بەرپرسێکی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشکرای کرد، کۆمسیۆن خەریکی وردبینیی ناوی ئەو کەسانەیە کە ڕۆژی هەڵبژاردن کارمەندی کۆمسیۆن بوون.
ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەڵبژاردنەكانی سلێمانی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "زانیاری و ناوی ئەو مامۆستا و فەرمانبەر و دەرچووانەی زانكۆ و پەیمانگاكان كە لە ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا (10/10/2021) وەك كارمەندی كۆمسیۆن لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەشدارییان كرد بە لیست دراوەتەوە کۆمسیۆن و ئیدارە و دارایی کۆمسیۆن خەریکی وردبینی و ڕێکخستنی ناوەکانن".
لەبارەی ئەو زانیارییەی کە بڵاو کراوەتەوە و گوایە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دوای سێ مانگ لە ڕۆژی 10/1/2022 پاداشتی کارمەندانی ڕۆژی دەنگدان دابەش دەکات، ئامانج عەزیز گوتی: "بەفەرمی هیچ شتێکمان لە کۆمسیۆن بۆ نەهاتووە، چونکە لە عێراق زیاتر لە 300 هەزار کارمەندی کۆمسیۆن بۆ ڕۆژی دەنگدان هەبوو کە فەرمانبەری دەوڵەت و کەسانی دانەمەزراویشی تێدایه، بۆیه پڕۆسەی وردبینی لە کۆمسیۆن کاتی پێویستە و ئێمە چاوەڕوانی کۆمسیۆن دەکەین، بڕیاری خەرجکردن بدات''
ئەو كارمەندانەی بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن لەگەڵ كۆمیسیۆن كاریان كرد، بەشێكیان ئەوانە بوون كە فەرمانبەری حكوومەتن و بەشێكیشیان ئەوانە بوون كە كارمەندی حكومەت نین و لە هیچ شوێنێك دانەمەزراون.
بەرپرسەکەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق گوتیشی: "ئەو كارمەندانەی كە فەرمانبەری حكوومەت نەبوون، 250 هەزار دینار وەردەگرن و ئەوانەشی كە فەرمانبەری حكوومەت بوون بڕی 150 هەزار دینار وەردەگرن، لەگەڵ پێدانی ڕێز و سوپاسێك لەلایەن حكوومەتی عیراقەوە".