كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەبار جەمال غەریب 25/01/2022

هەژار وای گوت: هەی فاسق ماڵەكەم چۆڵ كە!

دەكرێ ئەلبوومێكی گەورە دەربارەی ئەو كەسایەتییانە دروست بكرێت، كە هەژار لە كتێبەكەیدا نەك ناوی بردوون، بەڵكوو وێنەی كێشاون. ڕاستە زۆر لەو كەسایەتییانە ناسراون، بەڵام زۆر جار ئەو وێنەی ئەوەندە جیاوازی لێ كێشاون، كە بۆ ناسینی تەواو و وردەكارییەكانی ژیانیان پێویستمان پێی دەبێ.
- بۆ نموونە، قانیعی شاعیر، سەرەڕای ئەوەی قانیع شاعیری هەرە ناسراوی میللی و خۆشخوانی هەژارانە، كەچی وێنەكانی لای هەژار جیاوازن، تەنیا شەهامەتەكەیەتی لە هەموو وێنەكاندا جێگر و هاوبەشە.

{..قانیع ماڵی هاتبووە كەركووك، هاتوچۆی دەكردین، بڕیارمان دا كە فێری بلوێر لێدان بین، هەوەڵ دەرس دەبێ وا بكەی (لە بلوێر ژەنیدا)، نەفەس بخۆیەوە و نەیبڕی. قامیشمان لە ئیستیكانی پڕ ئاو دەنا و فوومان بەوسەریدا دەكرد. نەفەس خواردنەوە كارێكی گران بوو. ئەگەر ئەحیانە جارێك فوومان بۆ دەخورایەوە، ئەوەندە پێدەكەنین تا لەبیرمان دەچوو سەرنەكەوتین. چێشتی مجێور. ١٦٥}.

لەو قسانەدا، شوكور مستەفاشیان لەگەڵە، ئەوە بابەتی فێربوونی بلوێرژەنین نییە بەتەنیا، ئەوە هەوڵی ئەو جەربەزانەی كوردە، كە هیچ هەوڵێك بۆ فێربوون لەدەست نادەن و هەمیشە لەو بڕوایەدان، دەبێ شتێك فێر بن. لە دڵەوە تێكەڵ یەكتر دەبن و ژیان لەگەڵ یەكتر دابەش دەكەن.

{..قانیع ماڵت چۆن دەست كەوت؟
- بە خوا باوك پیاوێ خێرەومەن وتی تۆ سەید و كوڕی شێخ دەڵاشی، چاوەیەك خانووی داوە پێم.
- قانیع گیان! كابرا هەر كە زانی تۆ وەك باوكت ممبارەك نی دەرت دەكا.
- نا باوە پیاوێ خاسە.
ڕەمەزان بوو، ڕۆژیك قانیع بە قاقا هاتە ژوور.
- باوك دەریان كردم! كابرا دیتمی نان دەخۆم، وتی ”هەی فاسق ماڵەكەم چۆل كە!“ تێ ناگەم، من بە پارەی خۆم نان دەخۆم، خراپەم دەگەڵ كێ كردووە؟}.

ئەوە ئەو قانیعەیە، كە هەژار دەیناسێ، نوكتە و گاڵتە بەسەر یەكترناسینیاندا زاڵە، هەر لەو شیعرە تەنز و نوكتەئامێزە دوور و درێژە وەسفییەی بۆی نووسیوە، تا دەگاتە هەوڵی هەژار و شوكر مستەفا بۆ ئەوەی كارێك بۆ قانیع پەیدا بكەن، چونكە قانیع وازی لەوە هێناوە، لەسەر ناوی باوك و شێخایەتی نان پەیدا بكات.

{.. حەوڵی دابوو كارێكی دەستكەوێ، نەبوو، گوتمان عەڕابە دەستی بگێڕە، وردەواڵە بفرۆشە، سندووقە سابوونێكمان بۆ كڕی، مەلا شوكر گوتی چوار بۆڵبرینگیشی دەوێ.
- باوە بۆڵبرین چس؟
- كارت نییە بۆت پەیدا دەكەین.
ئیتر وەك تالیلیەی دەروێشان لەسەر یەك دەیگوت: ”بۆڵبرینگ“. لە سەقەت فرۆشی دەوری خانەقا دوانمان كڕی. چووینە بەری قۆریە بۆ سانەوە، لە چایخانەیەك دانیشتین، دوكاندارێكی ئەرمەنی، كە ئامڕازی ترومبێلی دەفرۆشت، لەپشتەوە قانیعی ناسیبوو، هات:
- مەلا قانیع ماندوو نەبی!
- باوك بۆڵبرینگ هەس؟
- ئەرێ وەڵا هەسم و ناتدەمێ! تۆ هیچ نەبێ جوابی سەلام و ماندوونەبیم بدەوە!}.

