كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەو دەنگۆیانە راستن كە دەگوترێن لە هەولێر 680 هەزار خانوو بە ناوی خەڵكی عەرەب كراوە؟

بەڕێوەبەری گشتیی تاپۆ روونكردنەوە دەدات

 

لێدوانێکی لقی هەولێری کۆمەڵەی داکۆکی لە کرێنشینان بڵاو کراوەتەوە، گوایه 680 هەزار خانوو لە هەولێر لەسەر خەڵکی عەرەب تاپۆ کراوە. بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری خانووبەرە (تاپۆ) و پارێزگاری هەولێر ئەو زانیارییە ڕەت دەکەنەوە.

حاکم لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری خانووبەرە (تاپۆ)ی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئەو ئامارەی بڵاوکراوەتەوە، هـیچ راست نییە، بۆ ژمارەی دانیشتوانی هەولێر چەنده تاوەكو ئەوەندە خانووەی لێبێت؟".

جەختی کردەوە، ژمارەکە دوورە لە واقیع، گوتیشی: "بە گوتەی کۆمەڵەی کرێنشینان بێت، ئەگەر هەر خانوویەک دوو کەسی تێدابێت، ئەوا ژمارەی دانیشتووانی عەرەب لە ژمارەی دانیشتووانی هەولێر زیاتر دەبێت، مانای وایه کورد و تورکمان و کریستیان لە هەولێر نەماون، بۆیە عەیبەیەکی گەورەیە یەکێک قسەیەک بکات و ڕەقەمێک لێبدات دوور بێت لە عەقڵ و مەنتق و تەنیا بۆ وروژاندنی ڕای گشتی بێت".

بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری خانووبەرە ئاماژەی بەوە دا، ژمارەی تاپۆکردنی خانووبەرە بۆ خەڵکی عەرەب ژمارەیەکی وا نییە تاوەکو گەورە بکرێت.

بە ڕێكاری یاسایی موڵك لەسەر خەڵكی عەرەب و بیانی تۆمار دەكرێت، بۆ نمزونە، عەرەبی عێراقی دەتوانێت موڵك بكڕێت و بەناوی بكات، بۆ خەڵكی بیانی رێنمایی و یاسای تایبەت هەیە، بەڵام بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان ئەوە بەپێی یاسای وەبەرهێنان لەسەریان تاپۆ دەكرێت.

لای خۆیەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەوەی بە (باسنیوز) ڕاگەیاند: "ئەو ژمارەی کۆمەڵەی کرێنشینان باسیان کردووە ورد و ڕاست نییە".

ئەندازیار مەسعوود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئەو ژمارەیەی بۆ تاپۆکردن باس کراوە، یەگجار زۆرە و دوورە لە واقیع، چونکە بەپێی داتای کارەبای هەولێر، نزیکی 300 هەزار هاوبەشی کارەبایان لە هەموو هەولێردا هەیە، چۆن عەرەب ئەوەندە خانووەیان بەناوە؟".

مەسعوود کاڕەش ڕوونی کردەوە، ئەو داتایانەی باس کراون خەیاڵین و دوورن لە ڕاستی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەدواداچوونی بۆ دەکەن.