كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

كردەوە تیرۆریستییەكانی داعش لە دژی هاووڵاتییانی و هێزە ئەمنییەكان لە سنووری داقووق بە چڕی دەستی پێكردووەتەوە

نەجوە كاكەیی: داوامان كردووە پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كۆتایی بە مەترسییەكانی داعش بهێندرێت

جارێكی تر كردەوە تیرۆریستییەكانی چەكدارانی داعش لە سنووری قەزای داقووی سەر بە پارێزگای كەركووك بە چڕی دەستی پێكردوەتەوە و جارێك هاووڵاتییان دەڕفێنن و جارێكی تر بۆمبی چێندراو بەهێزە ئەمیییە عێراقییەكاندا دەتەقێننەوە و پەرلەمانتارێكی پەرلەمانی عێراقیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، داوامان كردوە پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كۆتایی بەمەترسییەكانی داعش بهێندرێت.

هەفتەیە داعش ژمارەیەك كردەوەی تیرۆریستی كردووە

كردەوە تیرۆریستییەكانی داعش لە سنووری قەزای داقووقی سەر بە پارێزگای كەركووك زیادی كردووە و بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز) دوێنێ سێشەممە لە دۆڵی زەغیەتونی باشوری قەزای داقووق، بۆمبێكی چێندراو بە ئۆتۆمبێلی هێزێكی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراقدا تەقیەوە و لە ئەنجامدا ئەفسەرێك و سێ پۆلیس بریندار بوون و هەروەها شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵای كردەوە كە دوێنێ سێشەممە فڕۆكە جەنگیییەكانی سوپای عێراق لە سنووری ناحییەی ڕەشادی سەر بە قەزای داقووق مۆڵگەكانی داعشیان بۆردومان كردووە و لە ئەنجامدا چەكدارێكی داعش كوژرا و هەروەها رۆژی دووشەممەی رابردووش لە گوندی ئەبوشەهابی سەر بە داقووق لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێندراو سێ سەربازی سوپای عێراق كوژران و سەربازێكی دیكەش بریندار بوو كە پێشتر قایمقامی قەزاكە هەواڵی ئەو تەقینەوەیەی بۆ (باسنیوز) پشتڕاست كردەوە و هەروەها هەر لەم هەفتەیەدا چەكدارانی داعش لە گوندێكی سەر بە داقووق شوانێكیان بۆ شوێنی نادیار ڕفاند.

قەزای داقووق سنوورێكی بەرفراوانی هەیە و هەروەها دەیان گوندیشی لەسەر سەرە كە بەشێك لەو گوندانە هاوسنوری قەزای حەویجە و سنووری پارێزگای سەڵاحەدینن و تیرۆریستان لەناوچەكە بە گشتی مۆڵگەیەكی زۆریان هەیە و مەترسین بۆ سەر هاووڵاتییان و هێزە ئەمنییە عێراقییەكان.

چاودێرانی دۆخی ئەمنیی داقووق ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە هێزە ئەمنییە عێراقییەكان گیانی خۆیان پێ ناپارێزرێت و جدی نیین لە ڕاوەدوانانی داعش و هاووڵاتییانیش لەو نێوەندەدا بونەتە قوربانی.

دانیشتووانی گوندە كوردنشینەكان زێدی خۆیان چۆڵ ناكەن

لەم بارەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 26/1/2022، نەجوە كاكەیی، پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دیارە لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە مەترسییەكانی داعش تا ئێستاش لە دەوروبەری كەركووك بەردەوامە، ئەوەی كە هەیە كوردان خۆیان ئازاو چونەترسن و نایانەوێ زێدی خۆیان جێبێڵن بۆیە بەتایبەت لە گوندەكانی سنووری داقووق ماونەتەوە كە هەڕەشەی داعشیان لەسەرە و لەولای گوندەكانیانەوە هێزی ئەمنیی نییە، بەڵام هەندێ گوندیش بەتایبەت گوندە كاكەییەكان چۆڵیان كردووە و لە سنووری قەزای داقووق هێزی ئەمنیی كەمن و ئەوەی كە هەیە ناتوانن بەرەنگاری داعش ببنەوە، بۆیە ڕەوشی ئەمنی لاوازە لە دەوروبەری هەموو شاری كەركووك، بەتایبەت داقووق".

پێشمەرگە نەگەڕێتەوە دۆخەمە خراپتر دەبێت

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی هەروەها، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەگەر ڕەوشەكە هەر وەك ئێستا بمێنێتەوە ئەوا دۆخەكە بەرەو خراپتر دەڕوات، ئێمە داوامان كردوە پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كۆتایی بە مەترسییەكانی داعش بمێنن لە دەوروبەری كەركووك بەتایبەت داقووق، بۆیە گەڕانەوەی پێشمەرگە زەرورییە.

لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە كاتێك كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كەركووكیان داگیر كرد و هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچەكە كشانەوە ئیتر جموجۆڵەكانی داعش زیاتر بوون و دوای ئەوەی لەم ماوەیەی رابردوو بۆ ماوەیەكی كەم جموجۆڵەكانی داعش كەببوەوە ئێستا جارێكی تر بەتایبەت لە سنووری داقوق داعش دەستی بە كردەوە تیرۆریستییەكانی كردوەتەوە.

No description available.