كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
بەرهەم عەلی 29/12/2021

هەمووتان درۆ دەكەن!

كە سەیری هەڵوێستەكانی رابردوویان دەكەم، بەتەواوی بۆم مەعلووم دەبێ كە هەموویان درۆ دەكەن، هەر هەموو ئەو پەرلەمانتارانەی (یەكێتی و گۆڕان و نەوەی نوێ و ئیسلامیەكان بە كۆمەڵ و یەكگرتوویانەوە)، بەوانەشەوە كە بایەخ بە قسە و لێدوان و پەیامەكانیان دەدەن، هەموو ئەو بەناو (چالاكوان و سیاسی و نووسەر و چاودێران!)ەش درۆ دەكەن كاتێ وای پیشانی خەڵك دەدەن كە ئەمان (ئینساندۆستانە و خەمخۆرانە!) باس لە قوربانیان و زیان لێكەوتوانی دوو لافاوەكەی هەولێر دەكەن و فرمێسكی درۆیینەیان بۆ دەڕێژن، رووخساریان پڕیەتی لە ساختە، فرمێسكەكانیان فوولە لە سواڵی دەنگ و رەفتاری نماییشی و موزایەدە، قسەكانیان تژیە لە رق و كینەی سیاسی.

بۆیە دەڵێم: هەزاری وەكوو ئێوە بەقوربانی ئەو كرێكار و شۆفێری گرێدەر و حەفارە و شۆفڵانە بن كە بەم سەرما و زستانە، قوڕ و لیتەی ئاسەواری لافاوەكەی هەولێر لادەبن و شەقام و كۆڵان و ماڵان خاوێن دەكەنەوە، ئەوان بە كەمترین مووچە، گەورەترین خزمەت بە خاك و خەڵكی خۆیان دەكەن، ئێوەش بە زۆرترین مووچە و پارەی گەندەڵی و دابەستەیی، بچووكترین خزمەتتان بە خەڵك و خاكی كوردستان نەكردووە.

ئەوان، هەر هەموویان درۆ دەكەن كاتێ باسی كارەساتی گیانلەدەستانی خێزانەكەی گوندەكەی ئاكرێ دەكەن كە بەهۆی گازی خەڵووزەوە خنكان، هەر هەموویان درۆ دەكەن كاتێ باسی ئەو سێ برایە و ئەو پێشمەرگە و هاووڵاتیە مەدەنیانە دەكەن كە لە گوندی (خدرجیجە)ی بناری قەرەچووخ لە شەوێكدا داعش شەهیدی كردن، هەر هەموویان درۆ دەكەن كاتێ باسی موعاناتی ئەو خێزانە كوردە گیرخواردووانەی سەر سنووری (بیلاڕووس - پۆڵەندا) دەكەن، هەر هەموویان درۆ دەكەن كاتێ باسی قوربانیانی رووداوەكانی هاتوچۆ دەكەن، هەر هەموویان درۆ دەكەن كاتێ باسی منداڵەكانی تاوانبارە حوكمدراوەكانی بادینان دەكەن، فرمێسكەكانیان كە لەبەردەم مایكی تی ڤیەكان دەێڕێژن، پڕیەتی لە خەباسەت و درۆ و ساختە و موزایەدە، ئەوان نە مرۆڤدۆستن، نە كوردپەروەرن، نە دڵسۆزی خەڵك و خاكی كوردستانن، نە لە خەمی ئێستا و ئاییندەی نیشتماندان، تەنیا لە سواڵی دەنگ و كورسی و پلە و پۆستی خۆیاندان.

بۆیە هەر جارێك لە هەر میدیایەكەوە ئەو بەشەرانە! دەبینم، لەبەرخۆمەوە دەڵێم: ”یەك هەزار مشەخۆری وەكوو ئێوە، بەقوربانی قوڕی بەر پێی یەك پێشمەرگە بێت كە بەم سەرما و تەمتومان و باوبۆرانە، لە سەنگەرەكانی هێڵی تەماس، بەرگری لە خاك و خەڵكی كوردستان دەكات“.

خوێنەرانی هێژا، بۆ ئەوەی ئێوەی بەڕێزیش وەك من بگەنە قەناعەت و بڕوای تەواو كە ئەوانەی لە سەرەتای ئەم وتارەدا ناوم هێنان هەر هەموویان درۆ دەكەن، تكایە هەمووتان رۆژانی شەڕی داعش و خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر و داستانەكانی پردێ و سحێلا، لەنێوان (٢٠١٤ تا كۆتایی ٢٠١٧) وەبیر خۆتان بهێننەوە، مێژوویەكی زۆر دوور نیە، لە یادگەی هەمووماندا ماوە، جا كە ئەو رووداوانەتان وەبیر هاتەوە، ئەم پرسیارانە لە خۆتان بكەن:

