شێوازى ژیان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

2

(شێوازى ژیان) ده‌سته‌واژه‌ و زاراوه‌یه‌كى پڕئاڵۆزه‌، چونكه‌ هه‌موو ئایینه‌كان، هه‌موو خورافه‌ته‌كان و هه‌موو بیروباوه‌ڕه‌كان پێكه‌وه‌ گرد ده‌بنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ واتایه‌ك بگه‌ن، یان پێناسه‌یه‌ك بدۆزنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ناودێرى بكه‌ن. هێندێك جار هه‌مووشیان پێكه‌وه‌ به‌م شێوازى بازاڕكردنه‌ى ئێستاى جیهان و به‌م سیستمه‌شه‌وه‌، كه‌ زانستیشى ڕام كردووه‌، ئامبازى نابن!

ل ه‌ڕاستیدا پێناسه‌كه‌ به‌ قه‌باره‌ى ئاڵۆزییه‌كه‌ى ساده‌ و ساكاره‌. ئایینه‌كان و خورا‌فه‌ته‌كان و فه‌لسه‌فه‌كان و ڕێنماییه‌ زانستى و پزیشكییه‌كان خوازیارن شتێك به‌ مرۆڤ ببه‌خشن، بۆ ئه‌وه‌ى ژیارى بگوزه‌رێنێت. ده‌ره‌نجام، هه‌ریه‌كه ‌و ڕێنمایى خۆیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.
ده‌ره‌نجام ؛
مه‌بڕه‌ و مه‌كوژه‌، ڕاست به،‌ چاك به‌، پاك به‌، تاوان مه‌كه‌، ئازار مه‌ده‌، بێزاركه‌ر مه‌به‌ و ده‌ره‌نجام چاكه‌ بكه‌ و خراپه‌ مه‌كه‌.

هه‌موان چیرۆكى ئه‌و زانایه‌تان بیستووه،‌ كه‌ به‌دیار كتێبخانه‌یه‌كى گه‌وره‌وه‌ ڕاوه‌ستابوو و لێیان پرسى: "ئه‌رێ تۆ ئه‌م هه‌موو كتێبه‌ت خوێندووەته‌وه‌"؟،
وه‌ڵامى ئه‌وه‌ى پرسیویه‌تى، ئه‌وه‌ "به‌ڵێ" بووه‌. به‌ڵام پرسیاركه‌ر، كه‌ هیچى نه‌خوێندووەته‌وه‌، گوتوویه‌تى: "من ده‌زانم ده‌ره‌نجام ده‌ڵێت چاكه ‌بكه‌ و خراپه‌ مه‌كه‌"
له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ى هه‌موو كتێبه‌ زۆر و گه‌وره‌كان و ئه‌و كتێبخانه‌یه‌ و كتێبخانه‌ى سه‌د هێند گه‌وره‌تریشى خوێندووەته‌وه‌، به‌ هیچ حیكمه‌تێك سه‌باره‌ت به‌ شێوازى ژیان ناگات له‌و كه‌سه‌ى به‌و حیكمه‌ته‌ ده‌گات، كه‌ ده‌ڵێت "چاكه ‌بكه‌ و خراپه‌ مه‌كه‌".

هه‌واڵى خۆشت پێ بده‌م ده‌زانى چییه‌؟
ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م حیكمه‌ته‌یه‌ ده‌ڵێت: "چاكه‌ بكه‌ چاكه‌ و، خراپه‌ مه‌كه‌ خراپه، ئه‌مه‌ش حیكمه‌تێكه‌ ڕه‌گوڕیشه‌كه‌ى كوردییه‌".
به‌ڵگه‌نامه‌ مێژووییه‌كان ده‌یسه‌لمێنن (كورد) له‌ نووسینه‌وه‌دا هه‌ژارن، له‌وه‌دا نووسراو و كتێبى گه‌وره‌ تۆمار بكه‌ن، به‌ڵام ده‌وڵه‌مه‌ندن له‌ زاراوه‌ و هونه‌رى زاره‌كیدا.

با لێره‌دا سه‌رنجێك تۆمار بكه‌م "كورد به‌هۆی زمانیانه‌وه‌ ماون، زمانیشیان هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ نووسراوه‌، به‌ڵكوو ئه‌وه‌یه‌ قسه‌ى پێده‌كه‌ن".
زمانى زیندووى كورد ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قسه‌ى پێده‌كه‌ن، پێى ده‌خافن و ئه‌مه‌ كرمانجییه‌كه‌یه‌ و پێى ده‌دوێن سۆرانییه‌ و (دوین)ى هه‌رامانى و گۆرانییه‌.
ده‌وڵه‌مه‌ندیى به‌كارهێنان، له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندیى به‌كارنه‌هێنان باشتره‌.
عه‌ره‌ب بیست و دوو ده‌وڵه‌تن و به‌ عه‌ره‌بى فوسحا كار ناكه‌ن، كورد دابه‌ش و په‌رت و بڵاون، به‌ چه‌ندین شێواز ده‌دوێن.

