ململانێکانی نێوان سەدر و مالیکی عێراق بەرەو كوێ دەبات؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
بێوار ڕه‌حمان 20/01/2022

ململانێکانی نێوان سەدر و مالیکی عێراق بەرەو كوێ دەبات؟

ناکۆکییەکانی نێوان موقتەدا سەدر و نووری مالیکی، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتانەی دوای ساڵی 2004، کە سەدر وەک گەنجێکی عەرەبی شیعیی -عەمامەداری یاخیی، دەیان هەزار چەکدار بەناوی سوپای مەهدی دروست دەکات و دژی ئەمریکییەکان دەجەنگێت و پاشان ماوەیەک دەچێت لە قووم دادەنیشێت و سوپاکەی لەوێوە ئاڕاستە دەکات. پاشان لەدوای 2006ەوە مالیکی دەبێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق و بە بڕیارێک، گەردەلولێک دژی سەدر بەناوی (صولة الفرسان) لە ساڵی 2007 پێک دەهێنێت. پاشان بە سەدان کەس لە گرووپەکەی سەدر دەکوژێت. ئیتر لەوکاتەوە سەدر لە داخی مالیکی، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێرانیش ساردوسڕ دەکاتەوە.

دواتر، مالیکی بە هەر ڕێگەیەک بوو لەگەڵ سەدر ئاشت بووەوە، ئەوەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی، بۆ خولێکی دیكەی دوای ئەوە، مالیکی لە ساڵی 2010 پۆستی سەرۆک وەزیران مسۆگەر بکاتەوە، بەڵام دواتر گەڕێکی دیكە لە ناکۆکیی نێوانیان دەستی پێکردەوە. هۆی ناکۆکییەکەش ئەوەبوو، ئەو مەرج و پەیمانانەی، کە لەدوای ئاشتبوونەوەکە لەنێوانیان هەبوون، جێبەجێ نەکران، وەکو؛
یەکەم: وەزارەتەکانی تەندروستی، داد، نەوت یان کارەبا، لەگەڵ چوار وەزارەتی دیكە پشکی سەدر بوون.
دووەم: بە دیاریکراوی 54 سەرکردەی دیاری (سوپای مەهدی) لە بەندیخانەکان ئازاد بکرێن.
سێیەم: ئەو کوژراوانەی، کە لە شەڕەکانی نەجەف و شوێنەکانی دیكەوە کەوتنەوە، لە دەزگای شەهیدان بە شەهید تۆمار بکرێن. ‌
چوارەم؛ مەزاری (محەمەد سەدر) بخرێتە ناو لیستی شوێنە پیرۆزەکان و وەک شوێنە پیرۆزەکانی نەجەف و کەربەلا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
پێنجەم: هەموو ئەوانەی لە (ڕەوتی سەدر) لەلایەن ئەمریکییەکانەوە دەستگیر کراون، بخرێنە نێو لیستی زیندانییانی سیاسی و بە زیندانی سیاسیی تۆمار بکرێن.
شەشەم: ڕەوتی سەدر 20 باڵێۆز و 150 بەڕێوەبەری گشتیی لە سەرجەم وەزارەتەکان، وەک پشکی خۆی وەربگرێت.

ئەم بەڵێن و خاڵانە لە گەڕی دووەمی ماوەی فەرمانڕەوایەتییەکەی مالیکیدا جێبەجێ نەکران، سەدری خستە سەر کەڵکەڵەی ئەوەی تۆڵەی خۆی، نەک لە مالیکی،و بەڵکو لە حزبی دەعوەش بکاتەوە.

سەدر و پرسیارە بێ وەڵامەکان

سەدر لەگەڵ مانۆڕە سیاسییەکانیدا، دەیان پرسیاری بێ وەڵامی خستووەتە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و کەس نازانێت لەژێر عەمامەکەیدا چی دەگوزەرێت، ئەوە نەبێت، کە ویستی خۆسەپاندنی سەدر بەسەر رەتی شیعی و ماڵی شیعی بە گشتییدا دیارە. لایەنەکانی بەرانبەریش لە ئاوابوونی هەژموونی خۆیان دەترسن.

