كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

رۆڵی كاریگەری هەرێمی کوردستان لە لابردنی عێراق لە لیستی وڵاتانی سپیکەرەوەی پارەدا

چاکسازی، دیپلۆماسی و ئۆپەراسیۆنەکانی دژەتیرۆر بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەی دارایی داعش هۆکاری سەرەكیین

لابردنی عێراق لە لیستی وڵاتانی سپیکەرەوەی پارە، لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە، پەیوەندیی زۆری بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئۆپەراسیۆنەکانی دژەتیرۆری هەرێمی کوردستانەوە لە ساڵانی رابردوودا، هەبووە. نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە یەکێتیی ئەورووپا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە سڕینەوەی عێراق لە لیستی وڵاتە مەترسیدارەکانی سپیکردنەوەی پارە، گرنگییەكی زۆری بۆ گەشەی ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت.

هەماهەنگیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق

یەکێتیی ئەورووپا دوای جێبەجێکردنی مەرجەکان، عێراقی لە لیستی وڵاتانی مەترسیدار لە سپیکردنەوەی پارە دەرهێنا، ئەوەش پەیوەندیی زۆری بەو هەماهەنگییە هەبووە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق کردوویەتی.
شەوی رابردوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکیدا پێشوازیی گەرمی لە بڕیاری یەکێتیی ئەورووپا كرد بۆ لابردنی عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەی کە مەترسیی زۆری سپیکردنەوەی پارەیان لەسەرە.

هاوکات لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە دا، کە ”لەم ساڵانەی دواییدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا، بە هەماهەنگیی لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، پێکەوە کاریان کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی باربووکردنی دارایی تیرۆر و تۆڕەکانی تاوان، لەنێویشیاندا ئەنجامدانی زیادکردنی ئاشکرا و ئاڵۆگۆڕ و کاروباری نایاسایی بە دراو“.

چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

هەر لە پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دا لە بواری دارایی گشتی و شێوازەکانی ئەنجامدانی گرێبەست و ڕێکارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکان و فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەکی ڕوون و شەفاف، کە لەلایەن کۆمپانیای دیلۆیتەوە وردبینیی بۆ دەکرێت، کە ئەوانە بوونەتە هۆی ئەوەی، بەهێزتر شەڕی گەندەڵی بکەن، هەروەها توانیویانە بە شێوەیەکی باشتر، چاودێریی داهاتەکان بکرێت، ئەوەش لە ڕێگەی بەستنەوەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە سیستەمی بانکیی جیهانییەوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەر لە پەیامەکەیدا، روونی كردەوە: ”بۆ ئێمە لە کوردستان، ئەم بڕیارەی یەکێتیی ئەوروپا، هەنگاوێکی تایبەتە، داعش هەوڵی دا و شکستی هێنا لە تێکدانی ژیانمان. بۆیە ئێمە لە سەنگەری پێشەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانداین بۆ پەکخستن و ڕیشەکێشکردنی هەوڵەکانی بەدەستهێنانی پشتیوانیی دارایی و خۆپارەدارکردن لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی (گرووپی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پارەدارکردنی داعش)“.

هاوکات، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە ئەوە ڕاستە ئەو گۆڕانکارییانە لەپێناو باشترکردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراون، بەڵام ئەگەر ئەم چاکسازییە ئابووری و خۆڕێکخستنەوانە نەکرانایە و ڕووبەڕووی کێشەی بازرگانیی نایاسایی نەبوونایەتەوە، ئەوا ئێستا ئەو دەرفەتە نەدەڕەخسا، بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوڕێکانیان لە ئەورووپا هەماهەنگی بکەن.

مەسرور بارزانی، گوتیشی: ”ئەم سەرکەوتنەی ئەمڕۆ ئێمە بەدەستمان هێناوە، هاوکات لەگەڵ داننانی ئەوروپا بە هەوڵە هاوبەشەکانی هەولێر و بەغدا، پێویستە هاندەرێکی زیاتر بێت بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوانمان، لەپێناو دابینکردنی ئایندەیەکی گەشی ئابووری بۆ نەوەکانمان، کە من دڵنیام ئەمە دەبێتە وەرچەرخانێک، لە هەنگاونانی کوردستان بەرەو دواڕۆژێکی جیهانی و ئاسوودە و ئارام بۆ خەڵکی کوردستان“.

گه‌وره‌ترین كەیسی گه‌نده‌ڵی له عێراق

لەدوای 2003 و حوکمی چەند لایەنێکی عەرەبی شیعەی باڵادەست بەسەر هەموو جومگە سەرەکییەکاندا لە عێراق، سپیکردنەوەی پارە بووەتە گەورەترین كەیسی گەندەڵی، کە بەپێی یەکێک لە راپۆرتەکانی ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، کە لە ساڵی 2020 بڵاوی کردەوە، عێراق یەکێک بوو لە وڵاتە هەرە گەندەڵەکانی جیهان، کە بە شێوەیەک له‌ڕووی شەفافیەتەوە لە پلەی شەشەمی وڵاتانی عەرەبیدا‌ و لەسەر ئاستی جیهانیش لە كۆی 180 وڵات، لە پلەی 162دا ناوی هاتبوو.