جارێكیان له‌ (عه‌مان)ى پایته‌ختى (ئوردن) به‌شداریى كۆڕبه‌ندێك بووم، سه‌باره‌ت بە زمانى (عه‌ره‌بى) گوتم: "ئه‌م زمانه‌ى ئێوه‌ تووشى ده‌ردودوو بووه‌". گوتیان چۆن؟ گوتم: "به‌ زمانێك قسه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ زمانى نووسین نییه‌، به‌ زمانێكیش ده‌نووسن كه‌ زمانى قسه‌كردن نییه‌، ئه‌رێ به‌ڕاست ئێوه‌ى عه‌ره‌ب كه‌ من تیاتاندا غەواره‌م چۆن مامه‌ڵه‌تان له‌گه‌ڵدا بكه‌م؟".

دكتۆر عه‌لى ئه‌لوه‌ردى گه‌وره‌ لێكۆڵێره‌وه‌ى عێراقى، ڕایه‌كى هاوشێوه‌ى هه‌یه‌، به‌ گیروگازیان هێنام و گوتم: "ئه‌رێ پێم بڵێن كامتان له‌م بیست و دوو ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌ به‌ زمانى قورئان قسه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ زمانى عه‌ره‌بییه‌؟".
ده‌چیته‌ وڵاتى (تونس) عه‌ره‌بییان وه‌ك عه‌ره‌بى عێراق نییه‌، له‌ شام عه‌ره‌بییان وه‌ك (تونس) نییه‌، هی میسرییه‌كانیش وه‌ك عه‌ره‌بى كه‌نداو نییه‌، سەرتان لە ئێمه شێواندووه‌، گیانم به‌وه‌یه‌ ئه‌م عه‌ره‌بییه‌ى ده‌ىزانین و زاناكانتان، كه‌ (نه‌حوو و سه‌رفیان)) بۆ داناون، هه‌موویان كوردن، ئه‌گینا زمانى خۆشمانتان له‌بیر ده‌بردینه‌وه‌!
ئه‌وانه‌ى ده‌وروبه‌رم هه‌موویان عه‌ره‌بیى قه‌ومچى و نه‌ته‌وه‌چى بوون، گوتیان: "ئه‌مه‌ هه‌ر قسه‌یه‌كى عه‌جه‌مییه‌".

دۆستێكى عه‌ره‌بم به‌ده‌وره‌وه‌ بوو، گوتى: "لێت قه‌وماوه ‌و وه‌ڵامت نییه‌، به ‌فریات ده‌كه‌وم، به‌ڵام ئه‌مه‌ت بۆ ڕۆژى ڕه‌ش بۆ هه‌ڵده‌گرم، كه ‌لێم قه‌وما تۆش هه‌قم بۆ بكه‌ره‌وه‌". گوتم: "خۆت ده‌زانى كورد به‌مروه‌تن، چاكه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌یت، ده‌ هێندت له ‌به‌رامبه‌ردا پێدەدەنەوە‌".

مروه‌تیى هاوڕێ عه‌ره‌به‌كه‌ ئه‌وه ‌بوو، ڤیدیۆیه‌كى (سه‌دام حوسێن)ى سه‌رۆك كۆمارى عێراقى پیشان دام كه‌ ده‌ڵێت چووەته‌ سه‌ر قوتابخانه‌یه‌كى عێراقى و له‌ ڕۆژگارى ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تیدا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ كورد له‌ هونه‌رى (نەحوو و سه‌ڕف)دا شاره‌زان، چه‌ند ئاخ هه‌ڵده‌كێشێت، كه‌ عه‌ره‌ب سه‌باره‌ت زمانى خۆیان، چ نازانن.
له‌م ده‌مه‌دا زۆر گه‌ڕام هاوڕێ عه‌ره‌به‌كه‌م، كه‌ فریام كه‌وتبوو و به‌هانامەوە هات، ڕاستى كرد كه‌ (سه‌دام حوسێن) باس له‌ شاره‌زایى كورد ده‌كات، له‌ زمانى عاره‌بیدا.