من ئەو بەشەم هەڵبژاردووە، كە كەسایەتیی قانیع لەدەرەوەی شیعر دەناسێنێ، سێ كەس، كە دواتر بە قەد كێوێك خزمەتی زمان و ئەدەب و فەرهەنگی نەتەوەكەیان دەكەن، بەدوای بۆڵبرینگدا دەگەڕێن و كار بۆ شاعیرەكەیان دەدۆزنەوە، بەس چ كارێك!
ئەوەی هەژار نووسیویەتی، نیشاندانی كەسایەتیی ئاسایی نووسەر و شاعیرانە، كە دواتر گواستنەوەی ژیانی ئاسایی كەسانی ناسراو، بووە كاری ڕۆژنامە و گۆڤارە هونەرییەكان، كە هەوڵی نیشاندانی ژیانی سادەی كەسایەتییە ناسراوەكان دەدەن.

ناساندن و وێناكردنی چەندان كەسایەتیی ناسراو و نەناسراو لەناو چێشتی مجێوردا ئەلبوومێكی گەورەی دەوێت.
ئەو كەسایەتییەی، كە هەژار جوانترین وشەكانی بۆ بەكار هێناوە، ناسكترین و بەنرخترین وشە و دەربڕینەكانی خستووەتە خزمەت، ئەحمەد تۆفیقە. بۆیە منیش دەمەوێت وەك خۆی بیگوازمەوە:

{ئەحمەد تۆفیق دەستەپیاوێكی بەلەباریكی جوان چاك، سپیكەڵە، مووی لە ڕەشیان بریقەی دەهات. قەت لە كاركردن ماندوو نەدەبوو. زۆر پاك و خاوێن و موڕەتەب بوو. كەس بەپێ دەگەڵی دەرنەدەبرد. ڕۆژ و شەو بێ وچان بە شاخ و كێوان هەڵگەڕابا، نەفەسی تەنگ نەدەبوو. نەیدەهێشت بەردەستانی ساتێك بێ كار و تەمبەڵ ڕایبوێرن. لە غاردانێدا پێم وا بوو، كە كەروێشكی لەبەر دەرنەچێ. تفەنگچیی چاك بوو، نەیدەزانی ترس چییە. هەموو گیانی هونەر بوو. عەیبی ئەوە بوو زوو تووڕە دەبوو. زۆر سەختگیر بوو، خەتایەكی چووكەڵەی لەژێر دەست قبووڵ نەدەكرد. نەیدەبەخشی، بە چاوی بەدبینی دەیڕوانییە زۆر لە هاوەڵەكانی ئێرانی، زۆر دەترسا، كە ساواك ناردبنی. ئەگەر پشووكورتی و زوو تووڕەبوونی نەبوایە، بۆ كاری گەورە زۆر ئامادە بوو. دیسان لام وابوو لە ئایندەدا دەبێتە پیاوێكی گەورە، بەڵام زەمەن موڵەتی نەدا. چێشتی مجێور. لاپەڕە ٣٤٧}.

ئەوەی خوێندتەوە كەسایەتیی ئەحمەد تۆفیقە، كە هەموو هێز و سەلیقەی خۆی خستووەتە خزمەتی شۆڕشی كوردەوە. ئەوانە ئەو سیفاتانەن سەركردەیەك دەبێ هەیبێ، سەركردەیەك، كە گەل چاوەڕێی دەكات. هەر سینەماكارێك بیەوێ دەتوانێ زۆر بەئاسانی كەساتییە بەرجەستەكەی دروست بكاتەوە. زیرەكی و وردی و سەلیقەی، دڵسۆزی و میهرەبانییەكەی، بوێری و نەترسییەكەی، كەسایەتیی ئەو كارێكتەرە گەورەی ناو بیرەوەرییەكانی هەژار و مێژووی كوردی هێندە بەرجەستە كردووە، كە زەحمەتە جارێكی دیكە ئەو كەسایەتییە لەبەرچاو و لە زەینماندا بزر ببێ.

ئەگەر ژیان تەنیا شەڕ و شۆڕش و بەرگری بەو پیاوە ڕەوا نەبینیبا، ڕێگای دابایە بەشێك لەو توانایەی لە كاری هونەری، یان دیبلۆماسی، یان هەر بوارێكی دیكە بەكار هێنابا، دەبوو ئەستێرەی بەخت و ناسینی گەیشتبایە كام عەڕش.
- من نیازم بوو، هەر لە یەكەم وتارەوە سەرنجی خوێنەران بۆ خوێندنەوەی دووبارەی چێشتی مجێور ڕابكێشم، نەك شتێكی دیكە، كەچی ئەوە دوازدە بەشم لەسەر نووسی و هێشتا وا هەست دەكەم هیچم لەسەر نەگوتووە.