لیژنەی باڵای پێوەری زیرەك، بڕی ئه‌و كاره‌بایه‌ ئاشكرا ده‌كا كه‌ به‌ پێوه‌ری زیره‌ك ده‌گاته‌ ماڵان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لیژنەی باڵای پێوەری زیرەك، بڕی ئه‌و كاره‌بایه‌ ئاشكرا ده‌كا كه‌ به‌ پێوه‌ری زیره‌ك ده‌گاته‌ ماڵان

"هەندێك شوێن ڤۆڵتییەیان نزمە و بڕی كارەبایان لە نێوان 37 بۆ 41 ئەمپێرە"

بەپێی بەدواداچوونی (باسنیوز)، لەنێو بەشێك لە خەڵك وا بڵاو بووەتەوە، كە بڕی ئەو كارەبایەی بە پێوەری زیرەك دەدرێتە ماڵان، كەمترە لە 40 ئەمپێر، تەنانەت هەندێك باسی ئەوە دەكەن گوایە "30 ئەمپێرە".

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "هەندێ گرفت تایبەت بە پێوەری زیرەك هەبوون چارەسەر کران، لە هەندێ حاڵەتیشدا ئەگەر ڤۆڵتییە نزم بێت، ئەوا کەمتر لە 40 ئەمپێر دەبێت".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كارەبا رەتی كردەوە بڕی كارەباكە 20 بۆ 30 ئەمپێر بێت، گوتی: "راست نییە كە دەڵێن 20 بۆ 30 ئەمپێرە، مەگەر بەدەگمەن شتی وا هەبووبێت".

لای خۆیەوە، ئەندازیار عەلی ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی باڵای پڕۆژەی پێوەری زیرەك لە وەزارەتی كارەبا، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "بەدڵنیاییەوە پێوەرە زیرەكەكانی كارەبا 40 ئەمپێرن".

باسی لەوەش كرد، هەندێك شوێن پێوەریان ستاندارد نییە، گوتیشی: "هەندێك كۆمەڵگا رەزامەندییان بە 10 ئەمپێر هاتووە، هەندێك شوێنی تریش بە 16 ئەمپێر، ئەوانەش هەندێك شوێنن و شارەكان نین".

بەرپرسەكەی پێوەری زیرەك ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان مامەڵە بە ئەمپێر ناكەن، بەڵكوو مامەڵە بە كیلۆوات و ڤۆڵتییە دەكەن، گوتیشی: "هەندێك شوێن ڤۆڵتییەیان نزمە، بۆیە بڕكە بەجۆرێك لەنێوان 37 ئەمپێر بۆ 41 ئەمپێردا دێت و دەچێت".

عەلی ئیسماعیل جەختی كردەوە، ئەگەر هەموو ئامێرە كارەباییەكانی ماڵەوە پێكەوە پێبكرێن، كارەبای ماڵ لە بۆرده‌وه‌ دەكوژێتەوە، گوتیشی: "ئەو هاوبەشانەی سەرپێچییان لە پێوەرە كۆنەكە، یان لە راكێشانی كارەبادا كردووە، بەپێی ئەم پێوەرە نوێیە كۆتایی بەم سەرپێچییانە هاتووە، ئەمەش دادپەروەریی لە پێدانی كارەبا بە هاوبەشان مسۆگەر دەکات".

لە تەواوی هەرێمی كوردستان زیاتر لە یەك ملیۆن و 300 هەزار پێوەری زیرەك بەستراون و پڕۆسەكەش بەردەوامە.

بەرپرسەكەی وەزارەتی كارەبا جەختی كردەوە، ئامانج لە پێوەری زیرەك كۆنتڕۆڵكردنی بەكارهێنانی كارەبایە، گوتیشی: "نزیكەی 80%ی پڕۆژەکە تەواو بووە و تەواوی تایبەتمەندییەکانیشی بەگەڕ نەخراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی بە رێژەیەكی بەرچاو سەرپێچیی لەسەر تۆڕەکانی كارەبا و زیانگەیاندن بە ئامێرەکانی کارەبا کەم بکاتەوە، لەوانە سووتانی گۆڕەری گەڕەکەکان و بارگرانیی فیدەرەکان، هەروەها دادپەروەرییش لە دابەشکردنی كارەبا بەدی بێنێت".