وەزارەتی دارایی لە رێگەی فۆڕمێكەوە داوای زانیاری تازە لە وەزارت و فەرمانگەكان دەكات.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست (باسنیوز) كەوتووە لە دوێنێ دووشەمەوە وەزارەتی دارایی داوای چەند زانیاری و بەڵگەیەكی لەبارەی فەرمانبەران لە فەرمانگەكان كردووە.
بەپێی زانیارییەكان لە ژمێركاری وەزارەتی دارایی فۆڕمێك داواكراوە لە فەرمانگەكان كە پڕ بكرێتەوە و بۆیان رەوانە بكرێتەوە.
بەپێی زانیارییەكان داوای كۆپی ناسنامەی باری كەسی و رەگەزنامە و پسولەی خۆراكی فەرمانبەرانیش كراوە.
هەروەها لە فۆڕمەكە زانیاری داوا كراوە كە دەبێت بەشی كارگێڕی و ژمێریاری وەزارت و فەرمانگەكان پڕی بكەنەوە و بۆ دارایی بگەڕێننەوە.
بەپێی فۆڕمەكە كە دەست (باسنیوز) كەوتووە، داوای ژمارەی وەزیفی و ناوی چواری و ناوی چواری دایك و مووچەی بنەڕەتی و گشتیی فەرمانبەر كراوە.
لە لیستەكەدا داوای فەرمانی دامەزراندن و مێژووی لە دایكبوون و ژمارەی باری كەسی و رەگەزنامە و ژمارەی فۆڕمی پسوولەی خۆراكی كراوە.
سەرچاوەیەكی كارگێڕی لە وەزارەتی دارایی زانیارییەكانی (باسنیوز)ی پشتڕاست كردەوە و رایگەیاند: " ئەو زانیاریانە دەبێت لە ماوەیەكی كەم لە لایەن فەرمانگەكان پڕ بكرێنەوە و بۆ دارایی بگەڕێندرێنەوە".
