كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
تەحسین وسو عەبدوڵڵا 15/12/2021

مالیکی و سەدر... دوو جەمسەری دژبەیەک لەنێو ماڵی عەرەبی شیعەدا

لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2007، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و میلیشیاکانی سەربە ڕەوتی سەدر لە بەرامبەر یەکتردا کەوتنە شەڕ و پێکدادانی چەکداری، ئەگەرچی ئەو شەڕە لەلایەن سەرۆک وەزیران و سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی ئەوکات نووری مالیکی، لە هەمبەر میلیشیاکان بە ناوی سەپاندنی یاساوە دەستی پێکرد، بەڵام لە واقیعدا بەشێک بوو لە دەرهاوێشتەی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی نێو ماڵی عەرەبی شیعە لە عێراق.

لەبەرئەوەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەوکات نووری مالیکی بوو، لایەنە بەرهەڵستکارەکانیش فەرمانیان لە موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر وەردەگرت. لە شەڕ و پێکدادانەکاندا کوژراو و برینداری زۆری لێ کەوتەوە، دواتر بارودۆخەکە سەری کێشا بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتێکی گەورەی ڕەشبگیری لە دژی سەدرییەکان، لەلایەن هێزەکانی سەر بە حکوومەتەوە. سەرەنجامی ئەو بارودۆخەش، بە کشانەوەی سەدرییەکان لە هاوپەیمانێتیی شیعەکان کۆتایی هات. ئەو گرژی و ناکۆکییەش تا ئێستا لەنێوان مالیکی و سەدر، وەک دوو جەمسەری خاوەن هەژموون و پێگە، بەردەوامە، بە جۆرێک، هەر یەکەیان خاوەنی ڕوانگەی جیاوازن بۆ پرسەکان و پڕۆسەی سیاسی لە عێراق.

هەوڵی زۆر دراوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان، بەڵام تا ئێستا سەرجەم هەوڵەکان شکستیان هێناوە، پێشناچێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بەستەڵەکی پەیوەندیی نێوان ئەم دوو جەمسەرە بەئاسانی بتوێتەوە.
ڕۆژی 2ی کانوونی یەکەمی 2021، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، لە ماڵی خۆی لە بەغدا، لایەنە کۆک و ناکۆکەکانی نێو پێکهاتەی عەرەبی شیعەی، لەسەر چۆنیەتیی پێکهێنان و میکانزمی دروستکردنی حکوومەتی داهاتووی عێراق کۆ کردەوە، بە دیاریکراوی ئەو کۆبوونەوەیە لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و سەدردا بوو، ئەگەرچی هەر لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا، سەدر ئامادە نەبوو سڵاو لە مالیکی بکات و لەتەنیشتیشییەوە دابنیشێت. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەش، چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەیاننامەیەکدا شەش خاڵیان خستە ڕوو، کە ئەمانەن:

یەکەم: وەرگرتنی ڕێکار و میکانزمی کردەیی پێویست، بۆ وەستانەوە لە بەرامبەر دیاردەی گەندەڵی، لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران و ڕاگرتنی بەهەدەردانی موڵک و ماڵی گشتی.
دووەم: جەختکردنەوە لەسەر دەرچوونی هێزە بیانییەکان لەناو خاکی عێراق، بەپێی خشتەی زەمەنیی دیاریکراو.
سێیەم: پارێزگاریکردن لە حەشدی شەعبی و پاڵپشتیکردنی وەک پێکهاتەیەکی سەرەکیی سیستەمی بەرگری و پاراستنی ئاسایش و ئەمنییەتی دەوڵەتی عێراق.

چوارەم: بەتاوانناساندنی ئاساییکردنەوەی هەر پەیوەندییەک لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل.
پێنجەم: پەرەپێدان بە کاری هاوبەش لەپێناو پاراستنی بنەما جێگیرەکانی گەلی عێراق.
شەشەم: کارکردن لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووریی ئەو ناوچانەی، کە لە دەرەنجامی جەنگ و ململانێیەکاندا بەرەوڕووی وێرانکاری و لەناوچوون بوونەوە.

لەدوای ئەو بەیاننامەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە ڕێگەی تویتێکی تەنیا پێنج وشەییدا بەم شێوەیە وەڵامی بەیاننامەکەی دایەوە: "لا شرقية و لا غربية، حكومة – اغلبية وطنية". واتە "نە حکومەتی ڕۆژهەڵاتی نە ڕۆژئاوایی، بەڵکوو حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی"، سەدر لە ڕێگەی ئەو تویتەوە، ئامانجی سەرەکیی چوارچێوەی هەماهەنگیی لە کۆبوونەوەکەی 2ی کانوونی یەکەمی بەتاڵ کردەوە.

کەواتە لێرەدا ئەوەی جێگەی سەرنجە، خۆی لە دوو ڕووانگەی جیاواز لەنێوان لایەنە عەرەبە شیعەکان بۆ داهاتووی پڕۆسەی سیاسی و میکانزمی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق دەبینێتەوە، یەکەمیان ڕوانگەی سەدرە بۆ پڕۆسەی سیاسی و پێکهێنانی حکوومەت، سەدر پاڵپشتی لەوە دەکات، کە نابێت ئەوانەی پێشووتر دەسەڵاتدار بوون و سەرچاوەی سەرەکیی نەهامەتی و وێرانکارییەکان بوونە، کە مالیکی فیگەرێکی سەرەکیی ئەم بارودۆخەیە، ببنەوە بە دەسەڵاتدار، هەروەها سەدر لەگەڵ پێکهێنانی حکوومەتی تەوافوقیدا نییە، بەڵکوو پێداگری دەکات لەسەر دروستکردنی حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی.

دووەمیان، ڕوانگەی چوارچێوەی هەماهەنگییە، کە مالیکی لایەنێکی سەرەکییە تێیدا و پشتگیری لە حکوومەتێکی تەوافوقی دەکەن، کە پێچەوانەی ڕوانگەی سەدرە. لە هەمان کاتیشدا بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی نێو ئەو چوارچێوەیە ئەو کەسانەن، کە لەڕابردوودا ڕاستەوخۆ بەشێک بوونە لە دەسەڵات، یانیش بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی گرووپ و میلیشیای چەکدارییەوە، وەک بەشێک لە دەسەڵات خۆیان نمایش کردووە. ئەمەش بە خاڵی جەوهەریی ناکۆکیی نێو ماڵی عەرەبی شیعە هەژمار دەکرێت، وەک ئاستەنگێک لەبەردەم پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق.

بەپێی ڕاپۆرتە شیکارییەکان و تێڕوانین و لێکدانەوەکان، ئەم ناکۆکییەی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیکی) و سەدر، وەک گرێکوێرەی سەرەکی دەبینرێت لەبەردەم پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق. لە ئەگەری پەراوێزخستنی هەر لایەنێکدا لە پێکهێنانی حکوومەت، ئەوا ئەو لایەنە دەتوانێت گرفت و قەیران دروست بکات، بە جۆرێک، کە لەوانەیە پڕۆسەی سیاسی دووچاری ئیفلیجیی سیاسی بکات و ئاستی ناکۆکییەکان دووبارە بگەڕێنەوە حاڵەتی پێشووتر، کە خۆی لە پێکدادانی چەکداریدا بینییەوە. چونکە هەردوو لایەن خاوەن هێزی چەکدارین و ئەگەری پێکدادان لەنێوانیاندا هەیە.