رۆژنامەنووسێکی کورد لە یۆنان دوایین زانیاری لەبارەی بەلەمە تێکشکاوەکەی دەریای ئیجە (دەریای نێیوان تورکیا و یۆنان)، بڵاو دەکاتەوە.
پشتیوان جاف، رۆژنامەنووسی کورد لە یۆنان لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، رایگەیاندووە: بەلەمەکە لە دەریای ئیجە لە نزیک دوورگەی (Folegandros) تێک شکاوە و تەنیا 12 کۆچبەر رزگار کراون.
هەروەک ئەو رۆژنامەنووسە بڵاوی کردووەتەوە، بەشێک لەو کۆچبەرانەی رزگار کراون بە پۆلیسیان گوتووە 35 کەس بوون و بەشێکیشیان گوتویانە 50 کەس بوون.
پشتیوان جاف ئاماژەی بەوەش کردووە، بەلەمەکە بەهۆی لەکار کەوتنی ماۆڕەکەی ژێر ئاو کەوتووە و تا ئێستاش تەنیا یەک تەرم دۆزراوەتەوە.
کۆچبەرە رزگارکراوەکان حەوت کەسیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن (پێج پیاو، ژنێک و منداڵێک) و سێ کەسیان خەڵکی سووریان و دوو کەسیشیان میسرین.