كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لە هەرێمی کوردستان زیندانیکردنی زارا محەمەدی کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

چین و توێژەکان پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو مامۆستایەی زمانی کوردی دووپات دەکەنەوە

لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بڕیاری زیندانیکردنی زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کوردی و چالاکوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دراوە و ئەمڕۆ گەیەندرایە زیندانێکی شاری سنە بۆ بەسەربردنی ماوەی زیندانیكردنەكەی، لە هەرێمی کوردستان بەندکردنی ئەو مامۆستایە کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە و چین و توێژەکان پشتیوانیی خۆیان بۆی دووپات دەکەنەوە.

ئەو کاردانەوەیەی بەندکردنی زارا محەمەدی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرنێت ڕەنگی داوەتەوە و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە ئاستی باڵا و ئاسایی بە شێوەی جۆراوجۆر پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو مامۆستایەی زمانی کوردی دووپات کردووەتەوە کە هۆکاری بەندکردنەکەی گوتنەوەی وانەی زمانی کوردییە.

بەهمەن کاکە عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی کوردبوون و کوردایەتی هەتا لەیلا قاسم و لەیلا زانا و زاراکانی هەبێت ، ڕۆژ بە ڕۆژ باڵا دەکات.
نووسیویەتیشی: "لەیلای باشوورتان لەسێدارە دا ، سەدان لەیلا لەدایک بوون و لەیلا لەباکوور سەری هەڵدا ، لەیلای باکوورتان زیندانی کرد ، زارا لە ڕۆژهەڵات سەری هەڵدا ، ئیستا بەزیندانیکردنی زارا دڵنیابن سەدان زارا لە ڕێگەن ، زمانی کوردی تۆپ و تەیارە و ئەنفال و کیمیاباران لەناوی نەبرد بەزیندانی کردنی زاراکان لەناو ناچێ".

لای خۆیەوە لیزا کاکەیی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە هەمان شێوە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی "تەعریبی عەرەب، پەتی سێدارەی فارس و رەگەز پەرستی تورک هیچکامیان نەیانتووانی زمانی کوردی بسڕنەوە، دڵنیابن بە زیندانیکردنی شێرە ژنەکانی وەکو زاراش ناتوانن".

کاکەیی دەشڵێ: "هەتاوەکوو ئەم نەتەوە بێ وڵاتە خاوەنی لەیلا قاسم و زارا محەمەدی بێت، زمان و کولتوورەکەی هەر بە زیندوویی دمێنێتەوە".