- ئەرێ كاتێ هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بە درێژایی ١١٠٠ كیلۆمەتر، بەرەی شەڕی بەرگریی لە خاك و خەڵكی كوردستان كردبووەوە، ئەو دەمەی بەغدا بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیبوو، ئەو كاتانەی حكوومەتی عێراق یەك فیشەك و یەك دیناری بودجەی نەدەدا بە پێشمەرگە، ئەم گەجەر و گوجەرانەی كە ئێستا وەك خەمخۆری خەڵكی كوردستان، لەپشت مایكەكان و لە سۆشیال میدیاوە دەدوێن، ئەودەم لە كوێ بوون؟ من پێتان دەڵێم: ئەودەم ئەمانە هەموویان لەنێو ئاژاوەی (بەناو خۆپیشاندان)دا بوون بۆ مووچە و لەوێوە هاواریان دەكرد: ”پێشمەرگە كۆیلە و میلیشیایە!“، بۆیە ناچارم دیسان بڵێم: هەر هەمووتان، بەو مووچە چەندین ملیۆنیەشەوە كە ساڵانێكە مفت لە حكوومەتی هەرێمی وەردەگرن، بە قوربانی دەست و هەستی ئەو ژن و ماڵ و ماڵباتانە بن كە لە رۆژگاری شەڕی داعشدا، كولێرە و نانساجی و خواردنیان بۆ پێشمەرگە دروست دەكرد و دەیانگەیاندە بەرەكانی شەڕ.

- ئەرێ ئەو ساڵانەی شەڕی داعش، كە رۆژانە تەرمی پیرۆزی چەندین پێشمەرگەی قارەمان دەهاتەوە بۆ شار و شارۆچكە و گوندەكانی كوردستان و زۆربەی مزگەوتەكانی كوردستان و دەواری نێو كۆڵانەكان، پرسەی شەهیدانی پێشمەرگەی تێدا بەڕێوە دەچوو، ئەم پەرلەمانتێر و گەجەر و گوجەر و سیاسی و كەمپینچی و چالاكوان و نووسەرانە! لە كوێ بوون؟ كامیان رۆژێك لە رۆژان سەردانی پرسەی پێشمەرگەیەكیان كرد؟ كامیان رۆژێك لە رۆژان لەنێو خانەوادەی پێشمەرگەیەكی شەهیددا دەستیان بە سەری منداڵێكی ئەو شەهیدانەدا هێنا؟ ئایا ئەو پێشمەرگانە كورد نەبوون و رۆڵەی ئەم كوردستانە نەبوون؟ ئایا ئەو منداڵانە كچ و كوڕی ئەم وڵاتە نەبوون؟ ئەی ئێستا كە باس لە قوربانیانی لافاو و گازی خەڵووز دەكەن و بۆیان دەگریێن! ئەو دەمە ئەم ژن و پیاوە دلسۆز و میهرەبان و دڵناسكانە! لە كوێ بوون؟ من پێتان دەڵێم، ئەوان لە كەیف و سەفای خۆیان بوون، بەیانیان لە خۆپیشاندان! بوون و ئێوارە لە ڤیلا گەشتیارییەكانیان بوون لە سیتەك و مێرگەپان.

- ئەرێ ئەو دەمەی نزیكەی ٢،٥ ملیۆن ئاوارە و پەنابەر روویان لە كوردستان كردبوو، ئەم (مرۆڤدۆستانە!) كامیان دەستی تێی چوو، بە یەك هەزار دینار یان یەك قوتوو شیر یان یەك كێس ئاو یان یەك بەتانی، كۆمەكی ماڵە ئاوارەیەك بكات؟ جگە لە قسەی زل و موزایەدەی درۆ، كامیانتان بینی یەك هەڵوێستی جوامێرانە بۆ كۆمەكی ئەو هەزاران خێزانە كوردە ئێزدییە بكات كە لە ئەنجامی هێرشی داعش رووبەڕووی جینۆساید و ئاوارەیی بوونەوە؟ ئەرێ ئەمانەی قسەی زل دەكەن، كامیان دینارێك كۆمەكی بەخشی بە قوربانیانی دوو لافاوەكەی هەولێر؟

- پرسیارێكی تر: ئەمانە زۆر باسی قوربانیانی بەلەمە نغرۆبووەكانی كەناراوی ئینگلاند و ئیجە دەكەن، بەڵام ئەگەر سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەركی هێنانەوەی تەرمەكانی نەگرتایەتە ئەستۆ، تۆ قەبری ئاژدادتان ئەو گەجەر و گوجەرانە كامیان هێندە مەرد دەبوون، كە ١٠ دۆلار وەك كۆمەك بدات بۆ گێڕانەوەی تەرمی ئەو هاوزمان و هاونیشتیمانیانەیان؟

بۆیە هەر جارێك لە هەر شوێنێك خۆیان یان قسە و پەیامی ئەم جۆرە موزایەدەچییانە دەبینم و دەبیستم، لەبەرخۆمەوە دەڵێم: ”یەك هەزاری وەكوو ئێوە، بەقوربانی خۆڵی سەر گۆڕی ئەو ئەفسەرەی پۆلیسی سلێمانی بێت، كە لە كاتی جێبەجێكردنی ئەركی فەرمیی سەرشانی خۆیدا، لەلایەن چەند تاوانبارێكەوە تەقەی لێ كرا و شەهید بوو، هەمووتان بەقوربانی یەك دڵۆپ لە فرمێسكەكانی باوكە ریشسپیە بەتەمەنەكەی ئەو ئەفسەرە بن كە لە سەرقەبران رشتی“.