ئەم تویتەی بەرھەم ساڵح دەفتەرێك دۆلار كەوتووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 17/01/2022

ئەم تویتەی بەرھەم ساڵح دەفتەرێك دۆلار كەوتووە

لەبەر ئەوەی بەرھەم ساڵح كەسایەتیەكی گشتیە! و لەبەر ئەوەشی لەسەر كورد حسابە، منیش وەك ھاووڵاتیەكی كورد بە مافی خۆمی دەزانم كە چاودێریی كار و چالاكیەكانی ئەم سەركۆمارە كوردە بكەم و بەڕای شەخسیی خۆیشم ھەڵسەنگاندنی بۆ بكەم، بۆ ئەوەی بزانم ئەو مووچە و دەرماڵەیەی كە ئەم سەركۆمارە مانگانە وەری دەگرێت، بەبەراورد لەگەڵ كار و چالاكیەكانیدا چەند لەسەر بودجەی عێراق و ھەرێمی كوردستان دەكەوێت!بۆیە دەڵێم ھەرێمی كوردستانیش چونكە بەناوی خەرجیی سیادی و پێشوەخت لە بەغداوە، بەشێك لە بودجەی ھەرێم دەبڕن و پۆستەكەی ئێستای بەرھەم ساڵحیش یەكێكە لە پۆستە سیادیەكان! جا سەیر کەن، ئەوەندەی من ئاگادار بم و لە ماوەی نزیكەی مانگێكدا و وەك سەركۆمار ئەمە كار و چالاكیەكانی بەرھەم ساڵح بووە:

 

1- لە 30 –12 - 2021 و دوای ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقی پەسەند كرد، مەرسوومێکی كۆماریی دەركرد بۆ ئەوەی پەرلەمانی عێراق یەكەم كۆبوونەوەی دوای ھەڵبژاردنەكان بكات و تێیدا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان ھەڵبژێرن.

2- كە پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە و دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانیان ھەڵبژارد، پیرۆزباییەکی لە دەستەكە كرد.

3- ھەر لەم مانگەشدا چووە بۆ پەرلەمانی عێراق و پێداویستی و تفاق و تەداروكاتی خۆی بۆ خۆ كاندیدكردنەوە بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق پێشكەش بە پەرلەمان كردووە.

4- ھەر لەم مانگەدا و چالاكیەكی تری بەرھەم ساڵح ئەوە بوو كە لە 11 -1دا فەرمانی بۆ خانەنشینكردنی ئەندامانی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق دەركرد.

5- ئەمڕۆش 17 – 1 كە سەیر دەکەم بەرھەم ساڵح چالاكیەكی تری ھەبووە! ئەویش لە تویتێكی خۆیدا ئیدانەی تەقینەوە و كارە تیرۆریستیەكانی ئەم دواییانە دەكات. ئنجا ئەمەش ئەو حسابەیە كە مەبەستم بوو:

مووچەی مانگانەی سەركۆمار 80 ملیۆن دینارە 4 ملیۆنیش دەرماڵەی پۆست، ئەمە 84 ملیۆن دیناری مانگانە، ئەگەر تێكڕا ئەم 84 ملیۆن دینارە بەسەر ئەو 5 كار و چالاكییە زۆر گرنگ و مێژووییانەی بەرھەم ساڵح دابەش بكەین، بەمەرجێك ھەتا 12 ڕۆژی تر ھیچ چالاكیەكی تری نەبێت، ئەوە ھەر چالاكیەك لەو چالاكیانەی سەركۆمار، بڕی زیاتر لە 10 ھەزار دۆلار لەسەر بودجەی عێراق و بەشی ھەرێمی كوردستان دەكەوێت كەواتە تویتەكەشی ھەر بڕی زیاتر لە 10 ھەزار دۆلار بەزمانی بازاڕ زیاتر لە دەفتەرێک دۆلار لەسەر بودجەی عێراق و ھەرێمی كوردستان دەكەوێت. دە ئنجا وەرە نەوت بفرۆشە و باج و گومرگ كۆبكەرەوە و بەشێك لە پارەكەی بدە بە سەرکۆمار بۆ ئەو جۆرە چالاكیانە!