كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

وەزیری تەندروستی: لە نێو تەشەنە و بڵاوبوونەوەی کۆرۆناداین

"شه‌پۆله‌كه‌ چوار هه‌فته‌ ده‌خایه‌نێ و ده‌گاته‌ لوتكه‌"

  وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هۆشدارییەکی توند دەدات و ڕایدەگەیەنێت، لە نێو شەپۆلی چوارەمی کۆرۆناداین، تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە چوار هەفتە دەخایەنێت.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 15/1/2022، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئێستا هەرێمی کوردستان لە نێو شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنادایە، تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە زیاد بووندایە".

ئامارەکانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە و بەگوێرەی  ئامارەکانی دوێنێی وەزارەتی تەندروستی لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە هەزار توشبووی نوێ تۆمار کراون.

سامان بەرزنجی، ئاماژەی بەوەش کرد، کە شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسەکە بە جۆرێک تەشەنە دەکات تا دەگاتە لوتکە، گوتیشی: "ئەو شەپۆلە چوار هەفتە دەخایەنێت و دەگاتە لوتکە، بۆیە دەبێت هاووڵاتییان پابەندی بەستنی ماسک و خۆپارێزی و وەرگرتنی ڤاکسین بن".

وەزیری تەندروستی جەختی کردەوە بۆ هەر شەپۆلێكی نوێی كۆرۆنا رێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر، گوتیشی: "پێشبینی ئێمە ئەوەیە ڤایرۆسی ئۆمیکڕۆن بەرەو زیاتر دەڕوات و ژمارەی تووشبووان زیاتر دەبێ، ئێمەش چەند ڕێکارێکی خۆمان هەیە گرتوومانەتە بەر".

ڕۆژی 6/1/2022 پێنج تووشبووی ڤایرۆسی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن لە  هەرێمی کوردستان لە دهۆک تۆمارکران کە هەموویان ئەندامی یەک خێزان بوون.