راسته‌وخۆ و لایڤ، له مێژووی ته‌له‌ڤزیۆندا شتێكی نوێ نییه و نزیكەی هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنی ته‌له‌ڤزیۆندا هه‌بووە، ئه‌گه‌رچی سه‌رهه‌ڵدانی مانگه ده‌ستكرده‌كان و سه‌ته‌لایت و ئینته‌رێت گه‌شه‌ی ته‌واوی پێ دا.
بایه‌خی ئه‌م شێوازه له په‌خشكردن بۆ زیاتر سه‌رنجدان و زیندوویه‌تی و بایه‌خدانه به شته‌كه لای وه‌رگر، تاكوو زیاتر به واقعی و راسته‌قینه روووداوهكه، یان پرۆگرامه‌كه ببینێت و بزانێت. بۆ ده‌زگا ته‌له‌ڤزیۆنی و رادیۆییهكانیش؛ جگه له زیاتر كاریگهریكردنە سه‌ر وه‌رگر، جۆرێكه له دەستوبردی و ده‌ستبه‌جێ گه‌یاندنی هه‌واڵ و زانیارییه‌كان و ده‌رخستنی توانای كه‌ناڵه‌كه له گه‌یاندنی بابه‌ته‌كه له كاتی خۆیدا.
ئه‌مانه هه‌مووی له رووی میدیاییه‌وه راستن، به‌ڵام ئایا راسته‌وخۆیی بۆ هه‌موو بابه‌تێكه؟ ئایا راسته‌وخۆیی هه‌موو كات خزمه‌ته؟ ئایا له‌گه‌ڵ كاریگه‌رییه زیندوویهتییهكهی بۆ وه‌رگر، له رووی پیشه‌یی و ره‌چاوی ئیتیكی و یاسایی، سایكۆلۆژیی كولتووری میدییاكان له كاتی په‌خشكردنی بابه‌ته راسته‌وخۆ و به‌په‌له‌كان ناكه‌ونه هه‌ڵه‌وه؟ ئه‌ی فیلته‌ر و ده‌رگه‌وان چ رۆڵێكی ماوه له میدیادا؟
ئایا كاریگه‌ری ناكه‌نه سه‌ر به‌های بابه‌ته نووسراوه‌كانی وه‌ك رۆژنامه و گۆڤار، كه چه‌ند رۆژانه ده‌ربچن، یاخود رۆژێ دوو جاریش دەربچن، هه‌واڵ و بابه‌ته‌كانیان كۆن ده‌بن. له‌پێناو رانك و ڤی‌و و ده‌ستكه‌وتی زۆرترین وه‌رگر و ده‌ستكه‌وتنی ریكلام و به‌رزبوونه‌وه‌ی داهاتی ریكلام خه‌ریكه ده‌روون و ئه‌ندێشه‌ی تاك به تاكی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه وێران ده‌كه‌ین. جگه له‌و تێچوونه زۆره‌ی، ره‌نگه له وڵاتێك بۆ وڵاتێكی تر، یان به‌گوێره‌ی گرێبه‌ست و گێگا و كوالێتیی به‌رهه‌مه تهلهڤزیۆنییهكه جیاوازیی هه‌بێت، به‌ڵام له كۆی گشتیدا هه‌ر چركەیهكی تێچووی په‌خشی راسته‌وخۆ سه‌د هێنده تێچووی په‌خشی تۆماریی هه‌یه، ئه‌مه چ به‌هه‌ده‌ردانێكی پاره‌یه!
له‌كاتێكدا (ویلیه‌م گیڵس) پسپۆری بواری میدیا ده‌ڵێت؛ به‌ها و كوالێتیی ناوهڕۆك، كه كاریگه‌ریی قووڵ و به بایه‌خ و ئاراسته‌كه‌ر به‌جێ بهێڵێت لای وه‌رگر، به‌رنامه و بابه‌ته تۆماركراوه‌كان (چونكه ده‌رفه‌ت دهدەنه ته‌له‌ڤزیۆنه‌كان)، ره‌چاوی به‌های سایكۆلۆژی و ره‌چاوی بارودۆخی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تیی وه‌رگر بكه‌ن، هەڵبەتە بابه‌ته‌كانیش جیاوازن.
به‌پێی سه‌رچاوه‌كان، زۆرترین راسته‌وخۆ له وڵاتانی پێشكه‌وتوو تا ساڵانی په‌نجاكان زۆر مۆدێل بوو، ئیتر دوای ئه‌وه ته‌له‌ڤزیۆنه نیشتمانی و لۆكاڵی و ئه‌وانه‌ی كه‌ناڵی خه‌ڵك بوون، راسته‌وخۆیان ته‌نیا له هه‌ندێك بابه‌تی وه‌ك (هه‌واڵی كتوپر و ناوبڕ)، كه گرنگه بگاته وه‌رگر، یاخود هه‌ندێك بابه‌تی نیشتمانیی گرنگ بۆ هاووڵاتییان، یاخود به‌رنامه‌كانی به‌یانییان، هه‌مه‌ڕه‌نگه‌كان و تایبه‌تیان كرد، راسته‌وخۆ به هه‌ندێك بابه‌ت، كه گه‌یاندنی به وه‌رگر پێویسته خێرا و به‌په‌له بێت.
