كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

سالار تاوەگۆزی: کاندیدی یه‌کێتی بۆ سەركۆمار كەسایەتییەكی بەهێزی نییە

”بەم هۆیە بوو نەوشیروان مستەفا پشتیوانی نەكرد“

مامۆستایەكی زانكۆ رەخنەی توند لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەگرێت، بەهۆی ئەوەی كەسایەتییەكی بەهێزی بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق كاندید نەكردووە.
د. سالار تاوەگۆزی، مامۆستای زانكۆ بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ”لە نێو کاندیدە کوردەکان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، كەسانێك هەن كە خەڵكی بەڕێزن، بۆ نموونە حاکم ڕزگار، بەڵام ئەزموونی سیاسییان کەمە و دوور نییە بەرگەی ئەو ململانێی خوێناوییەش نەگرن کە عێراقی پێ ناسراوە“.
باسیشی لە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق كرد و گوتی: ”بەرهەم ساڵح ئەزموون و بڕوانامەی بەرزی هەیە، بەڵام کەسایەتییەکی بێ هێزی هەیە، دەشکەوێتە ژێر کاریگەری و دەستێوەردانی ئەم و ئەوەوە، هەر ئەوەندەی لە توانایدایە پۆستەکە بۆ بەرژەوەندیی ماددی و کەسیی خۆی و دەوروبەرەكەی بقۆزێتەوە“.
جەختیشی كردەوە كە ئەزموونی ساڵانی ڕابردووى بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرکۆماریدا ”ئەوەی سەلماندووە کە بڵێین بێ بەرهەم بووە، ئەگەر نا بۆ ئێمەی کورد دارێکی‌ نەخستووەتە سەر بەردێک“.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ دووپاتی كردەوە، ”بەرهەم ساڵح کەسێکی بوێر نییە، ئەمەش یەکێک بوو لەو خاڵە لاوازانەی، کە بوون بەهۆی ئەوەی کاتی خۆی کاک (نەوشیروان مستەفا) پشتیوانیی نەکات و زۆر ئومێدی لەسەر هەڵنەچنێت، بۆیە بۆ پۆستی سەركۆماری ناساڵحە و ناگونجێت“.
پێشتریش لە نێو خودی یەكێتیدا ئەوە راگەیاندرابوو كە كاندیدی حزبەكە بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق، سەركەوتوو نابێت. لەم چوارچێوەیەشدا مەلا سیروان، پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی بە (باسنیوز)ی گوتبوو كە بەپێی ئەو لێكتێگەیشتنە تازەیەی هەیە، هۆشیار زێباری دەبێتە سەركۆماری عێراق.