عێراقی دوای ٢٠٠٣ لەنێوان هەڵبژاردن و قەیرانەکاندا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
تەحسین وسو عەبدوڵڵا 18/01/2022

عێراقی دوای ٢٠٠٣ لەنێوان هەڵبژاردن و قەیرانەکاندا

لەدوای ٢٠٠٣ فۆڕمێکی تری دەوڵەت لە عێراق ھاتە کایەوە، کە تەواو جیاواز بوو لە فۆڕمی ڕابردووی دەوڵەت، چ لەڕووی بنەمای پێکهاتەکەیەوە، یان لەڕووی چوارچێوە یاساییەکەیەوە.


لەدوای ٢٠٠٣ ئەم فۆڕمە بە چەند قۆناغی جیاواز گوزەری کردووە، ھەر لە سەرپەرشتیکردنی عێراق لەلایەن حاکمی سەربازیی ئەمریکاوە، تا دەگاتە دەسەڵاتی ھەمیشەیی لە عێراق.

لەم نێوەندەشدا چەندین پرۆسەی ھەڵبژاردنی جۆراوجۆر بەڕێوە چوونە، بەڵام کێشەکانی نێوخۆی عێراق ھەر بەردەوام بوونە. بەو مانایەی، هەڵبژاردن گرفتەکانی نێو پڕۆسەی سیاسیی چارەسەر نەکردووە. یەکێک لە نموونە بەرچاوەکان، ھەڵبژاردنی گشتیی ساڵی ٢٠١٠ی عێراق بوو، کە گەورەترین کێشەی تێدا دروست بوو، بە جۆرێک، ناکۆکییە سیاسییەکان لەنێوان لایەنەکانی نێو پڕۆسەی سیاسی لە عێراق گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار.

یەکێک لە فاکتەرە ھەرە سەرەکییەکانی ناکۆکی و ئاڵۆزییەکان دەگەڕێتەوە بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن، لەبەرئەوەی نەیانھێشت ئەو لایەنەی کە براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکان بوو، حکوومەت پێکبێنێت، هەروەها لەدوای هەڵبژاردنی ئایاری ٢٠١٨یش گرفتی پێکهێنانی کابینەی حکوومەت و سەقامگیریی سیاسی ڕووی لە عێراق کرد و دەوڵەتی ناچار کرد، بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان و گێڕانەوەی متمانە و هەیبەتی دامەزراوەکانی دەوڵەت، پەنا بباتە بەر هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام دیسان ناکۆکی و ململانێیەکان هەر بەردەوام بوون و لایەنەکان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان، یاخود ئیدارەدانی قەیرانەکان، لەگەڵ یەکتر نەسازاون.

ئەمەش عێراق بەرەو ڕووی قەیرانی گەورە دەکاتەوە، بەتایبەتی لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتدا، گرفت و ناکۆکییەکان زیاتر زەق دەبنەوە، هەڵبەتە ھاووڵاتییانی عێراقی بە شێوەیەکی گشتی زەرەرمەندی یەکەمی ئەو بارودۆخەن، کە لە دەرەنجامی نەسازانی لایەنەکان هاتووەتە ئاراوە.

کەواتە ئەو بارودۆخەی، کە لەدوای ٢٠٠٣ەوە لە عێراق هەیە، ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت، کە ھەڵبژاردنیش چارەی کێشە و قەیرانەکانی ناوخۆی عێراق ناکات، لە بەرامبەردا، بۆ ئەوەی کۆتایی بە قەیرانە خوێناوییەکان بێت، باشترین بژارە ئەوەیە کە عێراق بە شێوەیەکی کرداری، سیستمی فیدراڵی و لامەرکەزییەت پەیڕەو بکات، نەک سیستمێک، کە هەموو دەسەڵاتەکان لە ناوەندەوە قەتیس بکرێن، لەبەر ئەوەی، ئەم سیستمە عەقلیەتێکی شموولی دێنێتە ئاراوە، کە بڕوای بە دابەشکردنی دەسەڵات نەبێت.

لەپاڵ گرفتە بنیاتییەکانی سیستەم و بارودۆخە ناوەکییە کۆمەڵایەتییە ئاڵۆزەکە، دەستوەردانی هێزەکانی دەرەوەی عێراقیش فاکتەرێکی دیكەیە، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر تەواوی پڕۆسەی سیاسی و ئیرادەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت، لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و ئالنگارییەکانی بەردەمی. بە حوکمی ئەوەی، عێراق ھەڵقوڵاوی بارودۆخێکە، کە لەدەرەوەی ئیرادەی پێکھاتەکانی و لە دەرەنجامی بارودۆخی دەرەکی دروست بووە، ئەمەش وای کردووە، بەدرێژایی مێژووی ھاوچەرخی عێراق، فاکتەری دەرەکی ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەری لە ڕەفتاری سیاسیی دەسەڵاتداران و کارەکتەرەکانی ناوخۆی عێراقدا ھەبێت.

لەدوای ٢٠٠٣ و نەمانی ڕژێمی بەعسی ستەمکار، دەرفەتێکی نوێ هاتە کایەوە، بۆ ئەوەی دەوڵەتانی دەرەکی بەگشتی و دەوڵەتانی ھاوسێی عێراق بەتایبەتی دەست بخەنە نێو کاروباری ناوخۆی عێراق، ھەر یەکەیان بە فاکتەرێکی جیاواز و بۆ مەبەستی بەردەوامیدان بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان و چەسپاندنی ھەژموونی خۆیان لە عێراق، بەردەوام بوون لەسەر عەقلیەتی سەربازی و پاوانخوازیی دەسەڵات.

حکوومەتی ناوەندی ئەو لۆژیکەی بەسەردا زاڵ بووە، ھەر کاتێک بیەوێت ئەو دەسەڵاتەی، کە بەپێی دەستووری دەوڵەتێکی فیدراڵی دەدرێت بە ھەرێمەکان، زەوت بکات و بە شێوەیەکی ناڕەوا و دوور لە مامەڵەی ھاوبەش ھەڵسوکەوت بکات، بۆیە تاکە چارەسەری، کە عێراق لە قەیران ڕزگار بكات ئەوەیە، کە ئەو بنەما دەستکردەی پایە سەرەکییەکانی دەوڵەتی لەسەر بنیات نراوە، لێک ھەڵبوەشێنرێتەوە و بە شێوازێکی دیكە دابڕێژرێتەوە کە لە چوارچێوەی دەسەڵاتێکی فیدراڵیدا، ڕەچاوی خواست و تایبەتمەندیی هەرێمەکان بکرێت، ئەمە عێراق وەک دەوڵەت بەرەو قۆناغی پێشەوە دەبات، نەک قەتیسكردنی هەموو دەسەڵاتەکان لە ناوەنددا.