زەمانە گۆڕاوە، ئێستا بەشێکی زۆری کچان خۆشەویستییان پێ گرنگترە لە زێڕ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

زەمانە گۆڕاوە، ئێستا بەشێکی زۆری کچان خۆشەویستییان پێ گرنگترە لە زێڕ

کچێک: هاوسەرگیری بۆ پارە و زێڕ، جۆرێکه‌ لە خۆفرۆشتن

پرۆسەی هاوسەرگیری، پرۆسەیەکی گرنگە، هەر ئەوەش وای لە هەندێ کچان کردووە کە لەم پرۆسەیەدا پارە و زێڕ نەکەنە پێوەری ژیانیان، بەڵکوو لای ئەوان خۆشەویستی و متمانە زۆر گرنگترە، ئەو کچانە کە ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەیان لە کۆمەڵگادا زیاتر بووە، پێیان وایە هاوسەرگیریی سەرکەوتوو بە خۆشەویستی دروست دەبێت، نەک بە پارە و زێڕی زۆر، هەربۆیەش بۆ پرۆسەی هاوسەرگیریی خۆیان نایانەوێت گیرفانی هاوسەرەکانیان خاڵی بکەن لە پارە، بەڵکوو چاویان لەوەیە بە خۆشەویستییەوە ماڵێکی جوان بۆ ژیانیان بنیاد بنێن.

زۆر لام ئاساییە تەنیا بە ئەڵقەیەک هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک بکەم
بەنان فارووق، ئەو کچەی کە پێی وایە پارە و زێڕ پێوەر نییە بۆ هاوسەرگیریی سەرکەوتوو، بۆ (باسنیوز) گوتی: لە زۆربەی وڵاتاندا هاوسەرگیری بەبێ زێڕ زۆر ئاساییە، بەڵام بە پێچەوانەی وڵاتانەوە تاوەکوو ئێستاش لە هەرێمی کوردستان هاوسەرگیری بەبێ زێڕ شتێکی نامۆیە و هەرکەسێکیش بەبێ زێڕ هاوسەرگیری بکات بە چاوێکی کەم سەیری دەکرێت، خەڵکی دەڵێن عەیبێکی هەبووە بۆیە ڕازی بووە بەوە و شتێک لە پشت ئەوەوەیە، ئەمەش بۆ ناڕۆشنبیریی خەڵک دەگەڕێتەوە، بە ڕای من خۆشەویستی لە پارە گرنگترە، پارە دڵخۆشی ناهێنێت، بەڵکوو خۆشەویستی، دڵخۆشی دەهێنێت، هاوسەرگیری بە خۆشەویستی باشترە وەکوو لەوەی کەسەکە نەناسیت و لەپێناوی پارەدا هاوسەرگیریی لەگەڵدا بکەیت، ئەگەر کەسەکە لە توانایدا نەبوو زێڕ دابین بکات زۆر ئاساییە داوای زێڕ نەکەیت و هاوسەرگیری بکەیت، چەندین نموونەش هەیە کە کچ هاوسەرگیریی لەگەڵ کەسێکدا کردووە بە قورئانێک، یاخود ئەڵقەیەک، لەبەر ئەوەی دڵخۆشیی لا گرنگتر بووە، هەندێ کەس دەڵێن خۆشەویستی سکت تێر ناکات، بەڵام وا نییە، ئەگەر یەکتریان خۆش بووێت، دەتوانن بەسەر هەموو شتێکدا زاڵ ببن و هەوڵی دابینکردنی ژیانێکی باشتر بدەن، خۆشبەختانە ئێستا لە کۆمەڵگادا بیرکردنەوەی وەکوو من بەرەو زیادبوونە کە پێی وایە ئەگەر کچێک داوای پارە و زێڕ بکات، جۆرێک لە خۆفرۆشتنە.

هاوسەرگیرییەکی سەرکەوتوو بە خۆشەویستییە، یان بە پارە؟
دیلان مزەفەر،خانمه‌ ڕاگه‌یاندكار، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا باسی لە پرۆسەی هاوسەرگیری کرد و بۆ (باسنیوز) گوتی: بێگومان کاتێک ئەو هاوسەرگیرییە بە دڵی خۆت بێت، زێڕ نابێت بە پێوەر، بەڵام ھەر شتێکی کەمیش بتوانێت ئاساییە، بێگومان پارە گرنگە و ھەموان ھەوڵی بۆ دەدەین، بەڵام لای من هاوسەرگیرییەکی سەرکەوتوو گرنگترە لە زێڕ و پارە، ھیوادارم ھەموو کچان لەوە تێ بگەن زۆربوونی پاره‌ و زێڕ ھۆکار نییە بۆ خۆشبەختیی نێوان دوو کەس.

