شەن و كەوێك دەربارەى جيهانى منداڵ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
عەبدولقەهار هەولێری 15/01/2022

شەن و كەوێك دەربارەى جيهانى منداڵ

منداڵ کێیە؟
ماددەی یەکەمی جاڕنامەی مافەکانی منداڵان وەکوو پێوەر و ستانداردێکی جیهانی بەم جۆرە پێناسەی منداڵ دەکات: ''منداڵ (کچ و کور) ئەو مرۆڤەیە کە تەمەنی لە هەژدە ساڵ تێ نەپەڕیبێت، مەگەر یاسا و وڵاتەکەی تەمەنێکی دیکەی بۆ دیاری کردبێت ... منداڵان لە هەر شوێنێکی جیهاندا بن، هەر منداڵن و لە هەر شوێنێکی جیهانیش بژین، بەبێ جیاوازی هەموویان مافی ژیان و چاودێری و پاراستن و خوێندن و چارەسەرکردن و یاری و پێکەنین و دابینکردنی پێداویستییەکانی گەشە و پێشکەوتنیان هەیە و …هتد''.

پەروەردەکردنی منداڵ
پەروەردەکردنی منداڵ بە شێوەیەکی پڕبایەخ ژیانی ئێمە پێک دێنێت، منداڵان بنیاتنەری دواڕۆژن بۆ وڵات، پێویستە لەسەر هەموو دایک و باوکێک، کاتێک منداڵەکانیان پەروەردە دەکەن، پێش ئەوەی داوای کارێکیان لێ بکەن، فێریان بکەن چۆن هەڵسوکەوت بکەن بەرامبەر بە کۆمەڵگا، پێوستە لەسەر دایک و باوک ئامۆژگاریی منداڵەکانیان بکەن چ کارێک باشە و چ کارێک خراپە، بۆیان ڕوون بکەنەوە کامە کار شیاوە و کام کار نەشیاوە.

شێوازی پەروەردەکردنی منداڵ:
١- فێرکردنی شتە ڕاست و دروستەکان.
٢-‌ نازداری.
٣- دوو تەربیەتی.
٤- ئیهمالی.
٥- توندوتیژی و لێدان.

چەند ڕێنماییەکی پەروەردەیی بۆ دایکان و باوکان و مامۆستایان
پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن کارێکی زۆر ئاسان نییە و کەسانی شارەزا و بەتوانا و لێهاتووی خۆی پێویستە، ئینجا کارەکە زەحمەتتر دەبێت ئەگەر پرۆسەکە بێتە سەر پەروەردەی منداڵان. بۆ ئەوی لە پەروەردەکردن و فێرکردنی منداڵەکانماندا سەرکەوتوو بین، ئەم پێشنیار و ڕێنماییانە دەخەینە بەر دید و دەستمان:
١- نابێت منداڵ ناچار بکرێت بەو جۆرە بیر بکاتەوە کە ئێمە دەمانەوێت.
٢- لە کاتی هەر بڕیارێکدا پێویستە ڕای منداڵ وەر بگیریت.
٣- منداڵان لاسایی کەسانی دەوروبەری خۆیان دەکەنەوە.
٤- نابێت لەبەر چاوی منداڵ شەڕ و ناخۆشی و چارەسەریی کێشەکان بکرێت.
٥- دەبێت تا دەکرێت لە لێدانی جەستەیی منداڵ دوور بکەوینەوە.

ساتێک بۆ منداڵەکەت تەرخان بکە
منداڵ پێویستییەکی زۆری بە دایک و باوک هەیە، لەبەر ئەوە زۆر پێویستە کە باوک و دایک ڕۆژانە چەند ساتێک بۆ قسەکردن و لاواندنەوە و پەروەردە و فێرکردنی منداڵەکانیان تەرخان بکەن، ڕاستە دایک و باوک سەریان قاڵە و زۆربەی کات خەریکی پەیداکردنی پارووە نانێکی حەڵاڵن بۆ منداڵەکانیان، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئیتر دەبێت منداڵەکان پشتگوێ بخرێن، چونکە پشتگوێخستنی منداڵ و تەرخاننەکردنی چەند ساتێک بۆ پەروەردەکردنی، زیانێکی گەورە بە کەسایەتی و باری دەروونیی ئەو منداڵە دەگەیەنێت.

چیرۆک و پەروەردەکردنی منداڵ
بە زۆر شێواز دەتوانرێت منداڵ ڕۆشنبیر و پەروەردە بکرێت، یەکێک لەو شێوازانەش گێڕانەوەی چیرۆکە و دەتوانین گرینگیی چیرۆک لەو خاڵانەی خوارەوەدا کۆ بکەینەوە:
١- هۆکارێکی گرینگە بۆ دەوڵەمەندکردنی زمانی منداڵ.
٢- منداڵ بەهۆی چیرۆکەوە شارەزاییەکی زۆری بۆ پەیدا دەبێت.
٣- منداڵ لە ڕێگەی چیرۆکەوە فێری زۆر سیفات و ڕەوشتی جوانی کۆمەڵایەتی و مرۆڤانە دەبێت.
٤- بەهێزکردنی پرۆسەی ژیری.
٥- منداڵ دەتوانێت لەڕێگەی چیرۆکەوە لە زۆر گرژی و ئەندێشەی ئاڵۆزی دەروونی ڕزگاری ببێت.