کچێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت دووکانی جوانکاریی داناوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

کچێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت دووکانی جوانکاریی داناوە

به‌بێ ئه‌وه‌ى چووبێته‌ قوتابخانه‌، خۆى فێری زمانه‌كانى عەرەبی و ئینگلیزیش بووە

نیان عەبدوڵا، تەمەن 45 ساڵ، لەگەڵ ئەوەی کە خاوەن پێداویستیی تایبەتە، بەهرەی زۆرە و دۆخە تەندروستییەکەی بە هیچ شێوەیەک ڕێگریی لە خەونەکانی نەکردووە و ئێستا دووکانێکی جوانکاریی تایبەت بە خۆی هەیە و بەبێ ئەوەی بڕواتە قوتابخانەش خۆی فێری زمان و خوێندن کردووە.

نیان سەرەتا لەبارەی کار و بیرۆکەی دانانی دووکانەکەوە بۆ (باسنیوز) گوتی: ''خۆم حەزم لە بواری جوانکاری و گرنگیدان بە قژ و پێستە و هەست دەکەم زۆر خۆم لەو بوارەدا دەبینمەوە، لەگەڵ ئەوەش هەستم دەکرد خانمانی کوردستان لەڕووی مەیکاپەوە زۆر غەدریان لەلایەن ئەو کەسانەوە لێ دەکرێت کە بابەتی جوانکاری دەهێنن بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە هێندەی سەیری بازاڕم کردبێت، زۆربەی بابەتەکان کە لەلای من ناسراون، كوالێتییان كەمە و بەشێكیان بۆ بەکارهێنان زۆر خراپن، هەربۆیەش بەباشم زانی هەوڵ بدەم کەمێک ئەو بۆشاییە بە بابەتی بەکوالێتی و باش پڕ بکەمەوە، هەر ئەوە بیرۆکەی سەرەتایی دانانی ئەو دووکانەم بوو''.

نیان زیاتر لەسەر ئەو بابەتە قسەی کرد و گوتی: ''من وەکوو کچێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت، خۆم بە کەسێکی بەهێز زانیوە و چاوم لەوە نەبووە ئەوەی دەمەوێت بیکەم بە هاوکاریی خەڵکی دیکە بێت، بەڵکوو هیچ کەس و لایەنێک هاوکاریی نەکردووم، ئەوەی کردوومە هەر کاری خۆم و تواناکانی خۆم بووە، زۆر دڵخۆشیشم کە دەرفەتم بۆ کەسانی تریش ڕەخساندووە بژێوی خۆیان لە ڕێگەی کاری منەوە دابین بکەن، ئەمە بۆ من زۆر جێگای خۆشحاڵی بووە''.

ئەو بەهرەمەندە خاوەن پێداویستیی تایبەتە بە ئیرادەیەکی بەرزەوە زیاتر باسی لە چیرۆکی سەرکەوتنی خۆی کرد و گوتی: ''یەکێکی تر لەو شتانەی کە من بەهۆیەوە زۆر سوپاسگوزاری خوای گەورەم، ئەوەیە کە بێ ئەوەی چووبێتمە بەر خوێندن و قوتابخانە فێری خوێندن و نوسین بووم بە زمانی کوردی، هەروەها جگە لە زمانی دایک، هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزیش باش دەزانم، بۆ کارەکەشم زۆر پێویستم بەو دوو زمانە بووە، چونکە لەو بوارەی کە کاری لێ دەکەم بەهۆی ئەوەی کاڵاکان لە ئەورووپاوە دەهێنم، زۆر پێویستم بە زمانی ئینگلیزی بووە و فێربوونی ئەو زمانە زۆر یارمەتیی سەرکەوتنی داوم''.