كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 24/01/2022

كامیان بوون بە تەڵەوە، یەكێكیان یان ھەردووكیان؟

بە فەرمی ڕاگەیاندنی ئەوەی كە بەرھەم ساڵح كاندیدی یەكێتییە بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق، لە لایەن یەكێتییەوە، ئەگەر بەم بڕیارە ھەردووكیان واتە یەكێتی و بەرھەم ساڵح نەبووبن بە تەڵەوە لەوە دڵنیام كە تەڵەكە بە یەكێكیاندا تەقیوەتەوە و خراپ دەستوقاچی پێوە بووە، چۆن؟

1- دەكرێت یەكێتی بەم بڕیارەی تۆڵەی بەرودوا لە بەرھەم ساڵح بكاتەوە، چونكە خۆیشیان دەزانن لە واقیعی ئێستای ڕێككەوتنەكان و تەرازووی ھێزەكان لەناو پەرلەمانی عێراقدا، نەك ھەر بۆ پۆستی سەركۆمار، بەڵكوو ئەگەر بەرھەم ساڵح بۆ پۆستی یاریدەدەری تێبینەر لە فەرمانگەی بەیتەرەی بەغداش بخرێتە دەنگدانەوە ھەر دەرناچێت، كە دەریش نەچوو ئیتر یەكێتی بە بەرھەم ساڵح بڵێت: ”چی بكەین ئێمە ھەتا دوا سات پشتیوانت بووین، بەڵام كەس تۆی ناوێت ئێمە بڵێین چی؟“

2- دەشكرێت سووربوونی بەرھەم ساڵح لەسەر خۆكاندیدكردنەوەی بۆ ئەو پۆستە، بۆ ئەوە بێت كە بە دەرنەچوونی خۆی بۆ ئەو پۆستە تۆڵە لە یەكێتی بكاتەوە و بڵێت ئەوە یەكێتی نەیتوانی دەربچێت و تووشی شكست بوو نەك من، چونكە یەكێتی لاواز بووە و ھیچی نەماوە و ئەگەر ھیچی بمایە منی پێ سەردەخرا! بەمەش ئەوەندەی تر یەكێتی ببات بە ناخی زەویدا، چونكە بەرھەم ساڵح لەناو یەكێتیدا خۆی بە مەغدوور دەزانێت! چۆن خۆی بە مەغدوور نەزانێت ئەو لە ساڵی 2010وە و دوای كۆنگرەی 3ی یەكێتی، یەكێك بوو لە جێگرانی سكرتێری گشتیی یەكێتی و ھەر لە نەخۆشكەوتنی جەنابی مام جەلالەوە خۆی بۆ سەرۆك یان سكرتێری گشتی دانابوو، كەچی ئێستا لەناو یەكێتیدا بووە بە گوڵئەندام!

3- خۆ ئەگەر ئەم بڕیارەی یەكێتی بۆ كاندیدكردنەوەی بەرھەم ساڵح بە فیتی دەوڵەتێكی ئیقلیمیە كە لەمێژە یەكێتی ناتوانێت لە بەرامبەریدا بڵێت لەل، ئەوە بە مانای ئەوەیە كە یەكێتی خاوەنی ھیچ بڕیارێكی خۆی نیە و ئیرادەی بۆ بڕیاردان لێ سەندراوەتەوە، كەواتە ئیتر دەبێ حسابی عەسائیبی ئەھلی حەق یان حزبوڵایەكی عێراق بۆ یەكێتی بكرێت و لە كاتی پاشەكشەشدا لێدوان و دەموپلی ھەندێكیشیان لە لێدوان و دەموپلی قەیس خەزعەلیی عەسائیبی ئەھلی حەق و واسیقولبەتاتی حزبوڵای عێراق دەچێت، ھەر ئەوە ماوە ھەڕەشەی ھاویشتنی درۆنیان بۆ سەر ھەولێر پێ بكەن، ھەندێكیشیان لەجیاتی دەوڵەتێكی ئیقلیمی و وەك ئەوەی نوێنەری ئەو دەوڵەتە ئیقلیمیە بێت ھەڕەشە لە ھەولێر دەكەن! كێ بڕوا ناكات با بچێت لەدوای 9 – 1 كە پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە و تێیدا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان ھەڵبژێردرا، لێدوانەكانی ھەندێك لە بەرپرسانی میلیشیا چەكدارەكانی عێراق و لێدوانی ھەندێك لە یەكێتیەكان بەراورد بكات بۆ ئەوەی بزانێت چ جیاوازییەك لەنێوان لێدوان و دەموپلی ھەردوولایاندا ھەیە؟