پەیامی (باسكورد)
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
بەرهەم عەلی 24/01/2022

پەیامی (باسكورد)

ئەمڕۆ دەزگای میدیایی (باس)، خزمەتگوزارییەكی دیكەی رۆژنامەوانی و گەیاندنی زانیاری، پێشكەش بە خوێنەرانی دەكات، كە ماڵپەڕی (باسكورد)ە، ئەمەی خوارەوە پەیامی ئەو ماڵپەڕەیە:


كورد، خاوەن مێژووییەكی هەزاران ساڵەیە لەسەر خاكی كوردستان، نەتەوەی كورد یەكێكە لە رەسەنترین دانیشتوانی چیای زاگرۆس و خاكی ئاری نشین و میسۆپۆتامیا و ئەو جوگرافیایەی پێی دەگوترێت كوردستانی گەورە. لەم نیشتمانەی كورددا، دەقەكانی مێژوو و هەروەها شوێنەوارەكان پێمان دەڵێن، چەندین شارستانیەتی گرنگ بەرقەرار بووە و گوزەراوە، چەندین ئیمپراتۆرییەت و شانشین و دەوڵەت و میرنشین، لە قۆناغی جیاوازدا هاتوون و چوون، چەندین ئایین و رێبازی جیاوازی خوداناسی، لەسەر ئەم خاكەی كوردستان سەری هەڵداوە یان بڵاو بوونەتەوە و پەیامهێن و رێبەر و پێشڕەو و دانا و زانایان هەبووە. كورد خاوەن زمانێكی كۆن و دێرین و خاوێنی خۆیەتی و خۆشبەختانە رۆژ بە ڕۆژ لە پاكبوونەوەی زیاتردایە و زۆربەی هەرە زۆری دیالێكت و شێوەزار و شێوەئاخافتنەكانی زیندوو ماونەتەوە و وەك خۆیان پارێزراون، ئەمەش یەكێكە لە نهێنییە گەورە و گرنگەكانی مانەوەی ئەم نەتەوەیە.

كورد، خاوەنی كولتووری قووڵ و رەسەنی تایبەت بە خۆیەتی، خاوەن داستان و چیرۆك و مۆزیك و گۆرانی و كەلەپوورێكی دەوڵەمەندە، كورد خاوەنی دەیان جۆر لە پۆشاك و جلوبەرگ و خشڵی تایبەت بە خۆیەتی، كورد خاوەن هزر و ئەندێشەیەكی فراوانە، خاوەنی كۆمەڵێك لە شاعیرە هەرە ناودار و بەناوبانگەكانی ئەدەبی كلاسیكی و رۆمانتیكی و ریالیزم و نوێیە، خاوەنی داستان و ئەفسانە و رۆمان و چیرۆكی بەرئاگردانە، خاوەنی چەندین جەژن و سرووت و رێوڕەسم و بۆنەی كۆمەڵایەتی و ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانی و سروشتیە، كوردستان خاوەنی مێژوویەكی بەهاداری تژی لە رووداوگەلی گرنگە، ئەمانە سەرەڕای ئەوەی كە لە مێژووی تازەدا كورد نەبووەتە خاوەن دەوڵەتێكی سەربەخۆی بەردەوام و ئەم كارەساتی بێدەوڵەتیە بەداخەوە تا ئێستاش بەردەوامە، بۆیە كورد بە گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت دادەنرێ لەسەر ئاستی جیهان، ئەوەش لەبیر ناكەین كە پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینیی جیاوازییش، هاوشانی كورد، لەسەر ئەم خاكە دەژین.

