لە نێو لیستی مووچەی سبەی دووشەممە 3/1/2022 کە لە لایەن وەزارەتی دارایی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە دەدرێ و ناوی لیواکانی پێشمەرگە هاتووە، وەزارەتی دارایی ڕوونکردنەوە لەبارەی مووچەی ئەو لیوایانە دەدات.
سەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی بە(باسنیوز)ی ڕاگەیاند:" سبەی مووچەی لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە لایەن وەزارەتی بەرگری پێشمەرگە دابین دەکرێ نادرێ، بەڵکوو تەنها دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەو لیوا و شوێنانە دەدرێ کە سەر به دیوانی وەزارەتی پێشمەرگەن".
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا، مووچەی لیوا هاوبەشەکان پەیوەندیان بە وەزارەتی دارایی نییە، گوتیشی:" پارەی ئەو لیوا هاوبەشانە ڕاستەوخۆ مانگانە دەگوزرێتەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و نادرێتە وەزارەتی دارایی".
هەفتەی ڕابردوو سهرۆكی ویلایهته یهكگرتووهكانی ئهمریكا، بودجەی پێنتاگۆن (وهزارهتی بهرگری)ی پهسهند کرد، كه 777 ملیار دۆلاره و 260 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە تەرخان کراوە.
بەگوێرەی راپۆرتی بودجەی ساڵی 2022ی پێنتاگۆن، بڕی 345 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوکاریکردن و پڕچەککردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراقی تەرخانکردووە لەو نێو ئەو بڕەشدا، بڕی 260 ملیۆنی بۆ هاوکاریکردن و پڕ چەککردن و دابینکردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە تەرخان کردووە.
لای خۆیەوە لیوا قارەمان شێخ كەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "مانگانە ئەمریکا مووچەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگه دەدات و ئەو پشکەشی له بودجەی پێنتاگۆن پەسند کراوە بەشێکی بۆ ئەو بابەتەیە".