شەپۆڵی بەفربارینی شەوی رابردوو لە سنووری پارێزگای دهۆك، رێگای نێوان پارێزگای دهۆك و قەزای ئامێدیی داخستووە و هاتوچۆی تێدا ناكرێت.
نەشوان یەحیا، بەڕێوەبەری چاككردنەوەی رێگاوبان لە پارێزگای دهۆك، بۆ (باسنیوز) رایگەیاند: "بەهۆی بەفری شەوی رابردووەوە، رێگای سەرەكیی نێوان پارێزگای دهۆك و قەزای ئامێدی داخراوە و تیمەكانیشمان لە بەیانییەوە خەریكی راماڵینی بەفرن، بۆ ئەوەی رێگاكان بكەنەوە”.
بەڕێوەبەری چاككردنەوەی رێگاوبان لە پارێزگای دهۆك گوتیشی: “لە كاتژمێر 7:00ی بەیانییەوە تیمەكانمان خەریكی پاككردنەوەی رێگاوبانەكانن و تا ئێستا توانیویانە رێگای نێوان دهۆك بۆ ئامێدی تا ناحیەی زاویتە و كۆمەڵگای باگێرا پاك بكەنەوە، لەوێ بەولاوە رێگاكان داخراون و تیمەكانیشمان سەرقاڵی پاككردنەوە و راماڵینی بەفرن”.
جەختیشی كردەوە: “لەبەرئەوەی ناوچەكەمان شاخاوییە و شەپۆڵە بەفری ئەمجارەش بە شەو باریوە، بۆیە بەفرێكی زۆر لە ناوچەكە باریوە و لە ناحیەی سەرسنگ و كۆمەڵگای قەدش، كە ناوچەی زۆر نزیكن لە دهۆك، 35 سانتیمەتر بەفر باریوە”.
نەشوان یەحیا، ئەوەشی دووپات كردەوە، كە تیمەكانیان بەردەوام دەبن لە كاركردن، تاوەكوو بەزووترین كات بەفرەكە رابماڵن و تەواوی رێگاوبانەكان بە رووی هاتوچۆدا بكەنەوە.