هەڵدەقووڵێت، بە واتای، چەمكی ئازادی بۆ مرۆڤەكان لە زگ پڕبوون گرنگترە، ئەوانەی پاڵپشتیی ئەم تێڕوانینە دەكەن، شۆڕشە جیهانییەكان لەپێناو ئازادی بە نموونە دەهێننەوە.

بەپێی ئەم بۆچوونە، مرۆڤ قبووڵی جۆرێك لە برسیبوون دەكات لەپێناو گەیشتن بە ئازادی. ئاراستەی دووەم بە پێچەوانەی ئاراستەی یەكەمە، واتە پێی وایە خۆشگوزەرانی گرنگترە لە ئازادی، ئەم ئاراستەیە دەكەوێتە نێو بۆچوونە هاوچەرخەكان لە ڕێبازە هزرییەكاندا. بەپێی ئەم تێڕوانینە، مرۆڤەكان ئەوەندەی بەدوای ئەوەن كە ڕزگاریان بێت لە ژیانێكی كولەمەرگی، ئەوەندە بەدوای ئەوەوە نین، كە تا چەند ئازادن، بۆیە لایەنگرانی ئەم بۆچوونە دەڵێن، پێویستە لەسەر حكوومەتەكان ئاراستەی كاركردنیان بەرەو ڕووی خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییان بێت لەپێناو نەهێشتنی جیاوازییە جۆراوجۆرەكان لە كۆمەڵگەكانی مرۆڤایەتیدا.

ئەوانەی پشتگیریی لەم بۆچوونە دەكەن دەڵێن، لە زۆر شوێنی جیهان هاووڵاتی ئازادییەكانی بۆ فەراهەم كراوە، بەڵام لە بارودۆخ ناڕازییە، وەكوو لە هیندستان، كە ئازادی هەیە، بەڵام هاووڵاتی لە حاڵەتێكی خۆشگوزەرانیی باشدا نییە، هەروەها ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو لە بەڕازیل ڕووی دا لەبارەی بەهەدەردانی ئابووری و دیاردەی گەندەڵی، ئەمانە داوای خۆشگوزەرانییان دەكرد نەك ئازادی، ئەم بۆچوونەش وای كردووە، كە زۆرێك لە حكوومەتە هاوچەرخەكان لە دەوڵەتانی پێشكەوتوو بە شێوەیەكی چڕ جەخت لەسەر ئەم لایەنە بكەنەوە، لە ئاراستەی كاركردنیان، بە جۆرێك سیاسەتی حكوومەت ئاراستە بكەن كە لە بەرژەوەندیی خۆشگوزەرانیدا بێت بۆ هاووڵاتی.

كەواتە لە ئاكامی ئاماژەكردن بە هەردوو ئاراستە، دەكرێت ئەوە بەدی بكرێت، كە لە سەردەمی ئێستا ئەوەی بۆ هاووڵاتییان لەنێو دەوڵەت گرنگە، پرسی خۆشگوزەرانییە، لەبەرئەوەی ئەگەر هاتوو هاووڵاتی لە حاڵەتێكی خۆشگوزەرانیدا بێت، ئەوا مانای وایە دەتوانێت بەرەو ئاراستەی سەربەخۆیی و ئازادی هەنگاو بنێت، لەگەڵ ئەوەشدا ناكرێت ئازادی و كەرامەتی هاووڵاتی پەراوێز بخرێن، بۆ ئەوەی نانێكی دەست كەوێت، پێویستە ئاراستەی كاركردنی حكوومەتەكان بە جۆرێك بێت، كە ئەگەر نەتوانێت خۆشگوزەرانی و ئازادی بەیەكەوە بۆ هاووڵاتی دابین بكات، بەڵام نابێت پرسی ئازادیی هاووڵاتی پشتگوێ بخات.