بەرھەم ساڵح و سیاسەتی سواری سەری خۆ بوون!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 19/01/2022

بەرھەم ساڵح و سیاسەتی سواری سەری خۆ بوون!

1- سوور بزانیت ئەو ڕێككەوتنانەی ناو پەرلەمانی عێراق، ناھێڵن دەنگی پێویستی دەستووری بھێنیت بۆ ئەوەی ببیت بە سەركۆمار.

2- سوور بزانیت لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقیش، دەنگ و كورسیی حزبەكەت زۆر لەخوار دەنگ و كورسیی پارتیە.

3- سوور بزانیت ئەو لایەن و حزب و میلیشیایانەی كە لە ساڵی 2018 كردیانی بە سەركۆمار، ئێستا نەك ھەر ناتوانن كاندید بۆ ئەو پۆستە سەر بخەن، بەڵكوو لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەدر و تەقەدوم و عەزم خەریكی گفتوگۆن بۆ ئەوەی تەنیا بەشداری لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقدا بكەن و نەخرێنە دەرەوەی حكوومەت!

4- سوور بزانیت لەناو حزبەكەی خۆیشتدا كۆدەنگیت لەسەر نیە.

5- سوور بزانیت كە ھەتا ئێستا حزبەكەی خۆیشت بەفەرمی ڕاینەگەیاندووە كە بەرھەم ساڵح كاندیدی یەكێتیە بۆ پۆستی سەركۆمار و ئەگەر حزبەكەت ئەمەش بكەن دیسان ھەر دەرناچیت، كەچی تۆ ئەوەندە عیناد بیت بڵێیت نەخێر ھەر خۆم دەبێ ببمەوە بە سەركۆمار!

بەكورتی، سیاسەتی سواری سەری خۆ بوون بریتییە لەم عینادیە كە لەسەر بۆش بینا كراوە، ئەم سیاسەتی سواری سەری خۆبوونە، لە مێژوودا سەری زۆر كەسی خواردووە، ئنجا لە ھەمووی سەیرتر ئەم بەرھەم ساڵحە نزیكەی 25 ساڵ لە بریتانیا و ئەمەریكا ژیاوە كە سیاسەت لەو وڵاتانەدا بریتی نیە لە یان ڕەش یان سپی، بەڵكوو لەو نێوەندەدا ڕەنگی خۆڵەمێشی ھەیە و بەشێكی جەوھەری سیاسەت و ژیانی سیاسی لەو وڵاتانەدا بریتییە لە دانوستاندن و ڕێگەچارەی مامناوەند و لە كاتی پێویستیشدا كشانەوە لە كارێك كە پێشتر شكستی زانراو بێت، كەچی ئەم بەرھەم ساڵحە بە شێوەیەك لەگەڵ پۆست و لەناو سیاسەتدا ڕەفتار دەكات، وەك ئەوە وایە كە ئەو نزیكەی 25 ساڵەی ژیانی لە بیلارووس و كازاخستان و كۆریای باكوور بووبێت نەك بریتانیا و ئەمەریكا.