كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

سیاسەتمەدارێکی عەرەبی لە كەركووک داوای لادانی راکان جبووری لە پۆستەکەی دەکات

سیاسەتمەدارێکی عەرەب لە کەرکووک داوا دەکات پارێزگاری شارەکە لە پۆستەکەی لابدرێت و کەسێکی دیکە لە شوێنەکەی دابنرێت.

گشت لایەنە كوردستانییەكانی كەركووك كۆكن لەسەر ئەوەی ڕاكان جبووری كە لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 وەك پارێزگار بەسەر كەركووكدا سەپێندرا، لابدرێت و كوردێك بكرێتە پارێزگار، بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت ڕێگری بكات لەو تەعریبەی كە ئێستا لە سایەی ئەم ئیدارە سەپێندراوە بەڕێوە دەچێت.

بەشێك لە لایەنە عەرەبییەكانیش لەگەڵ ئەوەن ڕاكان جبووری لە پۆستەکەی لابدرێت، چونكە لەماوەی ئەم چوار ساڵەی ڕابردوودا ”زۆرترین گەندەڵی لە كەركووك كراوە و ڕاكان جبووریش لە چەندین دۆسییەی گەندەڵی تۆمەتبار كراوە“.

محەمەد ڕەیاشی، سیاسەتمەداری عەرەب لە كەركووك و گوتەبێژی پێشووی بەرەی یەکگرتووی عەرەبی لە كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: هەر پارێزگارێك بۆ ماوەیەكی زۆر لە پۆستەکەی بمێنێتەوە، ئەوا ”ڕەنگە هەڵە بكات لە كاروباری ئیداریی و دیکتاتۆریەتیش دروست دەبێت“.

محەمەد رەیاشی داوای دانانی پارێزگارێکی ”سەربەخۆ“ی بۆ کەرکووک کرد و رایگەیاند: ”دەبێ پارێزگار كەسێكی پیشەیی و لێهاتو بێ و ئامانجی خزمەتكردنی هەموو پێكهاتەكانی كەركووك بەبێ جیاوازی، بێت“.

ئەو سیاسەتمەدارە عەرەبەی کەرکووک ئاماژەی بەوەش کرد، راکان جبووری خۆی بۆ پەرلەمانی عێراق کاندید کرد و سەرکەوت، ”پێویستە بچێتە پەرلەمان و کەسێکی دیکە بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک دابنرێ بۆ ئەوەی جوڵە بخاتەوە ناو پارێزگاكە“.