شایستەی دارایی سێ مانگی مامۆستایانی وانەبێژ خەرج دەکرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

شایستەی دارایی سێ مانگی مامۆستایانی وانەبێژ خەرج دەکرێت

 

وەزارەتی پەروەردە بۆ شێواز و میکانیزمی دابەشکردنی شایستەی سێ مانگی ماموستایانی وانەبێژ رێنوێنییەكی دەركرد و هەموو وانەبێژان لەو پارەیە سوودمەند دەبن.

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەمرۆ 2/1/2022 دەرچووە و كۆپیەكی دەست (باسنیوز) كەوتووە، تیایدا رێنوێنی چۆنیەتی خەرجكردنی شایستەی دارایی سێ مانگی (4 و 5 و 6)ی ساڵی 2021 روونكراوەتەوە.

وەزارەتی پەروەردە ئەوەی خستووەتە ڕوو، ئەو مامۆستایانەی لە مانگی 3ی 2021 وانەبێژی دامەزراو بوون و دەوامیان كردووە ئەوە پارەیان خەرج دەكرێت كە بڕەكەی بە یەكجار 550 هەزار دینار بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەكالۆریۆس و 450 هەزار دیناریش بۆ هەڵگرانی دبلۆم.

روونیشکراوەتەوە کە ئەو مامۆستایانەی كە لە 16/5/2021 دەست بەكاربوون، 350 هەزار دینار بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەكالۆریۆس و 300 هەزار دیناریش بۆ هەڵگرانی دبلۆم خەرجدەكرێت.

وەزارەتی پەروەردە دووپاتی كردووەتەوە، هەر مامۆستایەكی وانەبێژی پۆلی 12ی ئامادەیی لە مانگی 4ی 2021 دەستی كردبێت بەوانەگوتنەوە ئەوە پارەكەی بۆ خەرج دەكرێت.

باس لەوەش كراوە هەر مامۆستایەكی وانەبێژی وەرزش و هونەر یان وانەی تری هەڵپەسێدراو پارەكەیان بۆ خەرجدەكرێت و هەروەها مامۆستایانی وانەبێژی باخچەی منداڵانیش پارەكەیان بۆ خەرج دەكرێت.

بەپێی نووسراوەكە بێت ئەو بڕە پارانەی ئاماژەی بۆ كراوە لەچەند رۆژی داهاتوودا پاش رێكارەكان خەرج دەكرێت.

پێشتر کارۆخ عەبدوڵا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ بە (باسنیوز)ی راگەیاندبوو: "بۆ شایستەی مانگەکانی چوار و پێنج و شەش مافی هەموو وانەبێژان پارێزراو بێت، سێ بۆ چوار هەزار مامۆستای وانەبێژی باخچەکان هەیە و ئەوانیش لە مووچەی ئەو سێ مانگە مافیان پێبدرێ".

رۆژی 29/11/2021، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ئەنجوومەنی وەزیران بڵاوی كردەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا، شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ مانگەکانی چوار و پێنج و شەشی ساڵی 2021، خەرج بکرێت، بۆ بڕوانامه‌ی بەكالۆریۆس و سه‌رووی به‌كالۆریۆس، بڕی 550 هەزار دینار، بڕوانامه‌ی دبلۆم بڕی 450 هه‌زار دینار دەبێت.

لای خۆیەوە وەزارەتی دارایی لە 23/12/2021، لە نووسراوێکدا بۆ وەزارەتی پەروەردە رەزامەندی بۆ خەرجکردنی شایستەی ئەو سێ مانگەی وانەبێژان داوە.

نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ گوتی: "شایستەی مانگەكانی چوار و پێنج و شەش پێكەوە بە یەک جار دابەش دەكرێت".

زیاتر لە 18 هەزار مامۆستای وانبێژ لە هەرێمی كوردستان هەیە و حكوومەت شایستە داراییەكانیان دابین دەكات.