كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

سلێمان حه‌سه‌ن: پەکەکە بەمەبەست پەیکەر و گۆڕستان لە شنگال دروست دەکات

بەرپرسی لیژنەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال ڕایگەیاند، چەکدارانی پەکەکە دەستیان کردووە بە دانانی پەیکەری ئەو کەسانەی لەناو ڕیزەکانیاندا دەکوژرێن و ئەمەش شتێکی مەترسیدارە لەسەر پاشەڕۆژی شنگال، چونکە دوای نەمانی پەکەکەش لە شنگال، تێکدانی پەیکەری کوژراوەکانی ئەوان دەبێتە ئاستەنگی.

سلێمان حه‌سه‌ن، بەرپرسی لیژنەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''چەکدارانی پەکەکە لە شنگال و سنوونێ پەیکەر بۆ ئەو سەرکردانەی خۆیان دروست دەکەن کە دەکوژرێن و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە پەکەکە خۆی بە خاوەنی شنگال دەزانێت و دوو گۆڕستانیان بۆ شاردنەوەی کوژراوەکانیان لە شنگال دروست کردووە و هەرکاتێک چەکدارێک، یان سەرکردەیەکیان دەکوژرێت، پەیکەرێکی بۆ دروست دەکەن، دانانی پەیکەر و گۆڕستان لەلایەن پەکەکەوە لە شنگال مەترسییە لەسەر پاشەڕۆژی شنگال، چونکە ئەو کاتەی پەکەکە شنگالیش چۆڵ دەکات، ڕی نادات پەیکەرەکان و گۆڕستانەکانیان تێک بدرێت و ئەگەر لاببرێن، دەبێتە هۆی ئاڵۆزی، بۆیە پێویستە هەرئێستا ڕێیان پێ نەدرێت ئەو کارە بکەن''.

بەرپرسەکەی پارتی ئاشکرایشی کرد: ''پەکەکە لە دانانی ئەو پەیکەر و گۆڕستانانە مەبەستی هەیە و لە ناحیەی سنوونێ پەیکەریان داناوە و لە ناوەندی قەزای شنگالیش لە نزیک بارەگای لقی ١٧ی پارتی جێیان بۆ دانانی پەیکەری سەرکردەیەکی خۆیان دروست کردووە، ئەگەر ڕۆژێک ئەو پەیکەرانە تێک بدرێن پەکەکە دەڵێت ئەوە پەیکەری ئێمە تێک دەدەن و دیارە ئەو خەڵکەی لایەنگری ئەوانیشن نایەڵن پەیکەرەکان لا ببرێن''.

سلێمان حه‌سه‌ن ئەوەیشی نەشاردەوە کە پەکەکە دەیەوێت لە ڕێی ئەو پەیکەرانەوە پەیوەندییەک لە نێوان خۆیان و خەڵکی شنگالدا چێ بکات و ئەوەش بە مەبەستی سیاسی دەکات بۆ ئەوەی لە پاشەڕۆژدا بڵێن لە شنگال قوربانییان داوە.

بەرپرسی لیژنەی پارتی جەختی لەوەش کردەوە کە هیچ کەس و لایەنێک هەندەی هەرێمی کوردستان شەهیدی نەداوە و هیچ گۆڕستانێکیش بۆ شەهیدانی هەرێمی کوردستان دروست نەکراوە، بۆچی پەکەکە گۆڕستانی تایبەت بۆ کوژراوەکانی چی دەکات! دیارە بە مەبەست ئەو کارە دەکەن و دەبێت ڕێیان پێ نەدرێت.

سلێمان حه‌سه‌ن ئاماژەی بەوە دا کە شەوی ڕابردووش پەکەکە هەوڵی دا پەیکەری سەرکردەیەکی خۆیان بە ناوی سەردەشت شنگالی کە ماوەیەک لەمەوبەر لە شنگال کوژرا لە بازگەیەک دابنێن، بەڵام سوپای عێراق ڕێگریی لێ کردن و لە ئەنجامدا لە نێوان چەکدارانی سەر بە پەکەکە و سوپای عێراقدا ئاڵۆزی دروست بوو، ئەمەش جاری یەکەم نییە کە چەکدارانی پەکەکە کێشە بۆ سوپای عێراق چی دەکەن، بەڵام بەغدا بێدەنگە، دەبێت بەغدا لە بەرانبەر ئەو ڕەفتارانەی چەکدارانی پەکەکەدا بێدەنگ نەبێت.

بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: ''بۆ سوپای عێراق باش نییە بە چەند ڕۆژ جارێک لەناو شنگالدا لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە تووشی ئاڵۆزی ببن، هێشتا نەمانبینیوە ئەو تێکدارانە دەستبەسەر بکرێن و سزا بدرێن، ئەگەر دەستبەسەریش بکرێن حەشدی شەعبی دەستوەردان دەکات و ناهێڵێت خەڵکی تێکدەر سزا بدرێن، هەربۆیە چەکدارانی پەکەکە بەردەوام کێشە و ئاڵۆزی دەنێنەوە لەناو شنگالدا''.