ئیسماعیل نامیق هەڵەی فەرموو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
دیار عه‌زیز 13/01/2022

ئیسماعیل نامیق هەڵەی فەرموو

 

د. ئیسماعیل نامیق كە جاران گۆڕان بوو، بەپێی قسەكانی ئێستای بێت، لەوە دەچێ بووبێتە یەكێتی، یانیش بە دڵی ئەوان بدوێت، بەڵام نووسینێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا بە حسابی خۆی بە پشت بەستن بە دوو بڕگەی ماددەی (٦٨) لە دەستووری هەمیشەیی عێراق، باسی لەوە كردووە كە د. هۆشیار زێباری ناتوانێت خۆی كاندید بكات.

من پێموایە ئیسماعیل نامیق كەوتووەتە هەڵەوە، بە پشت بەستن بە بۆچوونی شەخسیی خۆی كە تێكەڵە بە هەڵچوونێكی نائاسایی و بەبێ هیچ سەنەدێكی قانوونی قسەكانی فڕێ داوە، ئەگینا كاك هۆشیار زێباری هەموو مەرجەكانی ماددە (٦٨)ی تێدایە كە لێرەدا بە كورتی هەوڵ دەدەم ڕوونی بكەمەوە.

ئەو ماددەیەی دەستووری عێراق لە چوار بڕگە پێكهاتووە، كاك هۆشیار لە هەر چوار بڕگەكەدا كێشەی نییە، بەڵام ئیسماعیل نامیق و یەكێتییەكان و هاوئاوازەكانیان تەنیا وشەیەكی بڕگەی سێیەمی ماددەكەیان كردووەتە بیانوو بۆ قسەكانیان.

هەموومان دەزانین عێراق یەكێكە لە گەندەڵترین وڵاتانی دونیا، تا ئێستا هیچ بەرپرسێكی باڵا لە عێراق لەسەر گەندەڵی سزا نەدراوە و لە پۆستەكەی لانەدراوە، بەڵكوو ئەوانەی بە پاساوی جۆراوجۆر سزا دراون، دوای ماوەیەك خۆیان حوكم یان سزاكەیان گۆڕیوە. بۆ نموونە رافع عیساوی، وەزیری پێشووتری دارایی عێراق كە كاتی خۆی بە تۆمەتی تیرۆر لە دادگا حوكمی لە دژ دەركرابوو، لە مانگی شەشی ساڵی 2020 بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق حوكمەكەی هەڵوەشایەوە، ئایا كەس زانیویەتی دادگای عێراق حوكمێكی لە دژی كاك هۆشیار زێباری دەركردبێت؟

ئەگەر كاتی خۆی لە پەرلەمانی عێراق متمانە لە كاك هۆشیار زێباری سەندراوەتەوە بە پاساوی گەندەڵی! لایەنی عێراقی خۆشیان باش دەزانن ئەوە بیانوو پێگرتن بوو، هۆكارە ئەسڵییەكەی بابەتی ریفراندۆم و شەڕی ئەوكاتی پەرلەمانی عێراق بوو كە لە دژی پارتی هەندێك لایەنی عێراقی بە موبارەكەی هەندێك لایەنی كوردستان لەنێویشیاندا تاقمێكی یەكێتی كە دۆستی خۆیان بوو، دەریانكرد، بۆیە ئەمە نابێتە بەڵگەیەكی یاسایی لە دژی ئەو كە نەتوانێت خۆی كاندید بكات. جگە لەوەی بنەمایەكی گرنگی یاسایی هەیە كە دەڵێ: (اصل الانسان براءة) واتە مرۆڤ لە بنەمادا ئەستۆی پاكە تا ئەو كاتەی پێچەوانەكەی دەسەلمێندرێت، شوێنی ئەو سەلماندنەش دادگایە نەك پەرلەمانێك كە بە سیاسی بڕیارەكانی خۆی دەدات، هەموان دەزانن ئەگەر لایەنی عێراقی بەڵگەیەكیان هەبوایە، پەنایان بۆ دادگا دەبرد، بەڵام لەبەر ئەوەی بەڵگەی پێویستیان لەبەر دەست نەبووە، نەیانتوانیوە ئەو تۆمەتانەی دەیاندایە پاڵ د. هۆشیار بیسەلمێنن، بۆیە نەوێران پەنا بۆ دادگا ببەن. 

هەروەها بەشداریكردنی كاك هۆشیار زێباری لە پرۆسەی ریفراندۆم بە هەمان شێوە نابێتە پاساو بۆ ئەوەی بڵێن ئەمە پێچەوانەی بڕگەی سێیەمی ماددە (٦٨)ی دەستوورە، چونكە هیچ بڕیارێكی فەرمی نییە لە ئاستی عێراقدا سەركردایەتیی سیاسیی كورد لەوانەی سەرپەرشتیی ڕیفراندۆمیان كرد، بە نادڵسۆز بۆ عێراق وەسف بكات، بەڵكوو ئەوان وەك هەر كەسێكی دیكە هاووڵاتییەكی عێراقین.

هەرچی بڕگەی چوارەمی ماددە (٦٨)ی دەستوورە كە داوا دەكات ئەو كەسەی دەبێتە سەركۆمار، بە تاوانێكی پەیوەندیدار بە شەرەف حوكم نەدرابێت، بە دڵنیاییەوە كاك هۆشیار هیچ بڕیارێكی لە دادگای عیراقی لە دژ دەرنەچووە تاوەكوو ببێتە هۆی ئەوەی بیانووی پێ بگرن.

بۆیە ئەو نووسینەی ئیسماعیل نامیق زۆرتر دڵدانەوەی ئەوانەیە كە حەز دەكەن كاك بەرهەم ساڵح ببێتە سەركۆماری عێراق، هەرچەند ئەگەر بێینە سەر ناوبانگی باش، دەبێ ئەوان بپرسن ئاخۆ بەرهەم ساڵح كە لە 2018دا حزبەكەی خۆی بە كورسیی سەركۆمار گۆڕییەوە، ئایا ناوبانگباشییە یان چی؟

پێموایە ئەگەر پارتی بیەوێ تا كۆتایی كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەركۆمار بهێڵێتەوە، لە چەند رۆژی داهاتوو هەموان دەبینن هۆشیار زێباری نەك هەر توانیویەتی خۆی كاندید بكات، بەڵكوو بە دەنگی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر و هاوپەیمانیی عەزم، زۆر بەئاسانی دەبێتە سەركۆماری عێراق، مەگەر دانوستاندن و گفتوگۆ و رێككەوتنی سیاسی و سازانی جیاواز، بە ئاقاری دیكەدا بڕۆن، دەنا هیچ لەمپەر و كێشەیەكی یاسایی، لەبەردەم د. هۆشیار زێباریدا نییە و بەدڵنیاییەوە لە سەركۆماری پێشوو باشتر دەبێت بۆ دۆخ و خەڵكی عێراق و خەڵكی هەرێمی كوردستانیش.

 

*پارێزەر