شتێك دەربارەى تووڕەبوون
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
عەبدولقەهار هەولێری 26/01/2022

شتێك دەربارەى تووڕەبوون

هه‌ریه‌کێ له‌ ئێمه‌ هه‌ندێ جار تووڕه‌ ده‌بێت، چونكە تووڕه‌بوون هه‌ستێکی سروشتییه‌ و بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زاییه‌ له‌و شتانه‌ی، که‌ به‌پێچه‌وانه‌ی ویسته‌کانی ئێمه‌وه‌ ده‌ڕوات. ئه‌م هه‌سته‌ش له ‌به‌شێکی مێشکمانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، که‌ به (ئه‌میگه‌دال) ناوده‌برێت. له‌م به‌شه‌وه‌ ئاماژه‌کان وه‌رده‌گیرێن و ده‌نێردرێن بۆ زۆر به‌شی دیكەی مێشك. ئه‌م به‌شه‌ی مێشك به‌هۆی تووڕەبوونه‌وه کاریگه‌ریی ده‌که‌وێته‌ سه‌ر، بۆ نموونه‌، کاتێک‌ که‌سێك له‌ تۆ تووڕه‌ ده‌بێت، تۆش خێرا کاردانه‌وه‌ت ده‌بێت و تووڕه‌ ده‌بیته‌وه، ئەو‌ ئه‌میگه‌داله‌یه‌ که‌ واده‌کات له‌ ڕوخساری که‌سێکی تر تێ بگه‌ین.

هه‌روه‌ك ده‌زانین ئه‌گه‌ر تووڕەبوون سنووردار نه‌بێت و به‌خێرایی له‌وباره‌ گرژه‌ییه‌دا ده‌رباز نه‌بین، کاردانه‌وه‌کان زۆر خراپ ده‌بن. ئه‌وه‌ شتێکی باشه‌ ئه‌گه‌ر تۆ بتوانی به‌شێوه‌یه‌کی باش هه‌ستی خۆت به‌رامبه‌ر ئه‌و که‌سه‌ بڵێی، که‌ به‌رامبه‌رت خراپه‌، به‌ڵام هه‌ندێ جار تووڕه‌بوونه‌که ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌، که ‌نازانیت ئه‌و تووڕه‌بوونه‌ به‌ره‌و کوێت‌ ده‌بات. هه‌ربۆیه‌ له‌م باره‌دا مه‌ترسییه‌کان زۆر ده‌بن و ئه‌گه‌ری کاردانه‌وه‌ی خراپیان ده‌بێت له‌سه‌ر که‌سه‌ تووڕه‌که‌ و ده‌وروبه‌ری.

خۆشبه‌ختانه‌ مرۆڤ هه‌میشه‌ ڕێگای هه‌بووه‌ بۆ زاڵبوونی به‌سه‌ر کێشه‌ و ته‌گه‌ره‌کانی ژیانیدا، كە ده‌رباز ببێت له ‌زۆربه‌ی ئه‌و شتانه‌ی، که‌ ده‌بنه‌ هۆی تێکدانی ده‌روونی. ئه‌ویش به‌هۆی ڕاهێنانه‌وه‌، که‌ تۆ ئه‌و سه‌رمایه‌ت بۆ ژیانێکی باشتر و ته‌ندروستتر ده‌ست ده‌که‌وێت. له‌وکاته‌دا که ‌تۆ تووڕه‌ ده‌بیت، وه‌ك یه‌که‌م هه‌نگاو پێویسته‌ خۆت به‌ئاگا بکه‌یت له‌ هۆی تووڕه‌بوونت، پاشان به‌هه‌ر هۆیه‌که‌وه‌ بێت، تۆ به‌ئاگابه‌ له‌ کاردانه‌وه‌ فیسیۆلۆجی و سایکۆلۆژییه‌کان، که‌ له‌ له‌شتدا ڕووده‌دەن و هه‌ست به‌ گۆڕانکارییه‌کانیان بکه‌ و بزانه‌، كە
بۆ نموونه‌، هه‌ناسه‌دانت چۆنه؟ ئایا به‌ سنگ و شانت هه‌ناسه‌ ده‌ده‌یت، یان به‌ به‌شی خواره‌وه‌ی سنگ/ سکت؟ ئایا ده‌له‌رزیت؟ ئاره‌قت کردووه‌ته‌وه؟ ده‌نگت به‌رز بووه؟ کۆنترۆڵت ماوه‌ به‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ‌ ده‌یڵێیت و ده‌یکه‌یت؟ ئایا ئه‌وه‌ خودی خۆته؟ پێت خۆشه‌ که‌ به‌و شێوه‌یه‌ بیت؟!
کاتێ ئه‌م گۆڕانکارییانه‌ت هه‌ست پێ کرد و نه‌تویستن، ئه‌وا ده‌توانی به‌ئاگایانه‌ کار له‌گه‌ڵ خۆتدا بکه‌یت، که‌ ئه‌ویش کردنی شتێکی باشه‌ به‌ خوو (تریگێر) بۆ خۆت له‌و باره‌ تووڕه‌بوونه‌تدا.

زيانەكانى تووڕەبوون:

1- خواى گه‌وره‌ تووڕە ئەبێ و شه‌تانیش رازى ئەبێ.
2- خۆگرتنه‌وه‌ له‌ تووڕەبوون قورسه ‌و گرانتره‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى دوژمن.
3- سه‌ر ئه‌كێشێ بۆ دابڕان و خراپكردنى په‌یوه‌ندیى نێوان خه‌ڵك.
4- رِق و كینه ‌و ئیره‌یى دروست ده‌كات، كه‌ ئه‌مه‌ش كه‌میى هۆشمه‌ندى و تێگه‌یشتنى دینه‌.
5- زۆربه‌ى جار په‌شیمانى و داواى لێبوردنى له‌دوایه‌، كه‌ له‌وانه‌یه‌ كاتى به‌سه‌ر چووبێ، واته‌ كه‌سى به‌رامبه‌ر لێبوردنه‌كه‌ وه‌رنه‌گرێ.
6- وا له‌ كه‌سى تووڕەبوو ئه‌كات، كه‌ سوود له‌ په‌ند و وه‌رنه‌گرێ.
7- له‌وانه‌یه‌ كار بكاته‌ سه‌ر له‌ش، ته‌نانه‌ت چاو كوێر ئه‌كات و گوێ كەڕ ئه‌كات، زمان لاڵ ئه‌كات و‌ مرۆڤ بێ هێز ئه‌كات، له‌وانه‌شه‌ ببێته‌ هۆى مردنى مرۆڤه‌كان به‌ته‌واوه‌تى.
8- دووركه‌وتنه‌وه‌ى خه‌ڵك و ترسان له‌ نزیكبوونه‌وه‌ له ‌كه‌سى تووڕە.