ھەندێ بنەمای زۆر ناسەرەکی کراون بە بنەمای سەرەکیی پرۆسەی هاوسەرگیری
ھەمین شێرزاد ئەحمەد، توێژەری دەروونی و کۆمەڵایەتی، سەبارەت بە پرۆسەی هاوسەرگیری و هەڵبژاردنی کچان بۆ خۆشەویستی نەوەکوو پارە، بە (باسنیوز)ی ڕایگەیاند: ئەگەر بێین باس لەو پرۆسەیە بکەین وەکوو کۆمەڵگای خۆمان و ئەو بنەمایانەی کەوا ئەو پرۆسەیەی لەسەر بنیاد دەنرێت، دەتوانین بڵێین تا ڕادەیەک جیاوازیی زۆرە لەگەڵ کولتوور و داب و نەریتی کۆمەڵگاکانی دیکە، بەداخەوە کە ھەندێ بنەمای زۆر ناسەرەکی دانراون و کراون بە سەرەکی بۆ بنیادی پرۆسەی هاوسەرگیری، بۆ نموونە داواکردنی ڕێژەیەکی بەرزی مارەیی لەلایەن ڕەگەزی ''مێ''وە لە ڕەگەزی ''نێر''، داواکردنی ماڵی جیا، زێڕی زۆر و ھەندێ شتی تر، ڕاستە مارەیی، مافێکی شەرعیی ھەموو ئافرەتێکە، بەڵام بەگوێرەی توانای ڕەگەزی بەرامبەر، چونکە ناکرێت ئەمانە بکرێنە پێوەری بەختەوەری لە پرۆسەکەدا.

گوتیشی: دەتوانین ھەبوونی ئەو بنەمایانە لە کۆمەڵگای خۆمان بگەڕێنینەوە بۆ چەند ھۆکارێک؛ یەکەمیان نەبوونی متمانەیەکی بەھێز لەنێوان ھەردوو لایەنی پەیوەندییەکەدا، بۆیە لە سەرەتادا کچە دەڵێت داوای مارەیی زۆر بکە بۆ ئەوەی ئەگەر لە داھاتوودا کوڕە ویستی جیا بێتەوە، نەتوانێت، یان زەرەری لێ بدات، دووەمیان دیاریکردنی پێوەری ڕێزی ڕەگەزی مێ بەو بڕە زێڕەی کە داوای دەکات، لەبەر ئەوە خەڵکی دەڵێن ئەگەر داوای زێڕی زۆر نەکەیت، ڕێزی زۆرت نابێت لای ھاوسەرەکەت، هەروەها نەبوونی ئازادییەک لای ڕەگەزی مێ کە نەتوانێت خۆی مارەیی خۆی دیاری بکات، زۆر جار خێزانەکەی تێکەڵ دەبن و داوای بڕی زیاتر دەکەن.

ئەم توێژەرە زیاتر لەسەر ئەو پرسە قسەی کرد و گوتی: ئەمانە و چەندان ھۆکاری تر ھەن کە بەداخەوە بوونەتە بنەمای سەرەکی بۆ پرۆسەکە، لە ھەمان کاتدا دەتوانین بڵێین بەربەستیشن لەبەردەم ئەم پرۆسەیەدا و بارگرانییەکی زۆریشە لەسەر ڕەگەزی نێر بەو پێیەی کە داب و نەریتی کۆمەڵگاکە بەو شێوەیەی کە ڕەگەزی نێر ئەرکی دەکەوێتە سەر وەکوو لایەنی ماددی، بۆیە ھیوادارین کچان و کوڕانی کۆمەڵگاکەمان پێش ئەوەی بچنە نێو ئەم پرۆسەیەوە، لە بنەما سەرەکییەکانی ئەم پرۆسەیە تێ بگەن و لەسەر بنەمای ڕێز و لێکتێگەیشتن و ڕێز و متمانە و خۆشەویستی بۆ یەکتر بڕیار بدەن، چونکە ئەمانە بنەمان بۆ بەختەوەری، نەک زێڕی زۆر و ماڵی جیا و شتی لاوەکیی دیکە.