خیانەتی ناپاكان و ئازاری پاكەكان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
هەرمن ئەحمەد 09/01/2022

خیانەتی ناپاكان و ئازاری پاكەكان

جاران، ئەو رۆژانەی ده‌چووین بۆ كۆڕێكی سیاسی، هه‌تا دەگەیشتمە هۆڵەكە بیرم له‌ لای ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئاخۆ ئه‌مڕۆ چی تر فێر ده‌بم؟ چی نوێ دەبیستم؟ بە چ پرۆژه‌یه‌كی فكریی نوێ ده‌رباره‌ی ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، یان دیموكراسی یان هەر تێزێكی تری سیاسی لە بەرژەوەندیی كوردستان ئاشنا دەبم؟ خەیاڵم لای ئەوە بوو كە پێشكەشكارانی كۆڕی سیاسی چ سەرنج و رەخنەیەك و چ پێشنیارێكیان هەیە بۆ پێشخستنی رەوشی سیاسیی كوردستان و بەرەو پێشچوونی پرسی نەتەوەیی و بایەخی زمان و رووبەڕووبووونەوەی هەوڵە داگیركارییەكانی دوژمنانی كورد و كوردستان، ئاخر ئەودەم ئەوانەی بیریان لە سازدانی كۆڕی سیاسی دەكردەوە، ئەم بابەتانەیان بە هەند وەردەگرت و خەڵكیش تینووی ئەو جۆرە پرس و باسانە بوو.

وەنەبێ ئێستا پێویستمان بەم پرس و باسانە نەبێت، بەڵكوو بە ڕای من ئێستا لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بە تاوتووكردن و گفتوگۆكردنە لەسەر ئەو تەوەرانە، لێ مەخابن چه‌رخەكە وه‌ها گۆڕاوه‌، ئێستا وڵاتە داگیركەرەكانی كوردستان، هەر لەڕێی بەكارهێنانی كۆمەڵێك كاراكتەری زمانلووسی كوردەوە، كە ناوی خۆیان ناوە (چاودێر، سیاسەتمەدار، رۆشنبیر، چالاكوان!) رۆژانە لەم هۆڵ و لەو هۆڵ و لەم چالاكی و لەو چالاكی پەیامی بێئومێدی بە گوێی ئینسانی كورددا دەدەن، مێشكی خەڵكی كوردستانیان پڕ كردووە لە دژایەتیی نه‌ته‌وه و نیشتمان و پیاهەڵدان بە نەیارانی كورد و رژێمە داگیركەر و دیكتاتۆرییەكانی كە خەڵكی كوردستان دەچەوسێننەوە، ئەم قسانەی ئێستا لەوانەی دەبیستین، جاران هەرگیز كەس جورئەتی ئەوەی نەدەكرد بیاندركێنێت، لە دوو شت تێناگەم: ئه‌مانە لەپای چی و بۆچی ئەم نماییشە دەكەن؟ ئەی خەڵكی بۆچی گوێیان لێ دەگرن و لێیان قبووڵ دەكەن؟

تەنانەت به‌شێك له‌ سیاسییه‌كانی ئێمه، لە بەرگی دوو كا‌را‌كته‌ری جیاواز و دوور لە یەكدا خۆیان نماییش ده‌كه‌ن و بۆیشیان چووەتە سەر، بێگومان من لەوە تێده‌گه‌م كه‌ سیاسه‌ت واتا به‌رژه‌وه‌ندی، ئەم ئیشكردنەش لەسەر بەرژەوەندی گەلێ جار پێویستی بە دووفاقی و دووڕویی و نماییشی شۆ هەیە، به‌ڵام به‌جدی له‌وه‌ تێناگه‌م چۆن كا‌راكته‌رێكی سیاسی كە پڕ بێت لە بەرژەوەندپەرستی و لە فێڵ و درۆ و بوغز، كە لە بەرژەوەندیی وڵاتانی داگیركەر رەفتار دەكەن و دەدوێن، هەندێ جار خۆیان وەك پەپوولەی پاك و بێگەرد و بەری پیشان دەدەن، چۆن خەڵكێك هەیە باوەڕیان پێدەكات و بەڕاستی بە (پەپوولە)یان دەزانێت؟ چۆن خەڵك لەو راستیە تێناگەن كە دەزگا موخابەراتیەكانی دەوڵەتانی داگیركەر، بۆ بەرژەوەندی و ئامانجی خۆیان ئەم جۆرە كاراكتەرانەیان خستووەتە نێو ئەو حزبە كوردستانیانەوە؟

