لیوا عەبدولخالق تەڵعەت: ئەگەر رەوشی شنگال کۆنتڕۆڵ نەکرێت لەدەست دەردەچێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت: ئەگەر رەوشی شنگال کۆنتڕۆڵ نەکرێت لەدەست دەردەچێت

نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق هۆشداریی لە لەدەست دەرچوونی رەوشی شنگال دەدات.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رێگره‌ له‌ جێبەجێکردنی رێككه‌وتنی شنگال و ئاساییی كردنه‌وه‌ی دۆخی شارەکە.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت هەروەها رایگەیاند: ئەگەر کێشەی نێوان چەکدارانی پەکەکە و سوپای عێراق لە شنگال، چارەسەر نەکرێ ئەوا ”رەوشەکە لەدەست دەردەچێت و رووداوی خراپتری لێدەکەوێتەوە“.

نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، کە پەکەکە و هەموو گرووپە ناشەرعییەکانی دیکە نابێ لە شنگال بمێنن، چونکە ”ئاساییکردنەوەی رەوشی شنگال بەندە به دەرچوونی پەکەکە لە دەەڤەرەکە“.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت دڵنیایی خۆی لەوە نیشان دا کە ئەگەر پەکەکە کێشە بۆ رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی شنگال دروست بکات، ”وڵاتان دەستوەردان لە رەوشەکە دەکەن“.

رۆژی سێشەممە 18-1-2022، سوپای عێراق دوای هەڕەشەی چەکدارانی سەر بە پەکەکە، هەموو دەروازە سنوورییەکانی شنگالی داخست.

گرژییەکان رۆژی هەینیی رابردوو سوپای عێراق پەیکەری چەکدارێکی کوژراوی پەکەکەی لە شنگال هەڵگرت و ئەو حزبەش هەڕەشەی شەڕی دژی سوپا کرد.