كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

سەرکردەیەکی گۆڕان: یوسف محەمەد لە بەغدا دژی خەڵکی کوردستان دەستی بە عێراقچییەتی كرد

بزووتنەوەی گۆڕان خەڵکانی دژە کورد و عێراقچی وەرناگرێتەوە

دوای ئەوەی یوسف محەمەد پەرلەمانتاری پێشووی خۆفرۆش، لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆییەوە گوتبووی ئەوانەی ڕیفراندۆم بە تاپۆی رەش دەزانن کەسانی دۆڕاون، سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان وەڵامی دایەوە و ڕای گەیاند كە یوسف محەمەد لە بەغدا دژایەتی خەڵکی کوردستان و عێراقچییەتی دەكات، بۆیە قسەکانی گوزارشت لە بزووتنەوەی گۆڕان ناکەن و لە حزبەكەیان وەریناگرنەوە.

شێخ یوسف محەمەد ناسراو بە شێخ یوسف گوڵ، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بە (باسنیوز)ی راگەیاند ”دکتۆر یوسف محەمەد لە کاتی تەنگانەدا گۆڕانی بەجێھێشتووە و ئەو کاتەی بوو بە پەرلەمانتاری عێراق، ئیتر نەھاتەوە بۆ گردەکە! ئێستاش کاتێک وەزیفەی پەرلەمانتاری تەواو بووە، ئامادە نین بەھۆی پۆستەوە وەریبگرینەوە، دواجار یوسف محەمەد شتێکی ئەوتۆی نەکردووە بۆ بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵكو ئەوە گۆڕان بوو یوسف محەمەدی دروست کرد و بەخەڵکی ناساند و پۆستی حزبی و حکوومی پێدا".

گوتیشی "کاتێک یوسف محەمەد، وەک پەرلەمانتاری عێراق چووە بەغدا لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێکی دیکە کەوتنە دژایەتیکردنی ھەرێمی کوردستان و دەستیان کرد بە عێراقچییەتی، ئەوان ھیچ ئیشێکیان بۆ خەڵکی کوردستان نەکرد، بەڵكو كاریان بۆ عێراقچییەتی خۆیان کرد، بێگومان ئێمە کەسانێکمان ناوێت دژی نەتەوەکەی خۆی بێت و عێراقچییەتی بکات، خودی خۆم ھیچ باوەڕێکم بە عێراق نییە، کاتێکیش بزووتنەوەکەمان بۆ پەرلەمانی عێراق دەنگی نەھێنا پێی نیگەران نەبووم، بەڵام ئەگەر بۆ پەرلەمانی کوردستان بوایە نیگەران دەبووم".

شێخ یوسف محەمەد، ئاماژەی بەوەش کرد ”قسەکانی دکتۆر یوسف محەمەد، لەسەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، گوزارشت لە بزووتنەوەی گۆڕان ناکەن، چونکە ئەو پەیوەندی بە گۆڕانەوە نەماوە، ھەروەھا ڕیفراندۆم لای ئێمە پرسێکی گرنگ بووە و ئەگەر دەنگمان پێی نەدایە بێگومان قەرزاری میللەتەکەمان دەبووین، بەڵام کاتێک یوسف محەمەد دەڵێ ئەوانەی ڕیفراندۆم بەتاپۆی ڕەش دەزانن کەسانی دۆڕاون، قسەیەکی بێمانەیە و بۆچوونی خۆیەتی، چونکە ئەوەی ڕیفراندۆمی کردووە بۆ ئەوە نەیکردووە پڕۆسەکە شکست بھێنێت، ھەرچەندە پڕۆسەی ڕیفراندۆم شکستی نەھێناوە، بەڵام دەستێک ھەبووە و خیانەتی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کردووە".