كاریگەریی ناكۆكییەكانی نێوان ئۆجەلان و دەمیرتاش لەسەر هەدەپە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
کارزان گلی 18/01/2022

كاریگەریی ناكۆكییەكانی نێوان ئۆجەلان و دەمیرتاش لەسەر هەدەپە

ماوەیەكە ناكۆكییەكانی نێوان عەبدوڵا ئۆجەلان و سەلاحەدین دەمیرتاش، كە هەردوو سەركردە ئێستا لە زیندانەكانی توركیادان، چڕ بووەتەوە، بەتایبەت لەبارەی ئەوەی لە داهاتوودا كامیان دەبنە (رێبەر بۆ كوردانی باكوور) و هەروەها كامیان لەڕووی نێودەوڵەتییەوە زیاتر قبووڵكراو دەبێت.

لەناو پەكەكەدا سیاسەتێك هەیە، ئەویش لە ئۆجەلان زیاتر هیچ كەسێكی تر بۆی نییە وەكوو سەركردە و رێبەر ناوی بهێنرێت، ئەگەر كەسێكیش دروست ببێت پێویستە كۆتایی پێبهێنرێت، مەبەست لە كۆتایی پێهێنان، لە مەیدانی سیاسەتدا.

دەمیرتاش كاتێك بووە رێبەری هەدەپە لە توركیا، بەشێكی زۆر لە كوردەكان وەكوو جێگیرەوەی ئۆجەلان ناویان هێنا، تەنانەت لە ئەورووپاش وەكوو سەركردەیەكی گەورە و لێهاتوو ناوی هات، بەشێك لە میدیاكانی ئەورووپاش ناویان لێ نابوو (ئۆبامای كورد)، ئەمەش پەكەكە و موریدەكانی ئۆجەلانی تووڕە كرد.

ئۆجەلان، هەموو كاتێك گوتوویەتی كە لە پرسی چارەسەریدا هەدەپە و دەمیرتاش هەڵە دەكەن و پێویستە هەڵەكانیان راست بكەنەوە، بەڵام دەمیرتاش زۆر جار قسە و بۆچوونەكانی ئۆجەلانی فەرامۆش كردووە. ئۆجەلانیش هەمیشە بەبیر دەمیرتاشی هێناوەتەوە، كە ئەو لە ئاستیدا بچووكە و دەبێت لە سیاسەتدا خۆی بە بچووكتر لەو ببیێت.

سری سوورەیا ئۆندەر، ئەندام پەرلەمانی پێشووی هەدەپە كە یەكێك بووە لەو كەسایەتییانەی لەگەڵ دەمیرتاش و پەروین بوڵدان چەندین جار سەردانی ئۆجەلانیان كردووە لە ئیمیڕاڵی. ئەو بۆ یەكێك لە رۆژنامەكانی توركیا قسەی كرد و گوتی: ”ئۆجەلان بە دەمیرتاشی گوتووە، تۆ لەناو سیاسەتدا یاریكەرێكی باشیت و باش رادەكەیت، بەڵام پێویستە وەكوو درۆگبا بیت و گۆڵ بكەیت، چونكە یاریكردن گۆڵكردنە، نەك تەنیا راكردن“.

لە ریفڕاندۆم بۆ هەمواركردنەوەی دەستووریش لە توركیا، ئۆجەلان پێی باش بووە هەدەپە پشتگیری لە سیستەمی سەرۆكایەتی بكات، بەڵام بینیمان كە چۆن دژایەتیی خۆیان بۆ ئەو سیستەمە دەربڕی و تەنانەت دەمیرتاش دەیگوت ”سیستەمی كۆماریی تاكڕەوی دروست دەكات و هەدەپە لەناوی دەبات“.

پێگەی جەماوەری هەدەپە، دەمیرتاشیان قبووڵە، بەتایبەت ئەو توێژەی تەمەنیان 18 بۆ 24 ساڵانە، بەڵگەش بۆ ئەوە هەڵبژاردنی شارەوانیی 2019 بوو.

لە هەڵبژاردنی شارەوانیی 2019، ئیستانبۆڵ بۆ كاندیدی ئاكەپە و ئۆپۆزسیۆن یەكلاكەرەوە بوو، هەردوو لاش باش دەیانزانی كە دەنگدەری هەدەپە یەكلایی دەكاتەوە كە كێ براوەی شارەوانیی ئەو شارە گەورەیەیە.

هەفتەیەك بەر لە هەڵبژاردن، ئۆجەلان لە رێگەی مەحەمەدی برایەوە نامەیەكی نارد و لە كەناڵی فەرمیی دەوڵەتی توركیا (TRT) خوێندرایەوە، كە داوای لە دەنگدەری كورد كرد، پشتگیری لە كاندیدی ئۆپۆزسیۆن نەكەن و بە ناڕاستەوخۆ گوتی دەنگ بە كاندیدی ئاكەپە بدەن.

لە بەرامبەردا، دەمیرتاش داوای لە دەنگدەری كورد و هەدەپە كرد لە ئیستانبۆڵ، دەنگ بە كاندیدی ئۆپۆزسیۆن بدەن كە ئەكرەم ئیمامئۆغڵوو بوو، دەركەوت دەنگدەری كورد بە گوێی دەمیرتاشیان كرد و دەنگیان بە ئیمامئۆغڵوو دا.

ئەمەش پەكەكەی زیاتر تووڕە كرد و زیاتر ترسیان لە دەمیرتاش هەڵكشا، بۆیە لە میدیاكانی خۆیان فەرامۆشیان كرد و فشاریان خستە سەر هەدەپەش كە داكۆكی لە ئازادكردنی نەكەن، بەڵگەش بۆ ئەوە، تاوەكوو ئێستا هەدەپە داوای لە لایەنگرانی نەكردووە خۆپیشاندان بۆ ئازادكردنی دەمیرتاش ئەنجام بدەن.

چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، رەجەب تەییب ئەردۆغان لە وتارێكدا گوتی: ”دەمیرتاش و ئۆجەلان، جارێ تەسفییەی حیساباتی خۆیان نەكردووە و دەمیرتاش باجی ئەردۆغان دەدات“
ئەمەش بابەتی ناكۆكیی نێوان دەمیرتاش و ئۆجەلانی زیاتر هێنایە بەر باس و شڕۆڤەكاران قسەی جۆراوجۆیان لەسەر كرد.

ئەردۆغان دەیەوێت ناكۆكیی نێوان دەمیرتاش و ئۆجەلان تۆختر بكاتەوە، بەمەش هەدەپە دابەش بكات و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لاوازیان بكات بۆ بەرژەوەندیی خۆی.

ئیستا پرسیار ئەوەیە: ئایا پەكەكە پێی باشە دەمیرتاش ئازاد بكرێت و وەكوو ماندێلا ناوی بهێنرێت، یاخود دەیەوێت كۆتایی بە دەمیرتاش بهێنێت لەڕووی سیاسییەوە؟