كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پسپۆڕێکی ئەمنی: هێرشکردنە سەر بارەگای پارتی و لایەنەکان پەیامە بۆ سەدر

پسپۆڕێکی ئەمنیی عێراقی رایدەگەیەنێت، هێرشکردنە سەر بارەگای پارتی و لایەنەکانی دیکە پەیامە بۆ رێبەری رەوتی سەدر.

ئەمیر ساعدی، پسپۆڕی ئەمنیی عێراقی بە (باسنیوز)ی راگەیاند: بە ئامانجگرتنی بارەگای لایەنەکان بەشێوەی سەرەکی پەیامێکە بۆ موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر.

ئەمیر ساعدی پێیوایە ئەو لایەنانەی لە پشت هێرشکردنە سەر بارەگای لایەنەکانن بە روونی بە موقتەدا سەدر دەڵێن نابێ بەردەوام بی لە داواکردنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق لەسەر بنەمای زۆرینە.

ئەو پسپۆڕە ئەمنییە عێراقییە ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشکردنە سەر بارەگای پارتی و هاوپەیمانیی تەقەددوم پەیامێکی دیکەی لایەنەکانی پشت هێرشەکەیە بۆ رێبەری رەوتی سەدر، بەوەی ئەوان لە یەک بەرەوە هێرش ناکەنە سەر سەدر، بەڵکو لە چەندین بەرەوە هێرشی دەکەنە سەر.

نزیکەی یەک مانگە چەکدارانی تیرۆریست بە هەڵدانی بۆمب و دەستڕێژی گوللە نووسینگە و بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان، رەوتی سەدر و هاوپەیمانیی تەقەددوم و پەرلەمانتارانیان لە کەرکووک و شارەکانی عێراق بە تایبەت بەغدای پایتەخت، دەکەنە ئامانج.

دوایین هێرشی ئەو گرووپانە بۆ سەر نووسینگەی کەرکووکی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بوو کە شەوی چوارشەممە 19-1-2022 رووی دا.

پێشتر لە رۆژی 19-1-2022، موقتەدا سەدر بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشانەی خستە ئەستۆی ئەو لایەنانەی بە ئەنجامی هەڵبژاردن رازی نەبوون و رایگەیاندبوو: ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر بارەگای ئەو لایەنانە و نووسینگەی پەرلەمانتارانیان ”لەسەر لایەنە ناڕازییەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردن حیسابن“.

دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق کە لە رۆژی 10-10-2021 بەڕێوە چوو، هەموو لایەنە عەرەبییە شیعەکان (جگە لە رەوتی سەدر کە بە بەدەستهێنانی 73 کورسی بووەتە براوەی یەکەمی هەڵبژاردن)، خۆیان لە بەرەیەکدا بەناوی (ئیتاڕ تەنسیقی) رێکخست و ناڕەزایی خۆیان بە ئەنجامەکان راگەیاند و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەنجامانەیان کرد.