ساڵی 2021 بەبڕی هەشت ملیار و 508 ملیۆن دۆلار مۆڵەت بە پڕۆژەی وەبەرهێنان دراوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ساڵی 2021 بەبڕی هەشت ملیار و 508 ملیۆن دۆلار مۆڵەت بە پڕۆژەی وەبەرهێنان دراوە

"ساڵی 2021 دووەم باشترین ساڵ بووە لە مێژووی دەستەی وەبەرھێنان"

لە ساڵی 2021 دا زۆرترین سەرمایەی وەبەرهێنان لە، پڕۆژە گەشتیاریی و کشتوکاڵییەکان بووە و ژمارەیەکی زۆری پڕۆژەی پیشەسازیش مۆڵەتیان پێدراوە.

بەپێی ئامارێکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، کە دەست (باسنیوز) کەوتووە، ئەمساڵ بەگشتی بە سەرمایەی 8 ملیار و 508 ملیۆن دۆلار مۆڵەتی کارکردن بە 68 پڕۆژەی وەبەرھێنان دراوە.

بەپێی ئامارەکە، 19 پڕۆژەی بازرگانی و 18 پڕۆژەی گەشتیاری و 15 پڕۆژەی پیشەسازی لەنێو سێکتەرە مۆڵەتدراوەکان، زۆرترین مۆڵەتیان پێ دراوە.

هەروەها پڕۆژەی کشتوکاڵی و فێرکردن و نیشتەجێبوونیش بە ڕێژەی جیاواز مۆڵەتیان وەرگرتووە.

بەپێی سەرمایەی وەبەرهێنانیش، پڕۆژە گەشتیارییەکان له پلەی یەکەم دێن، کە سەرمایەیان 6 ملیار و 994 ملیۆن دۆلارە و لە پلەی دووەمیش پڕۆژە کشتوکاڵییەکان دێن بە ملیارێک587 ملیۆن دۆلار.

بەگشتی، 6 هەزار و 285 دۆنم زەوی بۆ پڕۆژە موڵەتدراوەکانی 2021 دابین کراوە، کە زۆرترینی بۆ پڕۆژە گەشتیارییەکان بووە.

د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی کودستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ساڵی 2021 دووەم باشترین ساڵ بووە لە مێژووی دەستەی وەبەرھێنان و پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی مۆڵەتیان پێ دراوە".

بەپێی ئامارەکەی دەستەی وەبەرهێنان بۆ ساڵی 2021، زۆرترین مۆڵەتی وەبەرهێنان و زۆرترین سەرمایه له هەولێر بووە.

لای خۆیەوە موخلیس سەلیم، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕیی دەستەی وەبەرھێنان، رایگەیاند: "ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەی وەبەرهێنان لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا پەسەند کراون، بەڵام ھێشتا قۆناغی دیکەیان ماوە، بۆ ئەوەی بگەنە ئاستی پێدانی مۆڵەت، ئەمساڵیش مۆڵەت بە زیاتر لە 68 پڕۆژەی وەبەرھێنان دراوە".

بەرپرسەکەی وەبەرھێنان گوتیشی: "ئەو پڕۆژانەی ئەمساڵ مۆڵەتیان پێ دراوە، زیاتر پڕۆژەی پیشەسازین و ئەوانی دیکەش جۆراوجۆرن، مەرج نییە ئەوەی یەکسەر مۆڵەتی پێ درا دەست بە کار بکات، بەڵام بە چەند قۆناغێک کارەکان بەڕێوە دەچن".

موخلیس سەلیم ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "سەرقاڵی ئامادەکاریین بۆ پلانی ساڵی 2022، دەستەی وەرەھێنانیش بەردەوام دەبێت لەسەر کارەکانی بۆ ئەوەی زۆرترین کار لە کەرتی وەبەرھێناندا بکرێت".