کچان خۆیان لەناو سناپ چاتدا ون کردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

کچان خۆیان لەناو سناپ چاتدا ون کردووە

توێژەرێکی کۆمەڵایەتی: دوورکەوتنەوە لە واقع مرۆڤی وەکوو ئامێر لێکردووە

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەریەکەیان کاریگەریی خۆی بەسەر تاکی ئەم سەردەمەدا هەیە، بەڵام سناپ چات زیاتر کچانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و وەکو توێژەران ئاماژەی بۆ دەکەن، لەناویدا ون بوون، کە ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر ژیانی واقعییان هەبووە و رووبەڕووی کێشە و گرفتی خێزانی و کۆمەڵایەتی کردوونەتەوە.

“وێنەکانم زۆربەی کات بە سناپ دەگرم”

سازان ئەحمەد، کچێکی گەنجە و ماوەی دوو ساڵە وەکوو خۆی دەڵێت، ئەپی سناپی لەسەر مۆبایلەکەی داناوە، بۆ (باسنیوز) گوتی: “من ماوی دوو ساڵە سناپ بەکار دێنم، ڕۆژانە دوو سەعات یان زیاتر، جارى وا هەیە دەگات بە سێ كاتژمێر، لەلام بووە بەخوو و ناتوانم دەستبەرداری بم، وێنەکانم زۆربەی کات بە سناپ دەگرم، بەڵام منیش تێبینیی ئەوەم کردووە، کە خەڵکێکی زۆر لە سناپ هەموو شتە خێزانییەکانی ناو ژیانی بڵاو دەکاتەوە، بە تایبەتی سفرە و خوانەکانیان، ئەوە کارێکی جوان نییە، چونکە لەوانەیە ئەوەی تۆ بڵاوی دەکەیتەوە، هەموو کەس نەتوانێ ئەو سفرە و خوانە ئامادە بکات، هیوادارم ئەم دیاردەیە نەمێنێت”.

“کوڕانیش بەشێوەی کەمتر، بەکارهێنەری سناپن”

هیمداد حاجی حوسێن، گەنجێکی بەکارهێنەری سناپە، سەبارەت بەو پرسە بۆ (باسنیوز) گوتی: “تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ساڵانێکی زۆرە لە کوردستان بەکار دەهێنرێن، لەسەر کەسەکان وەستاوەتەوە، هەیە بە باشی بەکاری دێنێت و هەیە بە خراپ، سناپچاتیش هەر بەو شێوەیەیە، بەڵام زیاتر کچان بەکارهێنەرین و وێنەی خۆیانی تیادا دەگرن و بڵاوی دەکەنەوە، کە زۆرجار وەکوو بیستوومانە، کێشەی گەورەی خێزانیی هەبووە، وێنەکان لەلایەن خەڵکانێکەوە لەبەر یانگیراوەتەوە و لە دژی کچان و ئافرەتان بەکار هێنراون و دەستکاریی کراون”.

ئەو گەنجە، گوتیشی: “خاڵێکی گرنگ ئەوەیە، دەبێت ئافرەتان بزانن هاوڕێکانیان کێن؟، نابێت لە خۆیانەوە خەڵک وەربگرن و هەموو ژیانی تایبەتی خۆیان تیایدا بخەنە ڕوو”.

“کچان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە خەیاڵدا دەژین و لە واقع دوورن”

کوردە باپیر، توێژەری کۆمەڵایەتی، سەبارەت بە پرسی بەکارهێنانی سناپ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاند: “بەشێوەیەکی گشتی، تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییەکی زۆریان ھەیە لەسەر تاک و خێزان و کۆمەڵگا، لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا، ئەوەی تێبینی دەکرێت، کچان زیاتر لەناو سناپ چاتدا خۆیان ون کردووە و لە واقع دوورکەوتوونەتەوە و وەکو ئامێریان لێهاتووە”.

گوتیشی: “تاک بووەتە چاولێکەر و بەردەوام بەدوای ئەوانی دیکەوەیە، کە چی دەکەن، چی دەخۆن، چی دەپۆشن، لای زۆرینەی ھەرزۆری تاکەکان تایبەتمەندیی کەسی نەماوە و بوونەتە گشتی، ھەر لە ماڵ و کەلوپەل و خواردن و جلوبەرگ و ھەموو ئەو شتانەی ڕۆژانە بەکاری دێنین، بگرە ژووری نووستنیش تایبەتمەندیی کەسیی لەدەست داوە و بووەتە گشتی و تاکەکان پیشانی یەکتری دەدەن، بەشێوەیەک، بۆ واقع ناژین، بۆ شۆكکردنی یەکتر دەژین”.

ئەم توێژەرە زیاتر روونی کردەوە، ھەر بەھۆی سناپ چاتەوە، دۆخی دەروونیی بەشێکی زۆری خەڵکی ئاڵوودە بووە، بەتایبەت کچان، کە ئەوەش وایکردووە لەلایەک تاکەکە بۆ خۆی نەژی، کە دەچێتە سەیران، سەردانی ماڵان، چوونە چێشتخانەکان، هەر بۆ ئەوەیەتی سناپی بکات و پیشانی هاوڕێکانی بدات، جگە لەوەش، متمانەی بەخۆی نەماوە و ڕازی نیییە بەو شێوە سروشتییەی کە هەیەتی، کار گەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی، کە بەشێک لە کچان داوا لە پزیشکانی جوانکاری دەکەن، کە شێوەیان وەکو ئەوە بێت، کە بە فلتەرەکان وێنەیان گرتووە، گوتی: “بەداخەوە تاک ئەوەندەی حەز دەکات لە تۆڕەکان دەرکەوێت، نیو ئەوەندە حەزی بە واقیع نییە و خۆی لێ دەشارێتەوە، باشترە فلتەرکانی سناپ ھێند بەکارنەھێنرێن، کە کار بگات بەوەی سروشتی خۆمان قبووڵ نەبێت”.