ئایا ئێرانییەکان لە عێراق بەسەر دوو بەرەی جیاواز دابەش بوون؟

ئێستا ئیتر دەتوانین، ئەوانەی، کە لە دەرەوەی بەرەی سەدر دان، ناو بنێین بەرەی ئێران، وەکوو نووری مالیکی و عەممار حەکیم و قەیس خەزعەلی و هادی عامری، جگە لەوەی "محەمەد کەوسەرانی" کە نوێنەری حزبوڵایە لە عێراق و ئیش لەسەر چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات، بۆیە پێنج کۆبونەوەی ئەنجام داوە، کۆبوونەوە لە ماڵی حەیدەر عەبادی وسێ کۆبوونەوەش لە ماڵی سەید عەممار حەکیم بووە، کە تائێستا نەگەیشتوونەتە دەرەنجامی کۆتایی.
ئیسماعیل قائانی، کە جێگرەوەی قاسمی سولەیمانییە لە سوپای پاسدارانی ئێران و سەرۆکی فەیلەقی قودسە، بۆ یەکەمین جارە پێنج ڕۆژ لە عێراق بمێنێتەوە و نزیکەی سێ کاتژمێر کۆبوونەوە لەگەڵ موقتەدا سەدر بکات. بۆ یەکەمین جارە جەنەراڵێکی گەورەی ئێرانی سەردانی گۆڕی باوکی موقتەدا سەدر بکات و پاشان بچێتە سەر گۆڕی ئەبومەهدی مۆهەندیس.
قائانی لە کۆبوونەوەکانیدا، لەگەڵ هەریەکە لە مستەفا ئەلیەعقوبی و ئەبو دوعا ئەلعیساوی و موقتەدا سەدر و ئەحمەد سەدر و عەلی سەدر دانیشتووە و گفتوگۆی کردووە.
باس لەوە دەكرێ، داوا كراوە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی عێراق و چەند سێکتەرێکی ئەمنیی دیکە بدرێت بە چوارچێوەی هەماهەنگی. لە کۆبوونەوەکەدا موقتەدا سەدر ڕازی بووە، کە تەنانەت وەزارەتی ناوخۆ و ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانیشیان پێ بدات، بەڵام بە مەرجێک، هیچ کام لەو پۆستانە نەدرێن بە نووری مالکی، تەنانەت پشکی بەڕێوەبەرێکی ئاساییش نەدرێت بە مالیکی. بۆیە ئەو ئەرکە قورس بوو بۆ لایەنی ئێرانی و كۆبوونەوەكە بێ ئەنجام كۆتایی هاتووە. ماوەتەوە ڕۆژانی داهاتوو، محەمەد کەوسەرانی، چەند تاکتیكێکی سیاسی و سەربازیی ئەنجام دەدات، یاخود ماڵی سەدر و ماڵ و بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی چاویان لە کۆتا بڕیار و قسەی مەرجەعیەتی باڵا "عەلی سیستانی"یە، کە دوا قسە بکات. لەکاتێکدا ئەگەر لە ساڵی 2007 سەید عەلی سیستانی نەبوایە، ئەوا ئەمریکییەکان لەبەردەم مەزاری ئیمامی عەلی، موقتەدا سەدریان بە پەت هەڵدەواسی و لەناویان دەبرد. ئەو کاتانەی سوپای مەهدی چەندین سەربازی ئەمریکیی کوشت، لە ئەنجامدا سەید سیستانی بو نێوەندگیری، دانوستانی لە نێوان ئەمریکییەکان و سەدردا ڕێکخست.
ئەنجامگیرییەکە لێرەدا ئەوەیە، دواجار دەبێت مەرجەعیەتی باڵا قسەی کۆتایی و یەکلاکەرەوە بکات، چونکە کاراکتەرە سیاسییەکان هەموو یەکتر ڕەت دەکەنەوە و متمانەی نێوان هێزە سیاسییەکان لەوپەڕی لاوازیدایە و پێکهێنانی حکوومەت لە عێراق ئاڵۆزتر ئەکات.