ئەوکات، سامر زیاب، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگەیاند: ”ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، پێوەند بە سپیکردنەوەی پارە و ئەو موڵکانەی، کە بەشێکیان بەو پارانە کڕدراون، لە ساڵی 2011وە لیژنەیەكی بۆ بەدواداچوونی موڵك و سامانە داراییەكانی عێراق لە وڵاتانی دەرەوە پێكهێناوە و بەپێی بەدواداچوونەكانیان، عێراق لە وڵاتانی جیهاندا خاوەنی چەندین هۆتێل و خانوو و كۆشك و كێڵگە و زەویی كشتوكاڵییە، كە بەهاكانیان بە پارەی نەختینەیی دەكاتە 87 ملیار دۆلار“.

گوتیشی: ”عێراق لە وڵاتانی سریلانكا و ڤێتنام و تایلاند، خاوەنی چەندین كێڵگەی كشتوكاڵی و خانووبەرەی گەشتیارییە، كە رووبەری زەوییەكانیان دەگاتە 36 هەزار هێكتار و لە ئیسپانیا و ئیتالیا و فەرەنساش خاوەنی چەند هۆتێل و چێشتخانەیەكی پێنج ئەستێرەیە، بەڵام بەهۆی لاوازیی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی عێراقییه‌وە لەدەرەوە، تا ئێستا عێراق نەیتوانیوە داوای موڵكە بەتاڵانبراوەكانی بكاتەوە“.

جگە لەوانەش، بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، لە عێراق لە ساڵانی رابردوودا زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار پارەی کاش بە ناوی پرۆژەی وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون براوەتە دەرەوە و پڕۆژەکانیش دیار نین.

ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانان و دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان

لە ساڵانی رابردوودا، دژه‌تیرۆری کوردستان، سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، چەندین جار به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى، ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوانەیان بەسەر گرووپەکانی داعشدا ئەنجام داوە و تۆڕی سەرەکیی سەرچاوەی دارایی داعشیان دەستگیر کردووە.

لە ساڵی 2018، گۆڤاری‌ (فۆڕن پۆڵیسی‌)ی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ له‌ راپۆرتێكیدا ئاشکرای کرد، سه‌ركرده‌كانی‌ داعش لەدوای شکستی رێکخراوەکەیان لە عێراق و سووریا،‌ نزیكه‌ی‌ 400 ملیۆن دۆلاریان بردووه‌ و له‌ ڕێی‌ تۆڕێك له‌ ئه‌ندامانی‌ گرووپه‌كه‌یانەوە، هه‌وڵی‌ سپیكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بڕه‌ پارەیەیان لە ڕێگەی هەندێ لە نووسینگەکانی دراوەوە لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە داوە، هەروەها دەستیان کردووە بە کڕینی خشڵ و ئاڵتوون، تاوەکوو لە داهاتوودا بە فرۆشتنیان سوودی لێ وەربگرن.

بەڵام، هەر لەو ساڵەدا، لە راگەیەنراوێکدا، به‌ڕێوه‌به‌راتیى گشتیى دژه‌تیرۆری کوردستان، سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە دژه‌تیرۆری کوردستان، سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژ به‌ رێكخراوى تیرۆریستیى (داعش)، دواى وه‌رگرتنى ره‌زامه‌ندیى دادوه‌ر، له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكى سه‌ركه‌وتوودا‌ له ‌رێكه‌وتى 6-10-2018، توانیویانە تۆڕێكى گه‌وره‌ى سه‌ره‌كیى سه‌رچاوه‌ى دارایى رێكخراوى تیرۆریستیى (داعش) ده‌ستگیر بكەن، كه‌ له‌ عێراق و سووریا كاریان کردووە.

گرنگیی بڕیارەکە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، سەرەتا لەبارەی هۆکارە سەرەكییەكانی بڕیارەکەوە بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، هەماهەنگیی هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها ئەو چاکسازییانەی، کە مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەم کابینەیەدا دەستی بۆ بردن، ئەوانە هۆکاری کاریگەر بوون لەوەی کە یەکێتیی ئەورووپا ئەو بڕیارە بدات، چونکە ئەو هەنگاوانە کاریگەریی باشیان هەبووە لە تێڕوانینی یەکێتیی ئەورووپا بۆ هەموو عێراق، چونکە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق.

ئاژگەیی گوتیشی: ”ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانان، کە هاوبەشییان بە دژەتیرۆری کوردستان کردووە، بۆ بنەبڕکردنی سەرچاوەکانی دارایی داعش، بێ گومان ئەوەش رۆڵ و کاریگەریی خۆی هەبووە، چونکە داعش هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ سپیکردنەوەی پارە لە عێراق“.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، لەبارەی گرنگیی ئەو بڕیارەوە ئاماژەی بەوە دا، ئەو بڕیارە زۆر دەرگا لەبەردەم عێراق و هەرێمی كوردستان دەکاتەوە، یەکێک لەوانە، پەرەپێدانی سیستەمی بانکییە، بە بە بەشداریی بانکی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کە دەتوانرێ لەمەودوا بانکەکان بە شێوەی دیجیتاڵ و راستەوخۆ بە بانکەکانی وڵاتان ببەسترێنەوە.

گوتیشی: ”ئەو بڕیارە دەرگای وەبەرهێنان لەنێوان ئەورووپا و عێراق و هەرێمی کوردستان دەکاتەوە، کە پێشتر بوونی عێراق لەو لیستە زۆر ڕێگریی کردووە، ئەوەش هانی زیاتری کۆمپانیا ئەورووپاییەکان دەدات، کە بێنە هەرێمی کوردستان و عێراق و زیاتر وەبەرهێنان بکەن، لەبەرئەوە، دەتوانین بڵێین، ئەمە دەستکەوتێکی دیپلۆماسی و ئابووریی زۆر باشە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، کە هەردووکیان توانییان بە هەماهەنگیی یەکتری، ئەو بەربەستە لەبەردەم خۆیاندا لابدەن“.

پاکێجی جیاکراوە لە عێراق

هاوکات، رۆژنامەوانی ئابووری، بیلال سەعید، سەرۆكى ئينستيووتى ئابوورى، بە ژمارە، سەبارەت بەو پرسە بۆ (باسنیوز)ی ڕایگەیاند، بابەتى دەرهێنانى عێراق لە ليستى پارەداكراوەكان دەرگايەكى گەورە بە ڕووی عێراق بەگشتى و كوردستان بەتايبەتى دەكاتەوە، بۆيە گرنگە بۆ هەرێمى كوردستان، پاكێجى خۆى تەنانەت لە عێراق جيا بكاتەوە، چونكە پرسى سپيكردنەوەى پارە ئەوەندەى لە عێراقدا هەيە، بەدڵنيايیەوە لە كوردستان نييە، چونكە زەمينەى دارايى و دەستتێوەردانى دارايى لە عێراق زۆر زياتر و مەترسيدارترە، بۆيە زۆر گرنگە كوردستان پاڵپشتیی ئەم زەمينە تازەى يەكێتیى ئەوروپا بكات و كار بۆ جياكردنەوەی فايلى كوردستان بكرێت لە عێراق.

گوتیشی: ”بارودۆخى ئابوورى و دارايى و بازرگانیكردن لەنێوان عێراق و هەرێمى كوردستان زۆر بەئاسانى هەست پێدەكرێت و جياوازييەكە روونە، بۆ نموونە، بارى ئەمنى كە كۆڵەكەى بازرگانی و ئابوورييە، لە كوردستان باشترە لەچاو عێراق، بەڵام لە ئاستى دەوڵەتدا، عێراق لە رووى ئابوورى و بازرگانیكردنەوە باشترە، چونكە سياسەتى نەختى و دارايى بە پلەى يەكەم عێراق لە ئاستیدا بەرپرسيارە نەك هەرێمى كوردستان، بەڵام ئەگەر هەوڵەكانى چاكسازى لە كوردستان سەركەوتوو بن و ياساى بودجە پەسەند بكرێت و دەستەى دەستپاكى رۆڵى خۆى بگێڕێت و دامەزراوەكان لە رووبەرووبوونەوەى گەندەڵى هاوكارى حكوومەت بن، ئەوە بەدڵنيايیەوە كوردستان لە پرۆسەى شەفافيەت زۆر باشتر تواناى پێشەوەچوونى هەيە، چونكە بارى عێراق لە هەموو رووەوەكانەوە بۆ باشتربوون وەكوو هەرێمى كوردستان نييە“.

لای خۆشیانەوە، د.محەمەد عەلی عوزێری، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، عێراق بۆ خۆدەربازکردن لەو تۆمەتانە و دەرهێنانی ناوی لە لیستەکە، بەتایبەتی لەلایەن بانکی مەرکەزی و داراییەوە، بۆ بانکەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو کارە چەندین رێنمایی توندی دەرکرد کە ئەوانیش دیارە شوێنی خۆیان گرت، بەڵام تا گەندەڵی بەردەوام بێت، سپیکردنەوەی داهاتەکان و پارەش بەردەوام دەبێت، گوتیشی: ”تەنانەت یاسای قەرزی عێراق کە لە خولی رابردوودا لە پەرلەمانی عێراق پەسند کرا، ئەویش بەشێک بوو لە سپیکردنەوەی پارەی بەرپرسانی عێراق، کە بە قەرز بە حکوومەتیان داوە، کەوابێت گرنگە بە هەموو شێوەیەک کۆنتڕۆڵی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە بکرێت، ئەو یاسایانەش لەم خولە نوێیەی پەرلەمانی عێراق هەموار بکرێنەوە، کە دەرفەتیان بۆ سپیکردنەوەی پارە رەخساندووە".