تۆ بڵێی چیمەنی ماڵی دراوسێکەمان سەوزتر بێت لە هی خۆمان؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
بڵند عەبدوڵا 28/01/2022

تۆ بڵێی چیمەنی ماڵی دراوسێکەمان سەوزتر بێت لە هی خۆمان؟

هاورێیان، دوای سەردانم بۆ کوردستان گەڕامەوە بۆ سوید و هەندێک هزر و فکر هات بە مێشکما و حەز دەکەم لەگەڵ ئێوەی ئازیزانم بەش کەم لە سەر بارودۆخی کوردستانی خۆم و هونیشتیمانیانی بۆ ئێوە دەخەمەروو.
سەرنجی یەکەمم لە سەر سۆشیالمیدیا ودەزگا فەرمییەکانی ڕاگەیاندن کە بەڕاستی ڕۆڵێکی نەرێنیان پێوە دیاربوو لەچاو راستییەکان کە هەن. بە شێوەیەکی سیستەماتیکی تەنها دیوە نەرێنی و ناخۆش و هەواڵی دەرون ڕوخێنەر و دڵەڕاوکێ بڵاو دەکەنەوە..ئایا هیچ هەواڵی دڵخۆشکەر نیە کە نیشان بدەن؟ تکایە سیاسەتی کارکردنتان بگۆرن با کار و پیشەتان لە خزمەتی نەتەوەکەتان بێت و رووداوە ناشیاو و قێزەوەنەکان و جەرگبرەکان و ناخؤشەکان مەخەنە سەر باس و شاشەی تیڤیەکان بەڵکوو باس لە هزر و فکری جوان بکەن..باس لە ژیانی گەنجێکی داهێنەر بکەن و بیکەن بە نمونە بۆ گەنجانی تر..باس لە جوانی ژیان بکەن..باس فەلسەفەی ژیانێکی ئاسودە بکەن....هتد
ئەو دیاردانە وای لە تاکی کۆمەڵگا کردووە کە بە تەواوەتی ڕەشبین بێت و تەنها لایەنە نەرێنیەکان ببینێت وهەمیشە گلەیی وجنێودان و لاوازبوونی هەستی نەتەوایەتی و ئینتیمای بو خاك و مانا و پیرۆزی ئالا و گرنگی پاراستنی خاك لا نەمینێ و هەروەها سیمای شار و سروشتە جوان و رازاوەکەی خۆی لە لا ناشرین بێ و وتەی جوانی لە لا ببێتە درۆ و راستگۆیی ببێتە نافامی و کار و رەفتارە ناشرینەکان دەبنە جێگای دەست خۆشی، بە بێ ئەوەی هەست بە دیوەکەی تری بکەن کە پێچەوانەکەیەتی....
هاورێیان...ئەم دیاردە نەرێنییانە زەنگی مەترسیدارن و دروستکەری دەستی خۆمانن دەبێ هەتا زووە بیانکەین بە دیاردەی ئەرێنی..هەر تاکێك بەپرسە لەخۆی و لە دابین کردنی ئایندەیەکی ڕون و گەش بۆخۆی.ناکرێ ئێمە پشت ببەستنین بە کەسانی تر جا هەر کێ بێت!!! لێم تێ بگەن...هەموو گەند و کەوتنێك تەنها گوناهی کەسی سەروی خۆتەوە نیە...!!
لە پێشکەوتووترین وڵاتانی جیهان هەژاری هەیە...تاوانی قێزەوەن هەیە..هەروەها زۆر لە وڵاتانی جیهان دەناڵێنن لە دەست کێشەی گەورە گەورە کە تاکی کورد هەر پێی نازانێت تەنیا وا دەزانن کە کێشە و کەموو کوری هەر لە هەرێمەکەی ئەواندا هەیە... بەڵام خەڵکی وڵاتانی تر ناو ماڵی خۆیان تێک نادەن و لە کۆتایدا کێشەکان چارەسەر دەکەن بێ ئەوەی باسی خۆیان بکەن بە نەرێنی لە سۆشیالمێدیاکانیان!