به‌ڵام به‌داخه‌وه؛ له میدیای كوردیدا، كیبەركێیە، گرنگ ئەوەیە كێ زوو بابه‌ته‌كه بگه‌یه‌نێت ئه‌و ده‌بێته پاڵه‌وان، هه‌موو بابه‌تێكیش مه‌راسیمی شایی، بگره تا مردوو و پرسه، گواستنه‌وه‌ی لێدوان، وێنه‌ی رووداو و كاره‌ساته‌كان. ئایا ده‌كرێت ئێمه هه‌موو رووداوێكی جه‌رگبڕ ببینین؟ هه‌موو مردوویه‌ك ببینین؟ هه‌موو سووتاوێك ببینین؟ له‌گه‌ڵ هه‌موو پرسه‌یه‌كدا بگرین؟ ئه‌مه بۆ گه‌وره‌كان بووه‌ته كاره‌سات و رووخانی ده‌روون، ئه‌ی بۆ منداڵ و گه‌نج، كه هێشتا واقع له مێشكی ئه‌ودا زۆر بچووكه؟ هێشتا مردوویه‌كی نه‌بینیوه، قه‌برێكی نه‌بینیوه، رووخانێكی نه‌بینیوه، لافاوێكی نه‌بینیوه... چۆن خه‌یاڵی ئه‌م هه‌موو شتانه ده‌كات؟ كه نه‌ك جارێك له تی ڤییه‌كان بۆی ده‌گوازرێته‌وه، سه‌د جار به‌ركه‌وته‌ی ده‌بێت، بەوەی كه له سۆشیال میدیاش بڵاو ده‌كرێته‌وه. بۆیه هێنده مێشكی ماندووه، ده‌یه‌وێت هه‌ڵبێت و رابكات، وڵات به‌جێ بهێڵێت.
بیرمانه؛ كاتێ كەسێكی پله یه‌كی ئازیزمان ده‌مرد، ده‌پاڕاینه‌وه، توخوا با پێش ناشتن یه‌ك جار بیبینین، نه‌یان ده‌هێشت و ده‌یانگوت خراپه. هەموو بههایەك له كۆمه‌ڵگادا هەبوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه میدیا هیچی نه‌هێشت. باشه میدیای كوردی بیری چووه‌ته‌وه، كە ئه‌ركێكی سه‌ره‌كیی راگه‌یاندن كات به‌سه‌ربردن و حه‌واندنه‌وه‌ی وه‌رگره؟ ئه‌گه‌ر تۆ هه‌موو كاتژمێرهكانیشت بابه‌تی حه‌واندنه‌وه بێت، ره‌نگه به گواستنه‌وه‌ی كاره‌ساتێكی جه‌رگبڕ له‌وانه‌ی بێ فلته‌ر دایده‌به‌زێنیت، بیسڕیته‌وه.
باشه ئارامی و ئاسایشی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌م میلله‌ته بۆ كوێ ده‌چێت، كە ئاوا رۆژانه ئه‌م بابه‌تانه وه‌ك ژه‌هری ده‌روونی و رۆحی پێی دەدرێت؟ ئایا چی له مه‌سه‌له‌كه ده‌گۆڕێت، كه ئه‌و بابه‌ت و بۆنە و رووداوانه، كه باش نییە وه‌رگر بیانبینێت، له‌بری راسته‌وخۆ، كاتژمێرێك یان كاتێكی دواتر په‌خش بكرێن و وه‌رگر بیانبینێت و به فلته‌ردا بڕۆن؟
كاره‌ساته‌كه له‌وه‌دایه؛ وڵاتانی پێشكه‌وتوو، كه راسته‌وخۆ شت په‌خش ده‌كه‌ن، جگه له‌وه‌ی له‌نێوان گواستنه‌وه و په‌خش چه‌ند خوله‌كێك هه‌یه، كه بابەتەكان به فلته‌ردا ده‌ڕۆن، راگه‌یاندنیان به‌ته‌واوی به پره‌نسیپه پیشه‌یی و ئیتیكییهكان رێك خستووه، رۆژنامه‌نووس راهێنراوه پرۆفیشناڵانه كار بكات و شته‌كان بگوازێته‌وه، له گواستنه‌وه‌ی راسته‌وخۆش ره‌چاوی پرینسیپه پیشه‌یی و ئیتیكی و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كان بكات. ئه‌ی ئه‌مه چ كاره‌ساته بۆ میدیای كوردی، كه نه راگه‌یاندنمان به‌م شێوه رێكخستووه، نه زۆربەی رۆژنامه‌نووس راهێنراون، تاكوو پیشه‌یی و به‌رپرسیاریانه له كاتی گواستنه‌وه‌ی راسته‌وخۆكان مامه‌ڵه بكه‌ن؟
ماوه‌ته‌وه بڵێم؛ ئاوڕێك له پەخشی راسته‌وخۆی كه‌ناڵه‌كان بده‌ینه‌وه، بزانین لە تێچوونی مادی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌روونی....هتد، چه‌نده له خهسارۆمهندیداین؟ ئایندهی وڵاته‌كه‌ش له رووی ئارامی و ئاسایش و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری، له‌به‌رده‌م گواستنه‌وه‌ی بێ فلته‌ری هه‌موو شت له‌لایه‌ن رادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانه‌وه، دواتریش سۆشیال میدیاكان به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات؟ راسته‌وخۆ ده‌بێ بمێنێت، به‌ڵام تایبه‌تی بكه‌ین به هه‌ندێك بابه‌ت، كه ناكرێت راسته‌خۆ نه‌بێت و ئه‌ویش به پره‌نسیب و بنه‌ما.