ئێستا پرسیارەكانی من لەو كاراكتەرە پڕ لە ساختە و خیانەتانە ئەمانەن: باشه‌ ئێمه‌ كه‌ دوورین له ‌بیركردنه‌وه‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانتان و بە هیچ كلۆجێك هاوبەرە و هاوڕاتان نین، بۆچی باجی ناپاكی و كاسەلێسیی ئێوه‌ بده‌ین و نەوەكانمان ئەو ژەهرە وەربگرن كە ئێوە دەیدەن بە گوێیاندا؟ ئێوه‌ بۆ گیرفان و پلە و پۆست و بەرژەوەندپەرستیی خۆتان، موجامەلەی داگیركەران دەكەن و تەنزیر بۆ داگیركارییەكانیان دەكەن، بۆچی رۆژانە هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی ئێمە بریندار دەكەن؟

ئێمە كە لە خەمی پاراستنی قەوارە و زمان و كولتووری خۆمانداین، بۆچی لە ئێوەی قبووڵ بكەین كە هەر رۆژە و بە شان و باڵی داگیركەرێكی كوردستاندا هەڵبدەن و هەرچی سەروەری و پیرۆزییەكانمانە بیخەنە ژێر پێوە؟ بۆچی دەتانەوێ خەڵك لە هۆڵێكدا كۆ بكەنەوە و لەڕێگەی ماستاوكردن بۆ داگیركەرانەوە سووكایەتی بە خەڵكی كوردستان بكەن؟ ئەی بۆچی دواتر كە لە بۆنەی تردا قسەی باق و بریق دەكەن، داوامان لێدەكەن بڕواتان پێ بكەین؟ ئێوە نەتەوەیەكی پەنجا ملیۆن كەسی، دەكەن بە قوربانی یەك بەرژەوەندیی بچووكی خۆتان، بۆچی لێتان قبووڵ بكرێت؟

خۆزگەم دەخواست، وڵاتانی داگیركەری كوردستان، لەپای ئەو خیانەت و ناپاكیەتان دەرهەق بە نەتەوە و نیشتمانی خۆتان، هەر نا كەمێك رێزی بگرتنایە، بەڵام كوا لە چ سەردەمێكدا داگیركەر رێزی خیانەتكارانی نەتەوە بندەستەكانی خۆی گرتووە تا رێزی ئێوە بگرێت؟ مێژووی كۆن و نوێ پێمان دەڵێت، رەنگە خیانەتكاران دەستكەوتێكی بچووكی كەم و كاتییان لەپای حیانەتەكەیان دەست كەوتبێت، بەڵام بۆ ئەبەد سەروەری و رێز و پێگەی خۆیان، هەم لای هاونەتەوە و هاونیشتمانیانی خۆیان لەدەست داوە و هەم لای دوژمنان و داگیركەرانی نەتەوەكەیان.

ئەوە خەتای خەڵكی وەكوو ئێوەیە كە داگیركەران، رۆژانە لێرە و لەوێ گەنجانمان بەرەو زیندان و پەتی سێدارە دەبەن و كچێكی ئازا و كوردپەروەر و كوردستانپەروەری وەكوو زارا محەمەدی لەسەر ئەوەی منداڵانی كورد فێری نووسین و زمانی دایك دەكات، دەبێ بە پێی خۆی بچێتە زیندانە تاریكەكانەوە؟ حەیف بە زارا بڵێن كورد و بە ئێوەش بڵێن كورد!