پێش ئه‌وه‌ به‌ چه‌ند ڕۆژێك له‌و ڤیدیۆیه‌ى هاوڕێ عاره‌به‌كه‌م ناردى، دۆستێكى ترم له‌ خۆرهه‌ڵاتى كوردستانه‌وه‌، به‌هۆى سۆشیال میدیاوه‌ گرته‌یه‌كى ڤیدیۆیى بۆ ناردم سه‌باره‌ت لێدوانێكى (عه‌لى خامه‌نه‌ئی)ی رابه‌رى كۆمارى ئیسلامى ئێران،‌ سه‌باره‌ت به‌ پله‌ و پایه‌ى مامۆستا (هه‌ژارى موكریانى)، وه‌ى ئه‌گه‌ر پشكه‌ فارسییه‌ك بزانن، ده‌زانن چۆن وه‌سفى ده‌كات و باڵاگه‌ردانى ده‌بێت، كه‌ چۆن (ئیبن سینا)ی عاره‌بى به‌ فارسییه‌كى ڕه‌وان كردووه‌.

هێندێك جار شتى خۆمان لا بچووكه‌ و شتى بچووكمان لا گه‌وره‌ و مه‌زنه‌. داخم ناچێت، كه‌ (نه‌وشیروان مسته‌فا) كه ‌لامان زۆر گه‌وره‌ بوو، له‌به‌ر به‌ند و باوى حزبایه‌تى (هه‌ژارى موكریانى) لا بچووك كردینه‌وه‌، كه‌چى ئه‌و زاته‌ چه‌ند مه‌زن و گه‌‌وره‌ بوو.
نه‌وشیروان مسته‌فا، كه‌ خۆیشى كه‌م نه‌بوو، له‌ ڕێگاى گۆڤارى (ڕزگاری)یه‌وه‌ به‌ وتاره‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ى سه‌باره‌ت (هه‌ژارى موكریانى، شایه‌رى ده‌ربارى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى) هه‌موومانى كردبوو به‌ دوژمنى (هه‌ژار)، كه‌چى ئێستا كه‌ (هه‌مبانه‌ بۆرینه‌) ده‌خوێنیته‌وه‌، ده‌زانى ئه‌و زاته‌ چى بۆ كولتوور و فه‌رهه‌نگى نه‌ته‌وه‌ كردووه‌.

كه‌ (هه‌ژارى موكریانى) ده‌خوێنیته‌وه‌ و چاوانت پڕ ده‌بن له‌ به‌رهه‌مه‌كانى، ئه‌گه‌ر چاوانت پڕ بن له‌ زانین، ده‌زانى ئه‌و جه‌وهه‌ره‌ پڕ گه‌وهه‌ره‌ كوردییه‌ چۆن بۆ ئه‌وه‌ى شێوازێكى ژیانى كوردى وه‌ك ڕستى ملوانكه‌یه‌ك بهۆنێته‌وه‌، چى بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی و بۆ مێژووى مرۆڤایه‌تى كردووه‌.
نازانیت چى بڵێیت، جگه‌ له‌وه‌ى شێوازى ژیانى كوردى شایه‌نى ئه‌وه‌یه‌ لاسایى بكرێته‌وه‌ و پێڕه‌و بكرێت و خه‌ڵك پێیدا هه‌ڵبده‌ن.

له ‌ڕاستیدا لایه‌نگریى پێداهه‌ڵدان و لاساییكردنه‌وه‌ نیم، به‌ڵام كه‌ له‌ جیهانێكدا خراپترین و ناشیرنترین شێوازى ژیان لاسایی بكرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر نموونه‌یه‌كى چاك هه‌بێت، بۆ هانده‌ر نه‌بین بۆ ئه‌وه‌ى به‌ لاى كه‌مه‌وه‌ وه‌ك باشترین نموونه‌ له‌نێو خراپه‌كاندا به‌هاى پێ بدرێت و به ‌لاى كه‌مه‌وه‌ به‌هێند وه‌ربگیرێت.

شێوازى ژیان ئه‌گه‌ر خراپ نه‌بێت، ڕه‌نگه‌ شێوازێكى باش بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شێوازێكى زۆر باش و نموونه‌ییش نه‌بێت، له‌م شێوازه‌ باشتر بێت، ئه‌گه‌ر نه‌شڵێم شۆڕ‌شه‌، به‌شێك له‌ چاكه‌یه‌كه‌ كه ‌له‌ خراپه‌ باشتره‌.
باشتر له‌ خراپه‌ چاكه‌یه‌ و جا چاكه‌ خراپه‌ى چییه‌؟