ئەوەی لای خوێنەر مەعلوومە ئەو راستیە تاڵەیە كە بە درێژایی ئەم هەزاران ساڵە و تا ئێستاش، دوژمنان و داگیركەران و نەیارانی كورد، بەردەوامن لە زەبر وەشاندن دژ بە كورد و كوردستان و مێژوو و زمان و كولتوورەكەی، بەردەوام لە خەیاڵی خۆ بەشت زانینی مرۆڤی كورد دەدەن، لەوە تاڵتر ئەوەیە كە خۆیشمان واتە ئێمەی كورد و كوردستانی، گەلێ جار و لە زۆر وێستگەی مێژوودا، فاكتەرێك بووین بۆ سەركەوتن و سەرگرتنی ئەو هەوڵانەی دوژمنان و داگیركەران، كارەسات ئەوەیە كە ئەم داگیركاری و زەبر وەشاندنە، بوونەتە هۆی ئەوەی، چەند وێستگە و قۆناغ و بەشێكی گرنگ و درەوشاوە لە مێژووی هەزاران ساڵەمان بفەوتێت یان زەوت بكرێت یاخود بدزرێت و بە ناوی گەلانی تری ئەم ناوچەیەوە بنووسرێت، ئەمە جیا لەوەی كولتوورمان پەرت كراوە و دیسان بەشێكی زۆریش لەو كولتوورە دزراوە، بەشێكی زۆری كەلەپوورمان زەوت كراوە و خەریكە وای لێ بێت بە ناوی گەلانی ترەوە تۆمار بكرێت، لەوانەش خەمهێنتر ئەوەیە كە داگیركەرانی كوردستان ساڵانێكە لە هەوڵی ئەوەدان، كە بەشێك یان چەند بەشێك لە كوردی رەسەن، جا چ بە شێوەزار یان بە ئایین و مەزهەب جیاواز، لە نەتەوەی كورد داببڕن و چوارچێوەی تریان بە باڵادا بكەن.

بۆیە لە سۆنگەی ئەو راستیە تاڵانەوە، لە روانگەی ئەو مێژووەوە كە بەداخەوە زۆر نەوەی كورد دێن و دەچن بێ ئەوەی هیچی لێ بزانن، ئێمە لە دەزگای میدیایی (باس)، هاوشان لەگەڵ ئەو خزمەتگوزارییە رۆژنامەوانی و زانیارییانەی پێشكەش بە خوێنەرانمانی دەكەین، ماڵپەڕی (باسكورد)مان دامەزراند، چاومان لەوەیە ئەم ماڵپەڕە، لەڕێی بەش و بابەتە جیاوازەكانیەوە، لەگەڵ ئەو هەوڵە گرنگ و بایەخدارانەی میژوونووسان و ئەكادیمی و شارەزایانی كورد داویانە و دەیدەن، هەوڵ و هەنگاوێك بێت تا كورد ببێتەوە خاوەن مێژووی دزراوی، هەروەها هەوڵ بدەین لایەنە دزراو و لێزەوتكراوەكانی كولتووری رەسەنی كورد، سەرلەنوێ كۆ بكەینەوە و بیخەینەوە نێو خانەی كولتووری كورد، دەمانەوێ لەڕێی ئەم كارەمانەوە نەوەكانی ئێستا و ئایندە ئەو راستیە بزانن كە كورد نەتەوەیەكی گەورەی خاوەن شارستانیەت و مێژوو و فەرهەنگ و كەلەپووری خۆیەتی، دەمانەوێ نەوەكانی كوردستان ئەو راستیە بزانن كە كورد و كوردستانیان، هیچیان لەو نەتەوە و گەلانە كەمتر نیە كە ئێستا شتن.

لەم هەنگاوەشدا چاومان لە دەست و كۆمەكی مێژوونووسان و كولتوورناسان و كەلەپوورناسان و پسپۆڕان و شارەزایان و ئەدیبان و نووسەران و هونەرزانانی كوردە، چاومان لەو رۆشنبیر و ئەكادیمییانەی كوردە كە لەم بوارە جیاوازانەدا شارەزان، ماڵپەڕی (باسكورد) ماڵی هەموو كورد و كوردستانی و كوردناسێكە، تكایە بە بابەتی گرنگ كۆمەكی (باسكورد) بكەن، تا پێكەوە ئەو ئامانجە باڵایە بهێنینە دی.. مێشك و دڵ و دەرگاشمان بۆ رەخنەكانتان واڵایە، دەمانەوێ لە ئایندەدا ماڵپەڕی (باسكورد) ببێتە لێڤەگەڕ و ژێدەرێكی سەرەكی بۆ كوردناسی، دەمانەوێ هەر كەس پێویستی بە هەر زانیارییەك بوو لەسەر (مێژوو، شوێنەوار، كولتوور، كەلەپوور، هزری)ی كورد و كوردستان، لە دەرگای ئەم ماڵە بدات و بە دەستبەتاڵی نەگەڕێتەوە... ئەمەی خوارەوە هەردوو لینكی ماڵپەڕی (باسكورد) و پەیجی (باسكورد)ە لە فەیسبووك:

https://baskurd.basnews.com/

https://www.facebook.com/baskurd

baskurd.cultur@gmail.com