بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سنووری قەزای چەمچەماڵ بەفرێكی زۆر باری بەهۆیەوە ئاستەنگیی بۆ هاتوچۆ دروست كرد و ئێستاش لایەنە پەیوەندیدارەكان رێگەی نێوان چەمچەمال-كەركووكیان لەبەفر پاك كردەوە.
لەم بارەوە، هەڤال غالیب، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی قایمقامییەتی چەمچەماڵ، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە تیمەكانی شارەوانی چەمچەماڵ و بەڕێوەبەرایەتی پاراستن و ڕێگەوبانی چەمچەماڵ هەستان بە پاككردنەوەی رێگەی چەمچەماڵ-كەركووك لەبەفر و ئێستا هاتوچۆ هەیە و لە چەمچەماڵیشەوە بۆ سلێمانی هاتوچۆ هەیە، بەڵام هاتوچۆ كەمێك زەحمەتە و ئەگەر بۆ حاڵەتی پێویست نەبێ هاتوچۆ نەكرێت باشترە".
ڕاشیگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی چەمچەماڵیش هۆشداری داوە لە چەمچەماڵەوە سەردانی ناحییەكانی سەنگاو و ئاخجەلەر و تەكیەی جەباری نەكەن، چونكە رێگاكان داخراوە هەر بەهۆی ئەو كەشوهەواوە داخراوە.
گوتیشی، بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی كە دەستمان كەوتووە لە سنووری چەمچەماڵ نۆ سانتیمەتر بەفر باریوە.


