وادەی خەرجكردنی پارەی 300 هه‌زار كه‌س ئاشكرا ده‌كرێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

وادەی خەرجكردنی پارەی 300 هه‌زار كه‌س ئاشكرا ده‌كرێ

 بەرپرسێکی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشکرای کرد، پارەی 300 هه‌زار له‌ كارمەندانی كۆمسیۆن خراوەتە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی.

خالید عه‌باس، به‌رپرسی ئۆفیسی دهۆكی كۆمیسۆنی هه‌ڵبژاردنی عێراق، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "پارەی كارمەندانی كۆمسیۆن بۆ رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق چووەتە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی عێراق".

بە بڕوای ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن، چاوەڕوان دەكرێت پارەی كارمەندانی رۆژی هەڵبژاردن لە مانگی داهاتوودا بدرێت، گوتیشی: "بەپێی زانیارییەكانم، دابەشكردنی پارەكە تۆزێك دوادەكەوێت و لە مانگی داهاتوودا دابەش دەكرێت".

رۆژی 10ی10ی2021 لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، زیاتر لە 300 هەزار كەس وەكوو کارمەندی کۆمسیۆن كاریان كرد.

لای خۆیەوە، ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەڵبژاردنەكانی سلێمانی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بەگوێرەی یاسا، لەدوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، دەبێت دەست بكرێت بە دابەشكردنی پارەی كارمەندانی ڕۆژی هەڵبژاردن، چاوەڕوانی ئەوەین رێكارەكان تەواو بكرێن و پارەكە دابەش بكرێت".

ئاماژەی بەوەش كرد، هەركات بڕیاری خەرجكردن دەربچێت، كاتی دابەشكردنی پارەكە رادەگەیەنن.

ئەو كارمەندانەی بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن لەگەڵ كۆمیسیۆن كاریان كرد، بەشێكیان ئەوانە بوون، كە فەرمانبەری حكوومەتن و بەشێكیشیان كارمەندی حكوومەت نین و لە هیچ شوێنێك دانەمەزراون.

بەرپرسەکەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق گوتیشی: "ئەو كارمەندانەی، كە فەرمانبەری حكوومەت نەبوون، 250 هەزار دینار وەردەگرن و ئەوانەیشی فەرمانبەری حكوومەت بوون بڕی 150 هەزار دینار وەردەگرن، لەگەڵ پێدانی ڕێز و سوپاسێك لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە".