بەڕێوەبەرایەتی مەشق و راهێنانی وەزارەتی پێشمەرگە، وردەكاری بەرنامەو پلانی مەشق و راهێنانی بۆ ساڵی ٢٠٢٢ ئاشكرا كرد.
راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی كردەوە لیوا عەبدوڵا کەریم محەمەد، بەڕێوەبەری مەشقی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە، رایگەیاند،رۆژی یەکشەممە ٢ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢، پلانی مەشق و راهێنانی ساڵی ٢٠٢٢ جێبەجێکرا و دەستکرا بە مەشق و راهێنان".
ئاماژە بەوەش كراوە ، جەختکرایەوە، لەسەر بەرزکردنەوەی کارامەیی و ئاست و تواناکانی فەرماندەی فەوجەکان و سریەکان و فەسیل و حەزیرەکان، هاوکات بایەخدان بە فەرماندەییەکان لە هەموو ئاستەکاندا.
بەڕێوەبەری مەشقی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە، گوتیشی: لەو کۆبوونەوەیەدا، تیشک خرایە سەر مەشق و راهێنانی سریەکانی پشتیوانیی ناو پەیکەربەندی فەوجەکانی پیادە، بەمەبەستی رێکخستن و مەشق پێکردنیان، لەسەر تایبەتمەندییەکانی تەکنیکی و تاکتیکی چەکە جۆراوجۆرەکان و شێوازی بەکارهێنانیان لە سەرجەم بوارەکانی شەڕ و پێکدادانەکاندا، بۆ بەرگرتن لە هەر جۆرە شڵەژاوییەک لە کاتی جەنگ و رووبەڕووبوونەکان، دووپات کردنەوەی مەشق و راهێنانی سریەکانی کۆماندۆ، بەشێکی تری کۆبوونەوەکە بوو".
وەزارەنی پێشمەرگە جەختی كردووەتەوە، مەشق و راهێنانەکانی نێو بارەگای لیواکان، سریەکانیش دەگرێتەوە، بۆ بەرزکردنەوەی ئاست و توانای جەستەییان لەرێگەی مەشقی سەخت و قورس، تاوەکو بتوانن ئەرک و ئۆپەراسیۆنی تایبەتی گورزوەشێن لەژێر فەرماندەیی فەرماندەی لیواکان بەجێ بگەیەنن.