وەڵامێكی ماقووڵ بۆ داوایەكی ماقووڵی یەكێتی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 27/01/2022

وەڵامێكی ماقووڵ بۆ داوایەكی ماقووڵی یەكێتی

لەبەر ئەوەی پۆستی سەركۆماری عێراق بۆ یەكێتی كەوتووەتە غەرغەرەی خنكان، یەكێتی زۆر لێدوان و نووسین و پرسیاری لا دروست بووە كە بەشی ھەرە زۆری ئەو لێدوان و نووسین و پرسیارانە نامەنتقین و بۆ چەواشەكاری و سەرلێشێواندنن، بەڵام جاروبار پرسیار و داوای ماقووڵیشیان ھەیە!

یەكێك لەو داوایانەی كە لەم ڕۆژانەدا و لەلایەن ئەندامێكی سەركردایەتیانەوە بەرچاوم كەوت، ئەوەیە كە دەڵێن پێویستە پارتی بۆ خەڵكی ڕوون بكاتەوە كە ئایا لەسەر چی لەگەڵ سەدر و بەگشتی عەرەبی سوننە ڕێك كەوتووە؟ ئەشھەدوو دەینتان بە ملم ئەمە داوایەكی ماقووڵە، بەڵام خۆ ئەم داوا ماقووڵە پێویستی بە وەڵامێكی ماقووڵیش ھەیە. من حەقم بەسەر پارتیەوە نیە، بەڵام وەك كوردێك ڕێگە بە خۆم دەدەم كە ئەم وەڵامەم بۆ ئەو داوا ماقووڵەی یەكێتی ھەبێت:

1- ڕێككەوتنی پارتی لەگەڵ ئەو لایەنانەی عێراقدا 16ی ئۆكتۆبەری 2017ی تیا نیە!

2- ڕێككەوتنی پارتی لەگەڵ ئەو لایەنانەی عێراقدا، مووچە و بودجە بڕینی ھەرێمی كوردستانی تیا نیە!

3- ڕێككەوتنی پارتی لەگەڵ ئەو لایەنانەی عێراقدا، ئەوەشی تیا نیە كە بە موبارەكەی سەركۆماری عێراق و لەناو پەرلەمانی عێراقدا، فراكسیۆنێك بە ناوی (فراكسیۆنی ھیوا!) دژ بە كورد و ھەرێمی كوردستان دروست بكرێت و ئنجاش ھەر بە كورد خۆی لە كورد بدەنەوە!

4- ڕێككەوتنی پارتی لەگەڵ ئەو لایەنانەی عێراقدا، تەسلیمكردنەوەی داعشە دەستگیركراوەكانی تیا نیە بە كەسانی شۆڤێنیستی وەك ڕاكان جەبووری!

5- زۆر دڵنیاش بن، ڕێككەوتنی پارتی لەگەڵ ئەو لایەنانەی عێراقدا، ئەوەشی تیا نیە كە نەھێڵن پەیكەرێكی جەنابی مام جەلال لەسەر قەڵای كەركووك دابنرێت و ئەگەر داشنرا دوای سەعاتێك پەیكەرەكە لاببرێت! بەڵام ئەوەندەی ئاگاداری سیاسەتەكانی پارتی بم، ڕێككەوتنی پارتی لەگەڵ ئەو لایەنانەی عێراقدا، لە یەك خاڵدا پوخت و چڕ دەكرێتەوە، ئەویش بریتییە لە جێبەجێكردنی ئیستیحقاقە دەستوورییەكانی كورد و ھەرێمی كوردستان وەك خۆی واتە بێ زیاد و كەم، ئەوەی عەرەبەكان خۆیان پێی دەڵێن: ”لا اكثر ولا اقل!“