حکوومەتی عێراق: مووچە بە هەشت ملیۆن کەس دەدرێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

حکوومەتی عێراق: مووچە بە هەشت ملیۆن کەس دەدرێ

بەپێی راپۆرتێک، ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق زیاترە لە ژمارەی فەرمانبەرانی چین و ئەمریكا، ساڵانە پێنج ملیار دۆلار مووچە و دەرماڵەیان پێویستە. حکوومەتی عێراقیش دەڵێت، مووچە بە هەشت ملیۆن کەس دەدرێت. 

ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی لەندەنی بڵاوی کردووەتەوە، ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق زیاترە لە ژمارەی فەرمانبەرانی وڵاتانی زلهێزی وەكوو چین و ویلایه‌تە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ساڵانە پێنج ملیار دۆلار مووچە و دەرماڵەیان پێویستە.  

 ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەش داوە، عێراق سەرباری ئەوەی بودجەی ساڵانەی 100 ملیار دۆلارە، كەچی قەیرانی بێكاریی هەیە، ئەوەش هاتووە: "بەهۆی لێشاوی دامەزراندنی حزبی و فەرامۆشكردنی كەرتی تایبەت و پەرەپێدان، ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق زیاترە لە ژمارەی فەرمانبەرانی وڵاتی چین و ئەمەریكا و ساڵانە پێویستیان بە زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار مووچە و كرێ و خەرجی هەیە". 

مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی و ئابووری رایگەیاند: "ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق سێ ملیۆن فەرمانبەرە، بەڵام نزیکەی یەک ملیۆن کارمەندی کۆمپانیاکانی دەوڵەتیش هەن، لەگەڵ کرێکارانی رۆژانە و وانەبێژان و پاسەوانان و کەسانی دیکە، هاوکات نزیکەی سێ ملیۆن و 250 هەزار خانەنشینکراو لە عێراقدا هەن، کە لەگەڵ مووچەخۆرانی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی ژمارەیان بە تێکڕا دەگاتە هەشت ملیۆن مووچەخۆر".

ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی چاپی لەندەن باس لەوەش دەكات، بەهۆی شكستی حزبەكان و فەرامۆشكردنی كەرتی تایبەتەوە، رێژەی بێكاری زیاترە لە 40% لەناو گەنجان و هێڵی هەژاریی بەرزترە لە 30%، ئەمە لەكاتێكدا، لەدوای 2003وە تا ئێستا بایی ترلیۆنێك و 200 ملیار دۆلار نەوت فرۆشراوە، جگە لە كۆمەكی دەرەكی. 

بەپێی هەندێك داتای وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی فەرمانبەران لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا، بە رێژەیەكی چەند هێندە بەرز كراوەتەوە، بەجۆرێك، لە پرۆسەی ئازادیی عێراقدا لە ساڵی 2003 حكوومەتی عێراق تەنیا 750 هەزار فەرمانبەری هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ نزیکی چوار ملیۆن فەرمانبەر بەرز كراوەتەوە.

وەزیری پلاندانانی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا، دان بە بوونی ژمارەیەکی زۆر بندیواردا دەنێت لە وەزارەتەكانی حكوومەتی عێراق و دەڵێت: “سەرژمێریی بایۆمەتری بۆ فەرمانبەران ئەنجام دەدەین، چونكە بە دیاریكراویی نازانرێت ژمارەی ڕاستەقینەی فەرمانبەران چەندە، لەكاتێكدا لە هەندێك وەزارەتدا فەرمانبەری وەهمی هەیە”.

مەیادە نەجار، ئەندامی پێشووی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "لە عێراق تەنها کێشەی فەرمانبەر و مووچەخۆر نییه، بەڵکو کێشەی زۆری بندیوار و  ناوی وەهمیش هەیە و پارەیەکی زۆر بەفیڕۆ دەدرێ".