بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی لێخۆشبوون لە قەرزی کرێی ئاو، دیاری دەکات.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی شارەوانی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ بڕیاری داوە لێخۆشبوون لە قەرزی کرێی ئاو تا رۆژی 28-2-2022 بەردەوام بێت و هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو ئاسانکاری بۆ سوودمەندبوونی هاووڵاتیان لە بڕیارەکە دەکەن.
هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر پێشنیازی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی، بڕیاری لێخۆشبوونی ڕێژەی 15%ی قەرزی كرێی ئاو درا.
ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ داوای لە هاووڵاتیان و هاوبەشانی ئاو لە هەموو سێكتەرەكانی نیشتەجێبوون، بارزگانی و پیشەسازی و هەموو ئەوانەی قەرزی ئاویان لایە کردووە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو بكەن و سوود ”لەو بڕیارە گرنگە“ وەربگرن.