هاورێیان سەردانی ٣٢ وڵاتانی جیهانم کردووە شوێنێکم نەدی هاوشێوەی هەرێمەکەی خۆمان جوان و رازاوەی بێت بە سیفەتەکانی سروشتەکەی...بەڵام بە داخەوە جوگرافیەکەی کەوتۆتە ناوچەیەك کە دراوسێیەکانمان دوژمنی ئێمەن و هەرگیز نایانەوێ ئێمە بە ئارامی و بە بێ ئاژاوە بژین.
هاورێیان نیشتیمانێکمان هەیە دەوڵەمەندترین نیشتیمانە لە سامان و سەروەتی ژێر خاك و سەر خاك. کەش و هەوایەکی لەبار. چوار وەرزی ساڵی هەیە هەر وەرزێك جوانی و تام و چێژی خۆی هەیە. خاکێکی بە پیت و بەرەکەت هەموو جۆرە روەکێك بەرهەم دێنێ لە جۆرەها میوە و گیا و سەوزەواتی خۆراك و سوودبەخش. سروشتێکی رەنگاو رەنگ پڕ لە گوڵ و گوڵزار. شاخی سەرکەش و دۆڵی قوڵ و دەشتی پڕ لە دانەوێڵە و گوڵ و گوڵزارو تاڤگە و کانیاوی سازگار و دەریاچە...شار و شارۆچکە و باڵەخانی جوان. هەر هەمووی ئەمنیەت و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان هەیە زۆر شتی تر کە کەم وڵات هەیە ئەم هەموور رەوش و ناونیشانانەی تێدابێت ...لەگەڵ ئەوەش بە تەواوی ئازادی ئاینی هەیە کە ئەمەش لە زۆر شوێنی دونیا کەم و دەگمەنە...لە دونیادا هیچ وڵاتێک و حوکمڕانیەک نیە بێ کەم و کوری و بە دڵی هەمو کەسێک بێت. من باش ئاگاداری کەم و کوڕیەکانی وڵاتەکەی خۆمم بۆ ئەوەی نەڵێن کەسێکی بێ ئاگایە...نەخێر ئاگام لە هەمو شتێکە بەڵام دەبێ ئێمە بە ویژدانەوە قسە بکەین و راستیەکان پەردەپۆش نەکەین.
لە وڵاتی سوید خەڵکەکە هەزاران گلەییان لە دەسەڵات هەیە و هەر کەسێک بە شێوازێکی شارستانیانە ناڕەزایی خۆی دەردەبڕێ بەڵام لەهەمان کاتدا وڵاتەکەی خۆیان وەک گلێنەی چاوی خۆیان خۆش دەوێت و ئامادەن بە ڕوح بیپارێزن..
خۆشەویستانم، دەبێ ئێمە وڵاتی خۆمان خۆش بوێت..ئەوەندە نەیشکێنین و ناشرین و بچووکی نەکەین. بەڵکوو دەبێ زۆر بە بەرزی و بە پاکی رایبگرین و بیپارێزین و ئینتیما بۆ نیشتیمان بەهێز بکەینەوە...ئەگینا منداڵێکی بێگانە زۆر بە ئاسانی پێمان دەوێرێت و سوکایەتیمان پێ دەکات..
لە کۆتایدا تکایە دیاردەی جنێودان و سوکایەتی کردن بەیەکتری بنبڕ بکەین و ناسنامەی نیشتیمانی بەهێز بکەن بۆ ئەوەی نەوەکانتان لە ئایندەدا شانازی بە ئاڵا و نیشتیمان و ناسنامەی خۆیان بکەن و ئۆبالی دیاردە نەرێنیەکان مەخەنە ئەستۆی کەس تەنها خۆت...خۆت چاکی بکە و پشت بە کەس مەبەستە و چاورێی هەوڵ وهێزی هیچ کەسێك مەبە تەنها بە ئیرادەیەکی بەهێزی خۆت دەست و بازی لێ هەڵکا بە ئامانجی چاکسازی و پاكسازی و سەرکەوتن تێبکۆشە.